ناوهرۆكی كۆبوونهوهی ئهمڕۆی ئهنجومهنی وهزیرانی ههرێم راگهیهندرا
دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە
وێستگهنیوزـ
كۆبوونهوهی ئهنجومهنی وهزیرانی هەرێم كۆتایی هات و وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپیدرا لەگەڵ گەیشتنی پارە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، راستهخۆ بێ دواکەوتن دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووز بکرێت.
دهقی راگهیهندراوهكه:
ئەمڕۆ چوارشەممە 2023/9/20 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران سەرکۆنەی هێرشی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەتی لە پارێزگای سلێمانی کرد و پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکان کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست. لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران داوای کرد کە ڕێز لە سەروەریی وئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق بگیرێت.
پاشان لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، کە تایبەت بوو بە خستنەڕووی پوختەی سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا لە 2023/9/14 بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەکانی شاندەکە لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکە و هێز و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە لە پێناو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران لە ڕێگای شاندێکی باڵای ئەنجومەنی وەزیران و یەک هەڵوێست و پشتبەست بە دەسەڵات و مافە دەستووریەکان و بە داتا و زانیاری وردەوە، ڕوونکردنەوەی پێویست درا بە سەرۆکایەتییەکانی فیدڕاڵیی و هێز ولایەنە سیاسیەکان و بە وردیی پێشنیاری چارەسەری هەنووکەیی و درێژخایەن بۆ دابینکردنی مووچە خرایەڕوو کە جێگەی ڕەزامەندیی لایەنە عێراقیەکان بوو. دواتریش لە دواکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، پێشنیاری هەنووکەیی بە زیادکردنی بڕی پێدانی قەرز پەسەندکرا.
بۆ پێشنیازی درێژخایەنیش داوامان کرد، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەک شایستەیەکی یاسایی مووچەخۆر، جیا بکرێتەوە لە هەر ململانێ و جیاوازیەکی بیروڕا، چونکە پێویستە هاوشێوەی مووچەخۆرانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش خەرج بکرێت وەک مافێکی شایستەی خۆیان کە لە ناو خشتەکانی بودجەی فیدڕاڵ هەم ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەم تەرخانکراویی داراییان بۆ دەستنیشان کراوە و نابێت مووچە وابەستەی هیچ بکرێت.
سەرۆک وەزیران هەروەها بە پێزانینێکی زۆرەوە، ئاماژەی بە خۆڕاگری و پشوودرێژی خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد کە بەهۆی نەناردنی مووچە و شایستە داراییەکان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، لە بارودۆخێکی سەختدان، سوپاسی فراکسیۆنە کوردستانیەکانیشی کرد لە ئەنجومەنی نوێنەران کە پێشوازی گەرمیان لە شاندەکە کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ هەوڵ و پێشنیارەکانی هەرێم دەربڕی.
سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، دڵنیایی دا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرگیز سازش لە سەر مافە و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان ناکات و دەستبەردارییان نابێت و لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەری بنەڕەتی کێشەکانی پەیوەندیدار بە مووچە و شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم، لەو ڕووەشەوە پڕۆژەی پێویست پێشکەش بە سەرۆک وەزیرانی فیدڕاڵ کراوە کە چارەسەری هاوسەنگانەی لەخۆ گرتووە و لەمبارەیەوە لێکتێگەیشتنی هاوبەشی باش دروستبووە، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران سەرجەم وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە بەردەوامبن لە هاوکاریکردنی دیوانی چاودێریی دارایی و سەرجەم ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان بخرێتە بەردەست کە پێشتریش چەندین جار بە فەرمی خراوەتە بەردەستیان.
سەرۆک وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووریشی ڕاسپارد کە لەگەڵ گەیشتنی یەکەم کوژمەی پارەکە کە 700 ملیار دینارە، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە، یەکسەر بە بێ دواکەوتن دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێم بکرێت.
پاشان لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبونەوەکە، وەزیری تەندروستی سامان بەرزنجی، ڕاپۆرتێکی دەربارەی نەخۆشی سکچوونی توند ( کۆلێرا) و پێشنیار و ڕێکارەکانی چارەسەریی و خۆپارێزییەکانی دامەزراوە تەندروستییەکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان خستەڕوو، دوای گفتوگۆ، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕاسپاردە و پێشنیارەکانی وەزارەت پەسەندکرا و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران، ڕێکاریی خۆپارێزیی پێویست لەمبارەیەوە بگرنەبەر.
PM:03:51:20/09/2023
ئهم بابهته 6920
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت