سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا: مانگی 10ی ئه‌مساڵ هەناردەی نەوتی هه‌رێم دەست پێدەکاتەوە


ویستگەنیوزـ

سەرکردەیەکی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا پێشبینی دەکات هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکی لە مانگی تشرینی یەکەم (مانگی 10ی 2023) دەست پێ بکاتەوە.

تورکی جەدعان ئەلعەتبی، کە سەرکردەیەکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا و یەکێک لە پێكهێنەرە سەرەکییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییە، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا کە وێستگەنیوز بەدوایدا چووە رایگەیاند: "گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی عێراق و هاوتا تورکییەکەی دەربارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی عێراقی لە رێی بەندەری جەیهانی تورکییەوە گەیشتوه‌تە دوا قۆناغەکانی و کۆدەنگییەکی تەواو لەنێوان هێزە پێکهێنەرکانی حکومەتی عێراقییدا هەیە کە دەبێت بە زووترین کات هەناردەکردنی ئەو نەوتە دەست پێ بکاتەوە".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا، ئەو سەرکردەیەی دەوڵەتی یاسا و چوارچێوەی هەماهەنگیی هێزە شیعەکان، ئاماژەی بەوەدا کە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێی بەندەری جەیهانەوە سوودگەلی هاوبەشی بۆ بەغدا و خودی ئەنقەرەش دەبێت، ئه‌وجا دەشڵێت: "هەموو ئاماژەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت نزیکە و یەکەم باری نەوتی هەناردەکراویش دەکەوێتە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی داهاتووەوە".

لە کۆتایی لێدوانەکەشیدا ئەلعەتبی دەڵێت: "دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی عێراقیی لە رێی بەندەری جەیهانەوە بارگرانیی لەسەر بەندەری بەسرە سوک دەکات". جەختیش دەکاتەوە تورکیا هێندەی عێراق سوودمەند دەبێت لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێی خاکەکەیەوە بە تایبەتیی کە ئێستا ئەو وڵاتە بە قەیرانێکی دارایی خنکێنەردا گوزەرد دەکات.


PM:12:20:18/09/2023


ئه‌م بابه‌ته 880 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت