سه‌ركرده‌یه‌كی حزبی‌ به‌عس ده‌ستگیر كرا


وێستگه‌نیوز-
له‌ هه‌ڵمه‌تێكی‌ ئه‌منیدا له‌ سنووری‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك سه‌ركرده‌یه‌كی‌ حزبی‌ به‌عسی‌ قه‌ده‌غه‌كراو ده‌ستگیركرا، به‌پێی‌ زانیارییه‌كانیش ئه‌و حزبه‌ له‌ هه‌موو شاره‌كانی‌ عێراق به‌ هه‌ولێریشه‌وه‌ سه‌رقاڵی‌ خۆڕێكخستنه‌وه‌یه‌وه‌.

له‌ 16ی‌ ئه‌یلولی‌ 2023دا، هه‌واڵگری‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ و هێزه‌كانی‌ پۆلیسی‌ فیدڕاڵی‌ و ده‌زگای‌ ئاسایشی‌ نیشتمانی‌، له‌ سنووری‌ قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ی‌ شاری‌ كه‌ركوك ئۆپه‌راسیۆنێكی‌ گه‌ڕان و پشكنینیان ئه‌نجام دا.

به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ وێستگه‌، له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا و له‌ گوندی‌ عه‌رسه‌ی‌ سه‌ر به‌ ناحیه‌ی‌ عه‌باسی‌، سه‌ركرده‌یه‌كی‌ حزبی‌ به‌عسی‌ قه‌ده‌غه‌كراو به‌ناوی‌ (عه‌واد محه‌مه‌د سه‌عید ئه‌لجبوری‌) ده‌ستگیركراوه‌.

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی‌ حزبی‌ به‌عس به‌پێی‌ ماده‌ی‌ 9ی‌ یاسای‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ حزبی‌ به‌عس ده‌ستگیركراوه‌ و راده‌ستی‌ ده‌زگای‌ ئاسایشی‌ نیشتمانی‌ عێراق كراوه‌.

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ به‌پێی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ ده‌ست وێستگه‌ كه‌وتوون، حزبی‌ به‌عس له‌ هه‌موو شاره‌كانی‌ عێراق به‌ هه‌ولێریشه‌وه‌ ده‌ستی‌ به‌ خۆڕێكخستنه‌وه‌ و دروستكردنی‌ شانه‌ی‌ نهێنی‌ كردووه‌.

له‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردووشدا له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ عێراق به‌ شاری‌ به‌غدادیشه‌وه‌، چه‌ند بڵاوكراوه‌یه‌ك كه‌ ناوی‌ سه‌دام حسێن سه‌رۆكی‌ رژێمی‌ پێشووی‌ عێراقی‌ له‌سه‌ره‌، بڵاوكرانه‌وه‌.

به‌گوێره‌ی‌ میدیا عێراقییه‌كان یه‌كێك له‌و شوێنانه‌ ناوچه‌ی‌ به‌یاع-ی‌ به‌غدای‌ پایته‌خت و به‌دیاریكراوی‌ له‌سه‌ر پردێكی‌ ناوچه‌كه‌ به‌ ئاراسته‌ی‌ گه‌ڕه‌كی‌ قادسیه‌ بووه‌ و له‌سه‌ر بڵاوكراوه‌كه‌ نووسراوه‌ (جيش الأسد صدام).

هه‌روه‌ك له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش ژماره‌یه‌ك گرته‌ی‌ ڤیدیۆیی بڵاوكرانه‌وه‌ كه‌ تیایاندا ئه‌و جۆره‌ بڵاوكراوانه‌ی‌ حزبی‌ به‌عس له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ عێراق هه‌ڵواسراون.


به‌پێی‌ ماده‌ی‌ 9ی‌ یاسای‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ حزبی‌ به‌عس هه‌ركه‌سێك به‌شدار بێت یان هاوكار بێت له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بیروباوه‌ڕی‌ حزبی‌ به‌عس و چالاكییه‌ ره‌گه‌زپه‌رستی‌ و تیرۆریستییه‌كان و ته‌كفیرییه‌كان، سزاده‌درێت به‌ زیندانیكردن بۆ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ 6 ساڵ‌ كه‌متر نه‌بێت، به‌ خاوه‌نی‌ ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانیشه‌وه‌.



PM:03:23:18/09/2023




ئه‌م بابه‌ته 7124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت