"باخچه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان"ی‌ عێراق به‌ره‌و خه‌ڵاتی ئۆسكار


وێستگه‌ نیوز-
به‌شی سینه‌ما و شانۆ له‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری عێراق، رایگه‌یاند فیلمی "باخچه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان"ی ده‌رهێنه‌ر ئه‌حمه‌د یاسین، كاندید ده‌كات بۆ كێبڕكێكردن له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاتی ئۆسكار بۆ باشترین فیلمی جیهانی له‌ خولی نه‌وه‌د و شه‌شه‌می خه‌ڵاته‌كه‌.


 ئاشكرایه‌ خه‌ڵاتی ئۆكسار به‌ناوبانگترین خه‌ڵاتی كایه‌ی فیلمسازی سینه‌ماییه‌ كه‌ ساڵانه‌ له‌ ئاهه‌نگێكی گه‌وره‌دا و به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ره‌ ناوداره‌كان ڕاده‌گه‌یه‌نرێت.

به‌شی سینه‌ما و شانۆ له‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ڵێت: "كاندیدكردنه‌كه‌ بۆ چالاككردنی هۆڵه‌كانی سینه‌ما و بزاوتی هونه‌ری سینه‌ماییه‌، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ سینه‌ما له‌ ڕووی هونه‌ریی و فلیمسازییه‌وه‌، بگه‌یه‌نێته‌ ڕیزی وڵاتانی پێشكه‌وتووی ئه‌م بواره‌".

به‌یاننامه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات فیلمه‌كه‌، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی رۆشنبیرییه‌وه‌ سپۆنسه‌ر كراوه‌ و فیلمه‌كه‌ له‌ ڤیستیڤاڵه‌ عه‌ره‌بی و نێو ده‌وڵه‌تییه‌كان، سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه‌ و چه‌ندین خه‌ڵاتی وه‌رگرتووه‌.

فیلمی باخچه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان له‌ نواندنی "جواد الشكرچی" و "وسام ضياء"ه‌، ئه‌م فیلمه‌ له‌ ساڵی 2022، بۆ یه‌كه‌مجار له‌  ڤیستیڤاڵی بوندوقییه‌ی سینه‌مایی، نمایشكرا. دوای ئه‌وه‌ گه‌شتیكی بۆ ڤیستیڤاڵه‌ به‌ناوبانگه‌كانی سوید و كۆریای باشور و سعودیه‌ و ئوردن ئه‌نجامدا و به‌م دواییانه‌ش له‌ هۆڵی سینه‌ماكانی به‌غدادی پایته‌ختی عێراق، نمایشكرا.

ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌كه‌ ئه‌حمه‌د یاسین، له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نووسیویه‌تی: "پڕ پڕم له‌ شانازی، ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی به‌شی سینه‌ما و شانۆ، به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی رایگه‌یاند فیلمه‌كه‌مان باخچه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان، ده‌ستنیشانكراوه‌ تاكو نوێنه‌رایه‌تی عێراق له‌ خه‌ڵاته‌كانی ئۆسكاردا بكات"

هه‌وره‌ها ده‌ڵێت: "ئه‌م گه‌شته‌ ململانێیه‌كی پڕ له‌ خۆشه‌ویستی بوو، هاوكاری نێوان به‌هره‌ ناوازه‌كان بوو، شایه‌تحاڵی هێزی هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ بوو. فیلمه‌كه‌مان نوێنه‌رایه‌تی ده‌وڵه‌مه‌ندی سینه‌مای عێراقی ده‌كات، هیوادارم فیلمه‌كه‌ لای بینه‌ری جیهانی، ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بێت".

ئه‌كادیمیای هونه‌ر و زانستی سینه‌ما له‌ ئه‌مریكا، له‌ هه‌ر ده‌وڵه‌تێك‌، یه‌ك فیلم وه‌رده‌گرێت، بۆ كێبڕكێكردن له‌سه‌ر وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی باشترین فیلمی جیهانی، بۆ ئه‌و فیلمانه‌ی كه‌ به‌ زمانی ئینگلیزی قسه‌ ناكه‌ن. ئاهه‌نگی دابه‌شكردنی خه‌ڵاتی ئۆسكار، ده‌كه‌وێته‌ به‌رواری 10 ئازاری 2024.


PM:11:55:11/09/2023


ئه‌م بابه‌ته 2580 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو