رۆژنامه‌ی العرب: پارتی ئاماده‌كاری بۆ حكومه‌تێكی بێ په‌رله‌مان ده‌كات تا ده‌سه‌ڵاتی لا بمێنێته‌وه
وێستگه نیوز-
به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌یه‌كی عه‌ره‌بی، دوای بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری درێژكرنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماده‌كاری بۆ حكومه‌تێكی بێ په‌رله‌مان ده‌كات. ئاماژه‌شی به‌وه‌داوه كه مانه‌وه‌ی حكومه‌ت به‌بێ په‌رله‌مان ناكۆكییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی توندتر ده‌كات.
رۆژنامه‌ی العرب له ژماره‌ی ئه‌مڕۆیدا راپۆرتێكی له‌ژێر ناوی "پارتی ئاماده‌كاری بۆ حكومه‌تێكی بێ په‌رله‌مان ده‌كات" بڵاوكردووه‌ته‌وه و نووسیویه‌تی: "مانه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم به سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی له ده‌سه‌ڵاتدا به‌بێ په‌رله‌مان، ناكۆكییه‌كانی هه‌ردوو لایه‌نی حوكمڕانی (پارتی و یه‌كێتی) له هه‌رێم توندتر ده‌كات".
له سه‌ره‌تای راپۆرته‌كه‌دا هاتووه كه بڕیاره‌كه‌ی دادگای باڵای فیدڕاڵی به داننه‌نان به شه‌رعیه‌تی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان كه له تشرینی دووه‌می رابردوو ویلایه‌ته‌كه‌ی كۆتایی هات، پاڵی به سه‌ركردایه‌تی پارتییه‌وه ناوه به‌دوای رێگه‌چاره‌یه‌كدا بگه‌ڕێن تا ده‌سه‌ڵاتیان لا بمێنێته‌وه و هه‌ڵبژاردنیش ئه‌نجامبده‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی مه‌رج و داواكارییه‌كانی یه‌كێتی جێبه‌جێبكرێت.
رۆژنامه‌كه ده‌ڵێت: "به‌پێی ئاماژه‌ی به‌رپرسه‌كانی پارتی و جه‌ختلێكردنه‌وه‌ی فوئاد حسێنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق كه سه‌ر به پارتییه، حكومه‌ته‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی تا كاتی گونجاو بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، ده‌توانێت به‌بێ په‌رله‌مان به‌رده‌وام بێت".
ئاماژه‌شی به‌وه‌داوه كه "چاودێران پێیانوایه كه ئه‌م بژارده‌یه ناكۆكییه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی قوڵتر ده‌كاته‌وه، به‌ڵام بۆ پارتی یه‌كێكه له بژارده باشه‌كان كه ده‌سه‌ڵاتی كه‌م نابێته‌وه".
وه‌ك رۆژنامه‌ی العرب خستوویه‌تیه‌ڕوو، "ململانێكانی نێوان پارتی و یه‌كێتی به‌رده‌وامه، هه‌رلایه‌ك هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات قه‌واره سیاسییه‌كانی تر له‌خۆی نزیكبكاته‌وه، هه‌رچه‌نده به‌شێك وای ده‌بینن كه ئه‌م دوو حزبه ده‌گه‌نه رێككه‌وتن و دووباره پشت له قه‌واره‌كانی تر ده‌كه‌ن و له نێو خۆیاندا پۆست و داهاته‌كان به‌شده‌كه‌ن".
راشیگه‌یاندووه كه "سه‌ركردایه‌تی پارتی ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه بارودۆخی ئێستای هه‌رێم، قه‌یرانی ئابووریی، ململانێی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، ببێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی نه‌خشه‌یه‌كی سیاسی نوێ، له ئه‌گه‌ری پێكهێنانی هاوپه‌یمانی نوێ‌دا و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر لاوازبوونی پارتی هه‌بێت".
دوای ئه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی نه‌گه‌یشتنه رێككه‌وتن سه‌باره‌ت به یاسایه‌كی هه‌ڵبژاردنی نوێ له تشرینی دووه‌می رابردوو رێككه‌وتن له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان كه به‌پێی یاسا له 6ی ئه‌و مانگه‌دا كۆتایی به كاره‌كانی په‌رله‌مان ده‌هات. تا دواجار دادگای باڵای فیدڕاڵی ئه‌و پرسه‌ی یه‌كلایی كرده‌وه و درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی به نایاسایی له قه‌ڵه‌م دا و سه‌رجه‌م بڕیاره‌كانی دوای ئه‌و كاره‌شی هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
AM:10:49:04/06/2023
ئه‌م بابه‌ته 2988
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت