ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ داواكارییه‌كه‌ی‌ سه‌باره‌ت به‌ ناردنی‌ 700 ملیاره‌كه‌ بۆ هه‌رێم ره‌تكرایه‌وه‌: دۆسیه‌كه‌ دانه‌خراوه‌

‌مسته‌فا جه‌بار سه‌نه‌د

وێستگه‌نیوز-
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ شیعه‌یه‌ی‌ له‌لایه‌ن دادگای‌ باڵای‌ فیدڕاڵی‌ عێراقه‌وه‌ داواكارییه‌كه‌ی‌ سه‌باره‌ت به‌ ناردنی‌ 700 ملیاره‌كه‌ بۆ هه‌رێم ره‌تكرایه‌وه‌، رایگه‌یاند كه‌ دۆسیه‌كه‌ دانه‌خراوه‌.


ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21ی‌ ئه‌یلولی‌ 2023، د. ئامانج ره‌حیم سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاند كه‌ "دادگای باڵای فیدراڵیی داواكاری په‌رله‌مانتار، مسته‌فا سه‌نه‌دی ره‌تكرده‌وه‌ بۆ ده‌ركردنی ئه‌مری وه‌لائی بۆ راگرتنی كاركردن به‌ هه‌ردوو بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی فیدراڵ ژماره‌ 23500 و 23520 له‌ ساڵی 2023 تایبه‌ت به‌ پێدانی قه‌رزێك به‌ بڕی 700 ملیار دینار مانگانه‌ بۆ سێ مانگ به‌ حكومه‌تی هه‌رێم".

دوای‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ هه‌واڵه‌كه‌، مسته‌فا سه‌نه‌د له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبووك به‌ یه‌ك دێڕ وه‌ڵامی‌ دایه‌وه‌.

مسته‌فا سه‌نه‌د نووسیویه‌تی‌: "ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ داواكاری‌ ئه‌مری‌ وه‌لائی‌ مانای‌ داخستنی‌ دۆسیه‌كه‌ نییه‌، به‌ڵكو ده‌ستكردنه‌ به‌ داواكارییه‌كه‌ به‌چه‌ند دانیشتنێك كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ خێرا یه‌كلایی ناكرێته‌وه‌".

رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ 17ی ئه‌یلولی‌ 2023، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له‌ دانیشتنی‌ ئاسایی خۆیدا بڕیاریدا به‌ پێدانی‌ دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار به‌ قه‌رز به‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ دابه‌شكردنی‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، واتا بۆ هه‌ر مانگێك 700 ملیار دینار.

ئه‌م بڕیاره‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراق ناڕه‌زایی ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری‌ عه‌ره‌بی‌ لێكه‌وته‌وه‌ له‌وانه‌ مسته‌فا جه‌بار سه‌نه‌د و هه‌رزوو هه‌ڕه‌شه‌ی‌ سكاڵا تۆماركردنیان كرد.


PM:06:21:21/09/2023


ئه‌م بابه‌ته 6812 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو