پسپۆڕێكی سیاسی: ئه‌مریكا نێوه‌ندگیریی هه‌رێم و ناوه‌ندی كردوه‌ به‌ڵام رای خۆی به‌سه‌ر به‌غدا نه‌سه‌پاندوه‌


وێستگه‌ نیوزـ

پسپۆڕێكی كاروباری سیاسی له‌ عێراق ده‌ڵێت كه‌ ئه‌مریكا رۆڵی ناوبژیواننی له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا گیڕاوه‌، به‌ڵام پشتی هیچ لایه‌نێكی بۆدژایه‌تیی ئه‌وی دیكه‌ نه‌گرتوه‌.

عیسام فه‌یلی، مامۆستای زانسته‌ سیاسییه‌كان له‌ زانكۆی موسته‌نسریه‌ی به‌غدا له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاندوه‌: له‌ كێشه‌ داراییه‌كانی نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی فیدڕاڵدا، ئه‌مریكا له‌پشت هه‌ولێر و له‌دژی به‌غدا نه‌بووه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكو رای خۆشی به‌سه‌ر به‌غدا نه‌سه‌پاندوه‌ و فشاری نه‌كردوه‌ تا كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكات.

"ئه‌مریكا رۆلی ناوبژیوانیی گێڕاوه‌، سه‌قامگیری له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا خزمه‌ت به‌ به‌رژوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كات و واشنتۆنیش هه‌رئه‌وه‌ی ده‌وێت كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی بڕوات، نه‌ك پشتیوانیكردن له‌ لایه‌نێك و دژایه‌تیكردنی ئه‌وی دیكه‌"، فه‌یلی وای وتوه‌.

ده‌شڵێت: هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا له‌ ناكۆكیی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ئه‌وه‌یه‌ هانی هه‌ردوولا بدات بگه‌نه‌ چاره‌سه‌ر و رێگه‌نه‌ده‌ن كێشه‌كان كه‌ڵه‌كه‌ ببن، به‌ڵام دۆخه‌كه‌ هه‌رچۆنێك بێت، بڕیاری رێككه‌وتن بڕیارێكی عێراقییه‌ و به‌ رێككه‌وتنی سیاسی و به‌پێی ده‌قه‌كانی ده‌ستور ده‌كرێت.
ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ ده‌وترا كێشه‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غدا و بڕیاری حكومه‌تی عێراق بۆ ناردنی 700 ملیاره‌كه‌ بۆ هه‌رێم به‌ ده‌ستوه‌ردانی ئه‌مریكا بووه‌، به‌تایبه‌ت دوای ئاشكراكردنی نامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی بۆ جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا و هۆشداریدان له‌ داڕمانی ئابوریی هه‌رێم.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ ده‌نگۆیانه‌شدا ئه‌لینا رۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا له‌ په‌یامه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ نه‌داوه‌ كه‌ فشاریان له‌ به‌غدا كردبێت و له‌دوایین لێدوانیشیدا پێشوازیی له‌ گفتوگۆكانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا كردبوو بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن و داوای درێژه‌دان به‌ گفتوگۆشی كردبوو به‌ جۆرێك ئاكامه‌كانی له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی سه‌رجه‌م گه‌لانی عێراق بێت.


PM:10:58:23/09/2023


ئه‌م بابه‌ته 1776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت