پۆلیسی‌ هه‌ولێر: له‌سه‌ر رووداوی‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر گه‌نجه‌كه‌، دوو كه‌س ده‌ستبه‌سه‌ر كراون


وێستگه‌نیوز-
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر رایگه‌یاند كه‌ له‌سه‌ر رووداوی‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر گه‌نجه‌كه‌، ئه‌فسه‌رێك و پۆلیسێك ده‌ستبه‌سه‌ر كراون و رووبه‌ڕووی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كرێنه‌وه‌.

كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هه‌ولێر روونكردنه‌وه‌یه‌كی‌ ئاراسته‌ی‌ رای گشتی‌ كرد و تیایدا هاتووه‌ كه‌ "سه‌باره‌ت به‌و گرته‌ ڤیدیۆیه‌ی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ باره‌ی ئه‌و پۆلیسه‌ی له‌ رێوره‌سمی یادی له‌ دایكبوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام پێشه‌وای مرۆڤایه‌تی و فه‌خری كائینات حه‌زره‌تی محه‌مه‌دولمسته‌فا (دروودی خوای له‌سه‌ر بێت) له‌ سه‌ر قه‌ڵای هه‌ولێر به‌ شێوه‌یه‌كی ناشایسته‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ گه‌نجێك ده‌كات و په‌لاماری ده‌دات، به‌پێویستی ده‌زانیین بۆ هه‌موو لایه‌كی روونبكه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری هاوڵاتییانی شاری هه‌ولێری پایته‌خت به‌ چالاكی و شێوازی جیاواز له‌و رۆژه‌ پیرۆزه‌دا خۆشه‌ویستی خۆیان بۆ پێغه‌مبه‌ری ئیسلام ده‌رده‌بڕی له‌ نێو سه‌نته‌ری شار، له‌ هه‌مانكاتدا كۆمه‌ڵێك گه‌نج له‌ سه‌ر قه‌ڵاتی هه‌ولێر به‌ ئه‌نجامدانی چه‌ند كردار و ره‌فتارێكی ناشایسته‌ هاوڵاتیانیان ناڕه‌حه‌ت و بێزاركردبوو".

پۆلیس ده‌ڵێت: "بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئه‌و بارودۆخه‌ و ئیجرائات وه‌رگرتن له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌نجانه‌، پۆلیس ره‌وانه‌ی شوێنه‌كه‌ كران".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێك له‌ پۆلیسه‌كان به‌شێوازێكی ناشایسته‌ په‌لاماری یه‌كێك له‌ گه‌نجه‌كان درا".

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هه‌ولێر ئاشكرایكردووه‌ كه‌ "له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ره‌فتاره‌ نابه‌جێیه‌ ئه‌فسه‌رێك و ئه‌و پۆلیسه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌مانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراون و لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌ سه‌ر پێكهێنراوه‌ و به‌پێی یاسا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت".

راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشه‌ویستی شاره‌كه‌مان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ هیچ كه‌سێك له‌ سه‌رووی یاساوه‌ نییه‌".

رۆژی چوارشه‌ممه‌27ی‌ ئه‌یلولی‌ 2023، له‌ ناوه‌ندی شاری هه‌ولێر، ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی بۆ یادی له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (د.خ) گردبوونه‌وه‌.

له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ مه‌فره‌زه‌یه‌كی پۆلیس، هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر ئه‌و هاونیشتمانییانه‌ و یه‌كێك له‌ پۆلیسه‌كان له‌ مێردمنداڵێك ده‌دات.

بۆ بینینی‌ ڤیدیۆ كلیك لێره‌ بكه‌:


PM:09:31:28/09/2023


ئه‌م بابه‌ته 14320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت