ئۆكرانیا كوژرانی‌ ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی باڵای هێزی ده‌ریایی روسیای‌ راگه‌یاند


وێستگه‌نیوز-
سوپای ئۆكرانیا رایگه‌یاند كه‌ له‌ هێرشێكی‌ مووشه‌كیدا بۆسه‌ر باره‌گای‌ كه‌شتیگه‌لی‌ ده‌ریای‌ ره‌شی‌ روسی‌، ده‌یان كه‌س كه‌ ژماره‌یه‌كیان به‌رپرسی‌ باڵای‌ هێزی‌ ده‌ریایی روسیان، كوژران و برینداربوون.


سوپای ئۆكرانیا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ دوێنێ‌ هه‌ینی‌ هێزه‌كانیان به‌ موشه‌ك هێرشیان كردوه‌ته‌ سه‌ر باره‌گای فه‌رمانده‌یی كه‌شتیگه‌لی روسیا له‌ شاری سیڤاستۆبۆڵ، له‌ كه‌ناراوه‌كانی نیمچه‌ دوورگه‌ی كریمیا.

سوپای ئۆكرانیا ده‌ڵێت: "له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا ورده‌كاری و زانیاری زیاتر له‌ باره‌ی هێرشه‌كه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "به‌پێی زانیارییه‌ هه‌واڵگرییه‌كان ده‌یان سه‌ربازی روسی كوژراون برینداربوون كه‌ ژماره‌یه‌كیان فه‌رمانده‌ی باڵای هێزی ده‌ریایی روسیان".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ "هێرشه‌كه‌ له‌ كاتی كۆبوونه‌وه‌ی فه‌رمانده‌یی ده‌ریایی روسیا له‌و باره‌گایه‌ ئه‌نجامدراوه‌".

لای‌ خۆیه‌وه‌ كیریلۆ بۆدانۆف سه‌رۆكی‌ ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌ ئۆكرانیا رایگه‌یاند كه‌ له‌ هێرشه‌كه‌دا لانی‌ كه‌م 9 كه‌س كوژراون له‌نێویاندا ژماره‌یه‌ك جه‌نه‌ڕاڵ‌ هه‌ن.

كیریلۆ بۆدانۆف ئاماده‌نه‌بوو لێدوان بدات سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ ئایا ئه‌و مووشه‌كانه‌ی‌ هێرشه‌كه‌ی‌ پێ‌ ئه‌نجام دراوه‌، دروستكراوی‌ وڵاتانی‌ خۆرئاوابوون یان نا.

رۆژی‌ رابردوو چه‌ند به‌رپرسێكی كریمیای سه‌ر به‌ روسیا رایانگه‌یاند، ئۆكرانیا به‌ زیاتر له‌ موشه‌كێك هێرشی كردوه‌ته‌ سه‌ر كه‌شتیگه‌لی روسیا له‌ به‌نده‌ری سیڤاستۆبۆڵ‌ و، هێرشه‌كه‌ هێنده‌ گه‌وره‌ بووه‌ خزمه‌تگوزاری ئینته‌رنێت له‌ نیمچه‌ دورگه‌كه‌ گرفتی بۆ دروست بووه‌.

لای‌ خۆیه‌وه‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری روسیا رایگه‌یاند، سیستمه‌كانی به‌رگری ئاسمانی پێنج موشه‌كی ئۆكرانیایان پوچه‌ڵكردووه‌ته‌وه‌ و سه‌ربازێكی روسیاش گیانی له‌ده‌ستداوه‌.


PM:03:40:23/09/2023


ئه‌م بابه‌ته 1652 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو