راگه‌یه‌ندراوی دژه تیرۆر له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ی عه‌ربه‌ت: 3 هەڤاڵ و پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری کوردستان شەهیدبوون
وێستگه نیوزـ
بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری کوردستانCTG_ راگه‌یه‌ندراوێكی له‌سه‌ر هێرشه درۆنییه‌كه‌ی دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه بڵاوكرده‌وه‌و رایگه‌یاند: 3 هەڤاڵ و پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری کوردستان شەهیدبوون و هەر لایەن و جاسوسێک هاوکاربووبیت رووبەڕووی سزا‌و یاسا‌و ویژدانی نەتەوەکەمانی دەکەینەوە.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: ئەمڕۆ دووشەممە فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت لە سلێمانی لەلایەن داگیرکەران و ناحەزانی ئارامی و ئاسایشی هەرێم بە فرۆکەی بێ فڕۆکەوان کرایە ئامانج کە بەداخەوە 3 هەڤاڵ و پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری کوردستان شەهیدبوون و 3 پێشمەرگەی تریشمان برینداربوون.
"وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و پرسەو سەرەخۆشیمان بۆ شەهیدبوونی هەڤاڵەکانمان هیوای زووچاکبوونەوەش بۆ بریندرەکانمان دەخوازین بۆ هەموولایەکیشی رووندەکەینەوە لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم تاوانە تیرۆریستییە دەستپێکردوە کە بەچاوساغی نۆکەرانی بێگانەو سیخوڕانی ناوخۆیی ئەنجام درا بێ سزا تێناپەڕێت و هەر لایەن و جاسوسێک هاوکاربووبیت رووبەڕووی سزا‌و یاسا‌و ویژدانی نەتەوەکەمانی دەکەینەوەو تۆڵەی شەهیدەکانمان لە ئەستۆی ئێمەیە و ناهێڵین خوێنی گەشیان بەهەدەربڕوات." به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی دژه تیرۆر وای وتوه.
ده‌شڵێت: بۆ رایگشتی رووندەکەینەوە لەبەر سەلامەتی رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان زانیاریەکان بە شاراوەیی دەهێڵینە وەو لەداهاتوودا راستتیەکان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئاشکرادەکەین.
له كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌شدا هاتووه: هەزار سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و ئاسایش و ئارامی هەرێمەکەمان، سەرشۆڕی و مەرگ بۆ نۆکەران و خیانەتکاران وناحەزانی گەلەکەمان.
PM:07:27:18/09/2023
ئه‌م بابه‌ته 1384
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت