شه‌رقولئه‌وسه‌ت: جانتاكه‌ی سودانی نامه‌ی شاراوه‌ی‌ ئێرانی بۆ كۆشكی سپی تێدایه‌


وێستگه‌نیوز-
به‌پێی‌ راپۆرتێكی‌ رۆژنامه‌ی‌ شه‌رقولئه‌وسه‌ت، جانتاكه‌ی‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق بۆ كۆشكی‌ سپی‌ نامه‌ی‌ نهێنی‌ ئێرانی‌ بۆ كۆشكی‌ سپی‌ تێدایه‌.


رۆژنامه‌ی‌ شه‌رقولئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرتێكدا له‌ زاری‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراقه‌وه‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ناوه‌كانیان ئاشكرابكات، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی‌ زۆر به‌په‌رۆشه‌ بۆ سه‌ردانكردنی‌ كۆشكی‌ سپی‌ به‌رله‌ كۆتایی ئه‌مساڵ‌.

به‌گوێره‌ی‌ رۆژنامه‌كه‌، ئه‌و بانگهێشته‌ی‌ ئه‌نتۆنی‌ بلینكن وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا ئاراسته‌ی‌ سودانی‌ كرد بۆ سه‌ردانكردنی‌ كۆشكی‌ سپی‌، ده‌رگایه‌كی‌ فراوانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ده‌كاته‌وه‌ بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ كه‌ تۆمه‌تباره‌ به‌ په‌راوێزخستن به‌هۆی‌ نزیكی‌ له‌ ئێرانه‌وه‌.

پێشتر نووسنگه‌ی‌ سودانی‌ ئاشكرایكرد كه‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق و ئه‌مریكا كار له‌سه‌ر رێكخستنی‌ واده‌ی‌ سه‌ردانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی‌ سودانی‌ بۆ كۆشكی‌ سپی‌ له‌سه‌ر داوای‌ جۆ بایدن ده‌كه‌ن و به‌بۆچوونی‌ میدیا ناوخۆییه‌كان به‌ر له‌ كۆتایی ئه‌مساڵ‌ ئه‌نجام ده‌درێت.

رۆژنامه‌ی‌ شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت ده‌ڵێت: "به‌ته‌نها ئێرانییه‌كان نین كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ڕێی‌ سودانییه‌وه‌ نامه‌كانیان بگه‌یه‌ننه‌ كۆشی‌ سپی‌، یه‌ڵكو گروپه‌ چه‌كداره‌ شیعه‌كانی‌ سه‌ر به‌ ئێرانیش له‌ به‌غدا پرسیار و نیگه‌رانی‌ زۆریان هه‌یه‌ و ده‌یانه‌وێت له‌ڕێی‌ جانتاكه‌ی‌ سودانییه‌وه‌ بیگه‌یه‌ننه‌ واشنتۆن".

به‌شێك له‌و به‌رپرسه‌ عێراقییانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ سودانی‌ چوونه‌ته‌ نیویۆرك، ریانگه‌یاندووه‌ كه‌ دیداره‌كانی‌ سودانی‌ له‌گه‌ڵ‌ وه‌فدی‌ ئێران هێنده‌ پرۆتۆكۆڵی‌ نه‌بووه‌ كه‌ له‌ ئاستی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا بێت و ئێرانییه‌كان به‌ هه‌واڵی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ سودانی‌ له‌گه‌ڵ‌ بایدن به‌ر له‌ كۆتایی ئه‌مساڵ‌ كاریگه‌ر بوون.

له‌ راپۆرته‌كه‌ی‌ شه‌رقولئه‌وسه‌تدا هاتووه‌ كه‌ "ئێرانییه‌كان زۆر باسی‌ داواكارییه‌كانیان ده‌كه‌ن كه‌ پێویسته‌ سودانی بیگه‌یه‌نێته‌ ئه‌مریكییه‌كان و گرنگترینیان به‌خشینی‌ به‌غدایه‌ له‌و كۆتوبه‌ندانه‌ی‌ رێگره‌ له‌ پێدانی‌ شایسته‌ داراییه‌كان به‌ ئێران، وه‌ك هه‌میشه‌ش له‌بیریان نه‌چووه‌ به‌بیری‌ سودانی‌ بێننه‌وه‌ كه‌ كۆتایی به‌ بوونی‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ عێراق بهێنن".

هاوكات رۆژنامه‌ی‌ شه‌رقولئه‌وسه‌ت له‌ زاری‌ ئه‌ندامانی‌ چوارچێوه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگییه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ فشارێكی‌ هاوشێوه‌ چاوه‌ڕێی‌ سودانی‌ ده‌كات له‌ به‌غدا و گروپه‌ شیعه‌كان لیستێك نیگه‌رانی‌ و نامه‌یان هه‌یه‌.

سه‌ركرده‌یه‌كی‌ چوارچێوه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ ده‌ڵێت كه‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان پشتیوانییه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ سودانی‌ ده‌كه‌ن له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ بۆ كۆشكی‌ سپی‌، چونكه‌ زۆر پێویستیان به‌ ئه‌مریكییه‌كان هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت له‌م رۆژانه‌دا كه‌ قه‌یرانی‌ دۆلار به‌هیلاكی‌ بردوون و چاره‌سه‌رێكی‌ به‌په‌له‌یان ده‌وێت بۆ سوككردنی‌ كۆتوبه‌نده‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌سه‌ر فرۆشتنی‌ دراوی‌ قورس.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ پێیوایه‌ كه‌ "ئه‌و پشتیوانییه‌ كۆده‌نگی‌ هێزه‌ شیعییه‌كانی‌ له‌سه‌ر نییه‌، چونكه‌ ژماره‌یه‌كیان به‌تایبه‌ت گروپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ سه‌ر به‌ ئێران سڵ‌ له‌ نزیكبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ ئه‌مریكییه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌ و پرسیاری‌ بنه‌ڕه‌تییان سه‌باره‌ت به‌ پلانه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌سه‌ر سنووری‌ عێراق و سوریا و ئازادی‌ فڕینی‌ فڕۆكه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ ئاسمانی‌ عێراقدایه‌".

ده‌شڵێت: "ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م هاوكێشه‌ ئاڵۆزه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی دژبه‌یه‌كی‌ شیعه‌كان هه‌یه‌، هیچ كه‌س خوازیاری‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ سه‌ردانه‌كه‌ نییه‌، به‌ڵكو گرنگه‌ بۆ كۆتاییهێنان به‌و بۆچوونه‌ی‌ كه‌ حكومه‌تی‌ عێراق په‌راوێزخراوه‌، به‌ڵام ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر شێوازی‌ ئێرانییه‌كان بیقۆزنه‌وه‌ و تا واده‌كه‌شی‌ زۆر شت ده‌كه‌ن بۆ رووگیركردنی‌ سودانی‌".


AM:10:19:23/09/2023


ئه‌م بابه‌ته 2680 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت