له‌ كه‌شوهه‌وای جه‌نگدا چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ منداڵ بكه‌ین؟


وێستگه‌نیوز-
له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا، له‌سایه‌ی په‌لاماردانی حه‌ماس بۆ ئیسرائیل و بۆردومانی چڕی ئیسرائیل بۆ كه‌رتی غه‌ززه‌ و په‌لهاویشتنی بۆ سنوری لوبنان، زۆرێك له‌ منداڵانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌ كه‌شێكی ئاڵۆزو نیگه‌راندا ده‌ژین و ترسیان له‌وه‌ هه‌یه‌ ململانێكه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل زیاتر روو له‌ هه‌ڵكشان بكات.


منداڵ رۆژانه‌ وێنه‌ی ترسناك ده‌بینن له‌وه‌ی له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ رووده‌دات و هه‌ست به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی نزیك له‌سه‌ر ژیانیان ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت گه‌لانی لوبنان خۆیان بۆ ئه‌گه‌ری جه‌نگێك ئاماده‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌وانه‌یه‌، هاوشێوه‌ی ئه‌و جه‌نگه‌ بێت له‌ مانگی ته‌موزی 2006 دژ به‌ ئیسرائیل روویدا. ئاخر به‌م دواییانه‌، زۆرێك له‌ خێزانه‌ لوبنانییه‌كان، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی باشوری وڵات، سه‌رقاڵێ ئاماده‌كردنی جانتاكان و كۆكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك كه‌لوپه‌ل و پێداویستی سه‌ره‌كی بوون، له‌ جلوبه‌رگ و پاره‌ و شتی تر‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپابوونی هه‌ر روبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی نزیك كه‌ سنوور ببڕێت، بتوانن رابكه‌ن و خۆیان ده‌رباز بكه‌ن.

له‌ نێو كه‌شوهه‌وایه‌كی له‌م جۆره‌ی پڕ له‌ شڵه‌ژان و نیگه‌رانی، منداڵ دووچاری فشاری ده‌روونی ده‌بێت و پێویسته‌ له‌سه‌ر ئێمه‌، به‌ وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ین.

 له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، ئیڤین ئه‌بو سه‌عید راوێژكاری ده‌روونی، له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ منداڵ، پشت به‌ كه‌سایه‌تی منداڵه‌كه‌ ده‌به‌ستێت و ده‌ڵێت: "هه‌ر منداڵێك به‌ گوێره‌ی هوشیاری خۆی و به‌ رێگایه‌كی دیاریكراو، كاردانه‌وه‌ی ده‌بێت. به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی، ئه‌و منداڵانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌ هه‌شت ساڵ كه‌متره‌، له‌ مانای جه‌نگ تێناگه‌ن و ناتوانن مه‌زه‌نده‌ی ده‌رئه‌نجامه‌كان بكه‌ن یان رووداوه‌كان شیبكه‌نه‌وه‌. لێره‌وه‌ پێویسته‌ له‌سه‌رمان، تا ده‌توانین دووریان بخه‌ینه‌وه‌ له‌ قسه‌كردنه‌كانمان و په‌خشی هه‌واڵه‌كان".

له‌ حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر منداڵ له‌ ماڵه‌وه‌ یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌وه‌، دیمه‌نی توندوتیژی بینی، به‌ گوێره‌ی قسه‌كانی ئه‌بو سه‌عید، له‌سه‌ر خێزانه‌كان پێویسته‌ له‌ ڕێگه‌ی: "پێدانی كه‌ره‌سته‌ی وێنه‌كردن له‌سه‌ر كاغه‌ز، منداڵه‌كان  گوزارشت له‌ خودی خۆیان و له‌و ترسانه‌ی هه‌یانه‌ بكه‌ن".

هه‌روه‌ها: "ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه‌ هه‌ر پرسیارێكی هه‌بوو، ئه‌وا ده‌كرێت تا ده‌توانین وه‌ڵامی ئاسان و ساده‌یان بده‌ینه‌وه‌. پاشان به‌ كۆمه‌ڵێ چالاكی دی سه‌رقاڵ بكرێت كه‌ بیركردنه‌وه‌یان، په‌رت و بڵاوده‌كاته‌وه‌. له‌گه‌ڵ دلنیابوون له‌وه‌ی له‌به‌رده‌م منداڵه‌كاندا، به‌ هیچ جۆرێك به‌ دوور و درێژی و به‌ ورده‌كارییه‌وه،‌ باس له‌وه‌ ناكرێت كه‌ رووده‌دات".

لای خۆیه‌وه‌ عولا خزر پسپۆڕی ده‌روونناسی كلینیكی منداڵان و راهێنه‌ری ده‌روونی، له‌ قسه‌كردنی بۆ هه‌مان رۆژنامه‌ی ناوبراو، باس له‌وه‌ ده‌كات له‌وانه‌یه‌ منداڵ، له‌ قوتابخانه‌ یان له‌ هاوڕێ و خزمه‌كانییه‌وه‌، گوێی له‌ جه‌نگی نێوان ئیسرائیل و غه‌زه‌ بێت. لێره‌دا له‌سه‌ر خێزانه‌كانیان پێویسته‌، گوێیان لێ بگرن و گوێ له‌و چیرۆكانه‌ش بگرن كه‌ له‌ هزری منداڵه‌كانیاندا جێگیر بووه‌. له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌وله‌ویه‌ت به‌ راستكردنه‌وه‌ی هه‌ر زانیارییه‌ك بده‌ن؛ كه‌ وه‌ریانگرتووه‌ و له‌وانه‌یه‌ هه‌ڵه‌ بێت یان ورد و دروست نه‌بێت.

ئایا ده‌بێت به‌كارهێنانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌لایه‌ن منداڵه‌وه‌ سنوردار بكرێت؟

له‌م باره‌یه‌وه‌ ئیڤین ئه‌بو سه‌عید، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات‌ ئه‌و منداڵانه‌ی پێگه‌كانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌كارده‌هێنن، پێویسته‌ به‌ به‌رده‌وام چاودێری بكرێن،  یان بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو ئای پاد و مۆبایله‌كانیان لێ قه‌ده‌غه‌ بكرێت و ده‌ڵێت: "ئێمه‌ له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كانداین، ده‌توانین به‌ پاساوی بوونی ئه‌ركی ماڵه‌وه‌ی خوێندن، ئه‌م ماوه‌یه‌ منداڵه‌كان له‌ پێگه‌كانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دوور بخه‌ینه‌وه‌. چونكه‌ ئێمه‌ هه‌رگیز ناتوانین كۆنترۆڵی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ئه‌وان له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، سه‌یری چی ده‌كه‌ن و چی ده‌بینن".

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات كه‌ روون و ئاشكرایه‌، دوور خستنه‌وه‌ی منداڵ، له‌ به‌كارهێنانی ئای پاد و مۆبایله‌كانیان، له‌وانه‌یه‌ ئه‌ركێكی سه‌خت بێت. به‌ڵام ده‌كرێت ئاوا دۆخه‌كه‌یان بۆ باس بكه‌ین: "ئه‌وه‌ی له‌م ماوه‌یه‌دا ده‌یبینن، زه‌ره‌ر و زیانی زۆرتان پێده‌گه‌یه‌نێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دوور ده‌كه‌وینه‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ پارێزگاریكردنه‌ له‌ ئێوه‌‌ تاكو هیچ دیمه‌نێكی توندوتیژی نه‌بینن یان هه‌واڵێك نه‌بیستن نیگه‌ران یا بێزارتان بكات".

به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ هه‌رزه‌كاره‌كان، مه‌سه‌له‌كه‌ زۆر قورس و زه‌حمه‌تتره‌، پێویسته‌ ده‌رباره‌ی رووداوه‌كان، زۆر به‌ راشكاوانه‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ین. له‌م باره‌یه‌وه‌ ئه‌بو سه‌عید ده‌ڵێت: "هه‌رزه‌كاره‌كان ئاگادارن له‌وه‌ی له‌ ده‌وروبه‌ریان رووده‌دات، له‌به‌ر ئه‌وه، پێویسته‌ له‌سه‌رمان به‌ زمانێكی روون و نا ئاڵۆز، به‌ راستی و راشكاوانه،‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كانیان بده‌ینه‌وه. بۆ نموونه‌ ده‌توانین سه‌باره‌ت به‌م جه‌نگه‌ی نێوان فه‌له‌ستین و ئیسرائیل، قسه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ین و زانیاریی زیاتریان پێبده‌ین، بێ ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی بابه‌ته‌كه‌، باس له‌ بیروڕا و هه‌ڵوێسته‌ سیاسییه‌كان بكه‌ین، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ له‌م ته‌مه‌نه‌ زووه‌ی ژیانیاندا، بیروڕاكانیان په‌رت و بڵاونه‌كه‌ینه‌وه‌".

ئه‌و راوێژكاره‌ ده‌روونییه‌، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، پێویسته‌ له‌سه‌رمان به‌ ڕووی هه‌مو پرسیاره‌كانی هه‌رزه‌كاره‌كاندا كراوه‌بین، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه‌ دڵنیابین ئه‌وان كاتێ قسه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وا هه‌ست به‌ ناخۆشی یان به‌ مه‌ترسی بارودۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

ئه‌بو سه‌عید له‌ درێژه‌ی وته‌كانیدا ده‌ڵێت: "پێویسته‌ له‌سه‌رمان باسی جه‌نگیان بۆ بكه‌ین، پێیان بڵێین له‌ جه‌نگدا چه‌ك به‌كاردێت و خه‌ڵكانێك هه‌یه‌ ژیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن. ئه‌مه‌ بێ ئه‌وه‌ی وه‌سفی ئه‌و دیمه‌نانه‌یان بۆ بكه‌ین كه‌ له‌وانه‌یه‌ خه‌یاڵیان بۆی بڕوات، وه‌ك قه‌سه‌كردن ده‌رباره‌ی ته‌رمی نێو ڕێگا و بانه‌كان یان ئه‌و منداڵانه‌ی ده‌ربه‌ده‌ربوون و بێ ماڵ و حاڵ ماونه‌ته‌وه‌. واته‌ باسی ئه‌و بابه‌تانه‌ نه‌كه‌ین كه‌ له‌ هزریاندا، دیمه‌نی ترسناك و مه‌ترسیدار دروست ده‌كات".

سه‌روه‌ختێك منداڵ دیمه‌نی توندوتیژی ده‌بینێت، له‌سه‌ر دایك و باوكان پێویسته‌، ئه‌وه‌ی روویداوه‌ ره‌تینه‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵكو له‌ رێگه‌ی به‌كارهێنانی كۆمه‌ڵێك وشه‌ یان زاراوه‌وه‌‌، جه‌نگه‌كه‌ ئاسایی بكه‌نه‌وه‌، وه‌ك "ململانێ، كێشه‌، ئالنه‌گاری، جیاوازی بیروڕا" و زۆر ده‌ربڕینی دیكه‌ كه‌ وه‌سفی توندوتیژی ناكات.

عولا خزر چاره‌سه‌ركاری ده‌روونی، له‌ به‌شێكی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت: لێره‌دا بۆ قسه‌كردن ده‌رباره‌ی غه‌زه‌، له‌سه‌ر خێزان پێویسته‌، باس له‌و لایه‌نانه‌ بكات كه‌ به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان، دووره‌ له‌ توندوتیژییه‌وه‌ و ده‌ڵێت: "خێزانه‌كان ده‌توانن قسه‌ له‌باره‌ی كۆمه‌ك و پاڵپشتیكردنی تیمی فریاگوزاری ته‌ندروستی و پزیشكه‌كان، بۆ چارسه‌ركردنی برینداره‌كان بكه‌ن. ده‌توانن بۆ پاراستنی منداڵه‌كان، باس له‌ كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان بكه‌ن، باس له‌ رۆڵی رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان له‌ یارمه‌تیدان و به‌ده‌مه‌وه‌چونی زیانلێكه‌وتوان بكه‌ن، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ منداڵه‌كان هه‌ست به‌ جۆرێك له‌ سه‌‌لامه‌تی و ئارامی ده‌روونی بكه‌ن".

له‌م بارودۆخه‌ نووستن له‌ ته‌نیشت دایك و باوك چۆن ده‌بێت؟

سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌، نیڤین ئه‌بو سه‌عید باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌و منداڵانه‌ی له‌ كه‌شوهه‌وا و هه‌لومه‌رجی جه‌نگدا ده‌ژین، هیچ هه‌ڵه‌یه‌كی تێدا نییه‌ له‌ ته‌نیشت دایك و باوكیانه‌وه‌ بخه‌ون. به‌ڵام رێنمایی دایك و باوكان ده‌كات، خۆیان له‌م كاره‌ به‌دوور بگرن و پێشنیاریان بۆ ده‌كات له‌ ژووری منداڵه‌كان له‌گه‌ڵیان بخه‌ون، پاشان هه‌ر كاتێك منداڵه‌كه‌ نووست، ژووره‌كه‌ به‌جێبهێڵن. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "پێویسته‌ منداڵ ئه‌وه‌ بزانێت ئێمه‌ هه‌میشه‌ ئاماده‌ین بۆ پاراستنیان و په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵیان و به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ له‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێكانیان ده‌ڕوانین. پێویسته‌ بۆیان روونبكه‌ینه‌وه‌ مه‌ترسییه‌كه‌ لێیانه‌وه‌ دووره‌ و ئه‌وان پێویسته‌ بیر له‌ نووستنه‌كه‌یان بكه‌نه‌وه‌.

ئه‌بو سه‌عید ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات له‌ حاڵه‌تی نووستنی منداڵ له‌ ته‌نیشت دایك و باوكییه‌وه‌، پێویسته‌ له‌سه‌ر دایك و باوك ئه‌و كاره‌ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر دیاریكراو بكه‌ن، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ منداڵ رانه‌یه‌ت له‌سه‌ر نووستن له‌گه‌ڵ ئه‌وان و نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نووستن به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و به‌ ته‌نها.

لای خۆیه‌وه‌ عولا خزر پشتگیری له‌ قسه‌كانی ئه‌بو سه‌عید ده‌كات و ده‌ڵێت: "منداڵ بۆی هه‌یه‌ شه‌وێك دوو شه‌و، لای خێزانه‌كه‌ی بخه‌وێت. به‌ڵام له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا،هه‌نگاوه‌ گرنگه‌كه‌، ئه‌وه‌یه‌ منداڵه‌كه‌ له‌ ته‌واوی ماڵه‌كه‌دا، هه‌ست به‌ سه‌لامه‌تی بكات و دایك و باوك دڵنییای بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وان هه‌رگیز به‌جێیناهێڵن و هه‌میشه‌ له‌ ته‌نیشتیدان. ئه‌ڵبه‌ته‌ دوای ترس، ئه‌و وشانه‌ی كه‌ متمانه‌ دروست ده‌كه‌نه‌وه‌، زۆر گرنگن بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ی منداڵ له‌وه‌ی تووشی تێكچوونی ده‌روونی ببێت".

له‌ كه‌شوهه‌وای جه‌نگدا چۆن بیركردنه‌وه‌ نه‌رێنییه‌كانی منداڵ بڕه‌وێنینه‌وه‌؟

عولا خزر باس له‌وه‌ ده‌كات له‌سه‌ر دایك و باوك پێویسته‌، ئاگاداری ته‌ندروستی ده‌روونی تایبه‌ت به‌ خۆیان بن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌ شێوه‌یه‌كی سروشتی، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ منداڵه‌كان بكه‌ن و ده‌ڵێت: "له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا، له‌سه‌ر دایك و باوك وا پێویسته‌، نیگه‌رانی و شڵه‌ژان نه‌گوێزنه‌وه‌ بۆ منداڵه‌كان و به‌ شێوه‌یه‌كی سروشتی و ڕۆتینی رۆژانه‌‌، له‌گه‌ڵیان بمێننه‌وه‌". جگه‌ له‌وه‌ عولا بیرۆكه‌ی به‌شداریكردنی منداڵ له‌ یارمه‌تیدانی زیانلێكه‌وتوانی جه‌نگ، ده‌خاته‌ڕوو، ئه‌گه‌رچی به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر ساده‌ش بێت، له‌وانه‌ ناردنی كۆمه‌كی ماددیی یان هه‌ر جۆره‌ یارمه‌تییه‌كی دی كه‌ له‌ به‌رده‌ستدایه‌ و له‌وباره‌یه‌وه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ منداڵه‌كان‌ بكرێت، تاكو هه‌ست به‌ ئاسوده‌یی و ئارامی بكه‌ن. به‌م جۆره‌ له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كات، ده‌كرێت ئه‌وه‌ی روویداوه‌ تێپه‌ڕێنرێت.

عولا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، قه‌سه‌كردن ده‌رباره‌ی یارمه‌تیدان و به‌ده‌مه‌وه‌چوونی زیانلێكه‌وتووان، ئارامییه‌كی ده‌روونی گه‌وره‌ به‌ منداڵ ده‌به‌خشێت و وا له‌ منداڵ ده‌كات، بێ ترس و نیگه‌رانی، بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ژیانی ئاسایی خۆی. ئه‌م چاره‌سه‌ركاره‌ ده‌روونییه‌، رێنمایی دایك و باوكان ده‌كات كاتێكی زۆرتر له‌گه‌ڵ منداڵه‌كان ببنه‌سه‌ر و له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی ماڵه‌وه‌، به‌شداریان پێبكه‌ن و بیانبه‌ن بۆ سه‌یران و گه‌شتی كورت و بۆ یاریكردن و كات به‌سه‌ربردن له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیان كۆیان بكه‌نه‌وه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌بو سه‌عید، ئه‌ویش قسه‌كانی ئه‌و ده‌روونناسه‌ پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌ و پێیوایه‌ پێویسته‌ منداڵ له‌ چه‌ندین چالاكیدا، به‌شداری پێبكرێت، وه‌ك وێنه‌كێشان و گوێگرتن له‌ مۆسیقا، یان زۆر به‌ ساده‌یی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ژیانی رۆتینی رۆژانه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ بارودۆخی جه‌نگدا، مه‌سه‌له‌یه‌كی له‌و جۆره‌، بۆ دایك و باوكان، به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان، كارێكی زه‌حمه‌ته‌.


PM:03:35:13/10/2023


ئه‌م بابه‌ته 3500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو