کوردسات نیوز: چوار سیناریۆ بۆ ناردنی پاره‌ بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ ئارادان


وێستگه‌نیوزـ

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و پرسی ناردنی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم یەکلایی دەکاتەوە، سەرچاوەیەکیش لە لیژنەی دارایی باسی چوار سیناریۆ ده‌كات.


سەرچاوەکە بە کوردسات نیوزی راگەیاند: پێشنیازی تایبەت بە ناردنی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەلایەن محەمەد شیاع سودانی یان وەزیرێکی کوردەوە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دەخرێتەڕوو.

وتیشی: "چوار سیناریۆ لە ئارادایە، کە یەکەمیان بریتییە لە ناردنی 500 ملیار دینار بۆ شەش مانگی دووەمی ئەمساڵ، یان ناردنی 800 ملیار دینار بۆ ئەو شەش مانگە".

بەوتەی سەرچاوەکە، سیناریۆی سێیەم ناردنی 500 ملیار دینارە بۆ چوار مانگی کۆتایی ئەمساڵ، یان 800 ملیار دینار بۆ ئەو چوار مانگە.

سەرچاوەکە پێشبینیدەکات بڕیاری ناردنی 500 ملیار دینار بۆ چوار مانگی کۆتایی ئەمساڵ بدرێت، بەو پێیەی نزیکترە لە بڕیارەکەی ئەم دواییەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ناردنی 500 ملیار دینار بۆ سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ.

وه‌ك سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی پێداوه‌، ناردنی 800 ملیار دینار بۆ ھەرێم ئەگەرێکی دوورە، بەو پێیەی ھەر لەئێستاوە چەند پەرلەمانتارێک جەختیان کردووەتەوە کە ئەگەر ئەو بڕە پارە بنێردرێت سکاڵا تۆمار دەکەن.

سەرچاوەکەی لیژنەی دارایی جەختیکردەوە، ئەوەی ھەرێم داوایکردووە چارەسەری پەلەیە بۆ چارەسەری کێشەی مووچە تا کێشەی ھەرێم و بەغدا لەرێگەی ھەمواری یاسای بودجە چارەسەر دەکرێت، بەڵام بەوتەی سەرچاوەکە قورسە کێشەکە بەو رێگەیە چارەسەر بکرێت، بەو پێیەی تا ئێستا لە عێراق یاسای بودجە ھەموارنەکراوەتەوە.

ئەنجومەنی وەزیران لە 23 وەزیر پێکدێت کە چواریان کوردن و بڕیارەکانی بە زۆرینەی دەنگ دەدات، لەئەگەری یەکسان بوونی دەنگەکانیش دەنگی سەرۆک وەزیران پرسەکە یەکلایی دەکاتەوە.


AM:10:28:17/09/2023


ئه‌م بابه‌ته 18768 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو