له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی ساڵیادی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ژینا ئه‌مینی تابێت خاڵی پشكنین و ده‌ركردنی مامۆستاكان له‌ زانكۆكاندا زیاد ده‌كات


وێستگه‌نیوزـ

ئاژانسی ئه‌سۆشێتد پرێس له‌ راپۆرتێكی دوور و درێژیدا، باس له‌وه‌ ده‌كات ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران، له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌م  ساڵیادی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئێران كه‌ دوای كوشتنی ژیلا ئه‌مینی له‌سه‌ر ده‌ستی پۆلیسی ئه‌خلاق، به‌رپابوو. كه‌وتوونه‌ته‌ خۆیان و خاڵی پشكنینی له‌ناكاو داده‌نێن و هه‌ندێك له‌ خوێندكاران و مامۆستایانی زانكۆكان ده‌رده‌كه‌ن و هێڵی ئینته‌رنێت په‌كده‌خه‌ن.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، "ئه‌مه‌ ئه‌و شێوازانه‌یه‌‌ كه‌ پیاوانی ئاینی له‌ ئێران، هه‌موو هه‌وڵێكی خۆیان خستووه‌ته‌گه‌ڕ، تا رێگری له‌ ئه‌نجامدانی ساڵیادی ناڕه‌زایه‌ییه‌كان بگرن كه‌ وڵات له‌ دژی سه‌پاندنی زۆره‌ملێی حیجاب به‌خۆیه‌وه‌ بینی. هه‌روه‌ها بۆ رێگریكردنه‌ له‌ ئه‌گه‌ر ڕوودانی ناڕه‌زایی و په‌شێوی زیاتر".

كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هێشتا ده‌نگدانه‌وه‌ی مردنی ژینا ئه‌مینی ته‌مه‌ن 22 ساڵ، له‌ 16 ئه‌یلولی ساڵی 2022، له‌ هه‌موو سوچێكی وڵات ده‌بیسرێت. لێره‌وه‌ ئه‌گه‌رچی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران، هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌ و به‌رفراوانی سه‌ركوتكردنیان ده‌ستپێكردووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌ندێك له‌ ژنانی ئێران، وه‌ك جۆرێك له‌ ناڕه‌زایی، حیجاب ناكه‌ن.

یه‌كێكی دی له‌و رێوشوێنانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران گرتویانه‌ته‌ربه‌ر، ئه‌وه‌یه‌ كارمه‌ندانی شاره‌وانی تاران، به‌ بۆیه‌ی ره‌ش، ئه‌و دیوارانه‌ بۆیه‌ ده‌كه‌ن كه‌ نووسینی ره‌خنه‌یی دژ به‌ حكومه‌تی له‌سه‌ر نووسراوه‌. هه‌روه‌ها ئه‌و مامۆستایانه‌ی زانكۆ كه‌ پشتیوانیان له‌ خۆپیشانده‌ران كردووه‌، له‌ كاره‌كانیان دوورخراونه‌ته‌وه.

ئاشكرایه‌ به‌هۆی سه‌ركوتكردنی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ساڵی پار، فشارێكی به‌هێزی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر ئێران هه‌یه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ حكومه‌تی ئێران، هه‌وڵی هێو‌ركردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ی و ناوچه‌كه‌ و خۆرئاوا ده‌دات كه‌ ساڵانێكه‌ ئه‌و گرژیانه‌ بوونیان هه‌یه‌.

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه‌، ژماره‌یه‌ك له‌ شاره‌زایانی سه‌ربه‌خۆ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، هۆشداریان دابوو له‌وه‌ی "به‌كارهێنانی ئادابی گشتی وه‌ك چه‌كێك، بۆ بێبه‌شكردنی ژنان و كچان له‌ ئازادی گوزارشتكردن، ئامانج لێی لاوازكردنی پێگه‌ی ژنان و كچانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گه‌وره‌ و ده‌بێته‌ هۆی جێگیركردن و چه‌سپاندن و فراوانكردنی جیاوازی نێوان هه‌ردوو ره‌گه‌زی نێر و مێ و په‌راوێزخستنی ره‌گه‌زی مێ".

سه‌روه‌ختێك ژینا ئه‌مینی له‌لایه‌ن پۆلیسی ئه‌خلاقه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێت و پاشان گیان له‌ده‌ستدانی، ناڕه‌زاییه‌كی گه‌وره‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌ به‌ یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین ئاڵه‌نگارییه‌كانی به‌رده‌م رژێمی ئایه‌توڵاكانی ئێران داده‌نرێت كه‌ له‌ دوای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979 ده‌سه‌ڵاتیان گرتووه‌ته‌ ده‌ست. ئاخر ساڵی پار، هه‌ڵمه‌تی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ سه‌ركوتكردنی ناره‌زایه‌تییه‌كان، كوشتنی زیاد له‌ 500 كه‌س و ده‌ستگیركردنی زیاد له‌ 22 هه‌زار كه‌سی لێكه‌وته‌وه‌.

له‌م رووه‌وه‌ حكومه‌تی ئێران و رابه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی عه‌لی خامه‌نه‌ئی، خه‌تاكه‌یان خسته‌ ئه‌ستۆی خۆرئاوا، به‌وه‌ی ئاژاوه‌ و په‌شێوی له‌ وڵاتدا ده‌نێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك به‌ڵگه‌ بۆ ئه‌و قسانه‌یان بخه‌نه‌ڕوو.

راپۆرته‌كه‌ له‌ به‌شێكی دیكه‌یدا باس له‌وه‌ ده‌كات هه‌ندێك گرته‌یی ڤیدیۆیی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ساڵی پار، ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری گه‌نج، به‌شداریان له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كاندا كردووه‌. ئه‌مه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانی ناچاركردووه‌، له‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌ی دوایدا، به‌ شێوه‌یه‌كی چڕ و به‌رفراوان، چاویان بخه‌نه‌ سه‌ر زانكۆكان. چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتداران له‌م روه‌وه‌ پێشینه‌یه‌كی مێژوویان هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌و كاته‌ بوو كه‌ له‌ ساڵی 1999، شه‌پۆلێكی ناڕه‌زایی وڵاتی گرته‌وه‌، له‌وێدا خوێندكارانی تارانی پایته‌خت، رابه‌رایه‌تی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیان ده‌كرد و لانی كه‌م سێ كه‌س كوژران و زیاد له‌ 1200 كه‌سی دیكه‌ ده‌ستگیركران.

هه‌رچه‌نده‌ حه‌ره‌می زانكۆ، تا راده‌یه‌كی زۆر، یه‌كێك بوو له‌و شوێنه‌ ده‌گمه‌ن و سه‌لامه‌تانه‌ی كه‌ خوێندكاران ده‌یانتوانی تێیدا ناڕه‌زایه‌تی ده‌رببڕن. به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ی دوایی، ئه‌وێشی گرتووه‌ته‌وه‌. له‌ ماوه‌ی ساڵی رابردوو، یه‌كێتی خوێندكارانی ئێران، رایگه‌یاند سه‌دان خوێندكار، به‌هۆی به‌شدرایان له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان، له‌ زانكۆكانی خۆیاندا روبه‌ڕووی لیژنه‌ی دیسپلین و ته‌ئدیبی بوونه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی راپۆرتێك كه‌ رۆژنامه‌ی "ئیعتیماد/ اعتماد"ی ریفۆرمخواز بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات له‌ هه‌مان ئه‌و ماوه‌یه‌دا، لانی كه‌م 110 مامۆستای زانكۆ و وانه‌بێژی زانكۆ له‌ كاره‌كانیان دوورخراونه‌ته‌وه‌ (فه‌سڵكراون) یان به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی له‌ كاره‌كانیان راگیراون. پرۆسه‌ی فه‌سڵكردنه‌كه‌ زیاتر زانكۆكانی تاران ئازاد، تاران، تارانی پزیشكی گرتووه‌ته‌وه‌.
 
رۆژنامه‌ی ناوبراو روونی ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی فه‌سڵكراون بۆ دوو گروپ دابه‌ش ده‌بن: گروپێكیان ئه‌و مامۆستایانه‌ن كه‌ نیگه‌رانن له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێكی توندڕه‌وی وه‌ك ئیبراهیم ره‌ئیسی. گروپی دووه‌میان ئه‌و مامۆستایانه‌ن كه‌ له‌ دوای مردنی ژینا ئه‌مینی، پشتگیری ناره‌زایه‌تیه‌كانیان كردووه‌.

ده‌ستگیركردنه‌كه‌ هه‌ندێك زانكۆی دیكه‌ی گرتووه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌ بۆ نمونه‌ زانكۆی شه‌ریف بۆ ته‌كنه‌لۆژیا له‌ تاران. له‌و زانكۆیه‌دا، عه‌لی شه‌ریفی زارچی كه‌ مامۆستای زیره‌كی ده‌ستكرده‌ و پشتگیری خۆی بۆ ئه‌و خوێندكارانه‌ی ده‌ربڕیوه‌ كه‌ به‌شداریان له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كاندا كردووه‌، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێرانه‌وه‌ لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كراوه و یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی له‌ كاره‌كه‌ی دوورخراوه‌ته‌وه‌‌‌.

له‌گه‌ڵ فه‌سڵكردنه‌كه‌ی، 15 هه‌زار واژۆ كۆكراوه‌ته‌وه‌ و تێیدا داوا له‌ زانكۆكه ده‌كرێت بریاری فه‌سلكردنه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌. عه‌لی شه‌ریفی زارچی پێش فه‌سڵكردنه‌كه‌ی، له‌ پێگه‌یه‌كی ئینته‌رنێت نووسیویه‌تی، "فشاركردن له‌ مامۆستا و خوێندكاره‌كان، په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌شی شه‌رمه‌زارییه‌ له‌ مێژووی سه‌ربه‌رزی زانكۆی تاران و پێویسته‌ رابگیرێت".

له‌ نێو ئه‌و مامۆستایانه‌ی زانكۆ كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ كاره‌كانیان دوورخراونه‌ته‌وه‌، حوسێن عه‌لائی فه‌رماندی پێشووی سوپای پاسداران و جێگری وه‌زیری به‌رگری، هه‌روه‌ها ره‌زا ساڵحی ئه‌میری، وه‌زیری پێشووی رۆشنبیری هه‌یه.‌ نزیكه‌ی ده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، حوسێن عه‌لائی، خامه‌نه‌یی به‌ شای پێشووی ئێران ده‌چوێنێت. به‌ڵام ئه‌میری یه‌كێك بوو له‌ به‌رپرسانی پێشوو له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی حه‌سه‌ن رۆحانی كه‌ تا راده‌یه‌ك حكومه‌تێكی میانڕه‌وبوو.

ساڵی 2015 حكومه‌ته‌كه‌ی رۆحانی، له‌گه‌ڵ هێزه‌ جیهانییه‌كان، رێكه‌وتنی ئه‌تۆمی واژۆكرد. لێره‌وه‌ رۆحانی ره‌خنه‌ له‌ دوورخستنه‌وه‌ و فه‌سڵكردنی مامۆستایانی زانكۆكان ده‌گرێت. به‌ گوێره‌ی راپۆرتێكی پێگه‌ی هه‌واڵی ئۆنلاین "جه‌مران" رۆحانی وتوویه‌تی: "تێكدانی هه‌یبه‌ت و شكۆی زانكۆكان و مامۆستاكانی، خوێندكاران و زانست و ته‌واوی وڵات زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن".
 
محه‌مه‌د موگایمی، سه‌رۆكی زانكۆی تاران، هه‌وڵیدا به‌رگری له‌ پرۆسه‌ی فه‌سلكردنه‌كه‌ بكات و مامۆستاكانی به‌وه‌ وه‌سفكرد كه‌ دووچاری "كێشه‌ی ئه‌خلاقی" بوونه‌ته‌وه‌. هه‌وره‌ها هه‌ندێك له‌ توندڕه‌وه‌كان، جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پرۆسه‌كانی دوورخستنه‌وه‌ و فه‌سڵكردنه‌كان، پرۆسه‌یه‌كی سیاسی نییه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ رۆژنامه‌ی "كه‌یهان"ی توندڕه‌و، به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ پرۆسه‌ی دوورخستنه‌وه‌ و فه‌سڵكردنه‌كانی په‌یوه‌ست كرد به‌ خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌.

خۆپیشانده‌ران له‌ شه‌قامه‌كانی تاران، پێیانوایه‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ گیراوه‌ته‌به‌ر، بارودۆخه‌كه‌ زیاتر ده‌شێوێنێت و ئاڵۆزتری ده‌كات. له‌م رووه‌وه‌ شه‌یما كه‌ خوێندكاری زانكۆیه‌ و ته‌مه‌نی 21 ساڵه‌، ده‌ڵێت: "ده‌سه‌ڵاتدارن ده‌یانه‌وێت خه‌ڵكانی سه‌ر به‌ خۆیان، بخه‌نه‌ ناو زانكۆكانه‌وه‌، به‌و هیوایه‌ی بتوانن له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان رابگرن. به‌ڵام ئێمه‌ی خوێندكاران، به‌ شێوه‌یه‌ك ناڕه‌زایه‌تییه‌كانمان ده‌رده‌بڕین، هه‌ر به‌ خه‌یاڵیشاندا نه‌یه‌ت (...)، ده‌سه‌ڵاتداران ساڵی رابردوو، شكستیانهێنا له‌وه‌ی رێگه‌ له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان بگرن، چونكه‌ كه‌س ناتوانێت پێشبینی روودانی بومه‌له‌رزه‌ بكات".

هه‌روه‌ها فێرناز كه‌ خوێندكاری زانكۆیه‌ و ته‌مه‌نی 27 ساڵه‌، ده‌ڵێت: "ده‌سه‌ڵاتداران به‌ شمشیری ته‌خته‌، شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئاشه‌ هه‌واییه‌كان ده‌كه‌ن". ئه‌م دوو خوێندكاره‌ مه‌رجیان ئه‌وه‌ بوو ناوه‌كانیان به‌ ته‌واوه‌تی بڵاونه‌كرێته‌وه‌، نه‌بادا دواتر تۆڵه‌یان لێ بكرێته‌وه‌.

له‌ ئێستادا حكومه‌ت له‌ به‌رامبه‌ر یه‌كه‌مین ساڵیادی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان، بێده‌نگی هه‌ڵبژاردووه‌. ئه‌وه‌تا سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌ییه‌یدا كه‌ به‌م دوایانه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له‌ میدیاكان ئه‌نجامیدا، هه‌رگیز ناوی ژینا ئه‌مینی نه‌هێنا، ئه‌گه‌رچی میدیاكاره‌كان له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌ییه‌كه‌دا، به‌ ناڕاسته‌وخۆ ئاماژه‌ بۆ خۆپیشاندانه‌كان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان كرد. هه‌روه‌ها راگه‌یاندنه‌ فه‌رمی و نیمچه‌ فه‌رمییه‌كانی ئێران، خۆیان له‌ باسكردنی یه‌كه‌م ساڵیادی ناره‌زایه‌تییه‌كان به‌دوور ده‌گرن، ئه‌مه‌ش زۆرجار له‌به‌ر فشاری حكومه‌ته‌.

به‌ڵام چالاكوانان به‌ نهێنی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێن و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، تابێت له‌ زیادبووندایه‌. له‌وانه‌ مامی ژینا ئه‌مینی. جگه‌ له‌وه‌ پارێزه‌ر ساڵح نیكبه‌خت كه‌ پارێزه‌ری خێزانی ژینا ئه‌مینییه‌، به‌هۆی چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ل كۆمه‌ڵێك میدیای بیانی، تۆمه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی "پڕوپاگه‌نده‌ی چه‌واشه‌كارانه‌"ی خراوه‌ته‌پاڵ و داوایه‌كی یاسای له‌سه‌ر تۆمار كراوه‌.

به‌م دواییانه‌ له‌ شه‌قامه‌كانی تاران، هێزێكی زۆری پۆلیس ده‌بینرێت بڵاوه‌یان پێكراوه‌. هاوشان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌، له‌ تاران به‌ شێوه‌یه‌كی له‌ناكا و كتوپڕ، پشكنین بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كرێت كه‌ به‌ ماتۆڕه‌كانیان هاتوچۆ ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها به‌م دواییانه، هاوڵاتیان‌ به‌ زه‌حمه‌ت ده‌ستیان به‌ ئینته‌رنێت ده‌گات.

به‌ڵام له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ئه‌وا میدیا فه‌رمییه‌كانی ناو ئێران رایانگه‌یاند، كه‌سیك له‌به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی تاران له‌ پاریس، تایه‌ی ئۆتۆمبێلی سووتاندووه‌. هه‌روه‌ها بڕیاره‌ رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو، به‌بۆنه‌ی ساڵیادی ناره‌زایه‌تییه‌كان، له‌ چه‌ندین شاری ده‌ره‌وه‌ی ئێران خۆپیشاندان ئه‌نجامبدرێت.


PM:08:08:12/09/2023


ئه‌م بابه‌ته 1188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو