ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەدایە
دیمەنێکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە ئەمڕۆ لەلایەن نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە
وێستگهنیوزـ
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتی محەمەد شییاع سودانی، سهرۆك وهزیران بۆ بڕیاردان لە پشکی هەرێم و ناردنی مووچەی فەرمانبەران دەستی پێکرد.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەستی بە کۆبوونەوە کرد، یەکێک لە بڕگەکانی کۆبوونەوەکەش تایبەتە بە بڕیاردان لەبارەی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، پارەکە بە قەرز دەبێت و بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە.
بەپێی زانیارییەکان پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، ''گفتوگۆی تێروتەسەل لەنێوان وەزیرە کوردەکان و وەزیرەکانی دیکەی ناو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کراوە بۆ ئەوەی هاوکار بن لە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان''.
بهیانی ئهمڕۆ خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق بە رووداوی وتبوو، "لەگەڵ زۆربەی وەزیرەکاندا لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی پشتیوانی لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکەن و ئەمڕۆ دەنگ لەسەر ئەو بابەتە بدرێت و بەو شێوەیە تێپەڕیت کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا بێت".
وەزیری دادی عێراق باسی لەوەش کردبوو، گەشبینە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیارێک بە ئاراستەی ناردنی شایستەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دەربچێت.
ئەم کۆبوونەوەیەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەکاتێکدایە وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، لەمڕۆوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەرانی دەکرێت، بەڵام فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تائێستا مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئابیان وەرنەگرتووە.
PM:01:39:17/09/2023
ئهم بابهته 2708
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت