سکرتێری گشتیی ناتۆ: سەردانی تورکیا دەکەم و هەوڵی رازیکردنی دەدەم سەبارەت بە ئەندامێتی سوید


وێستگەنیوز_

سکرتێری گشتیی ناتۆ سەردانی تورکیا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە کۆدەبێتەوە و ئەندامێتیی سوید لە هاوپەیمانێتیی ناتۆ بابەتی سەرەکیی سەردانەکەی دەبێت.
 
ئەمرۆ پێنجشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2023، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە ئۆسلۆ رایگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی تورکیا دەکات و هەڵدەدات تورکیا رازیبکات ئەندامێتیی سوێد لە رێکخراوی ناتۆ پەسند بکات. 
 
دووپاتیشیکردەوە، "من لەوە دڵنیام کە سوید دەبێتە ئەندامی ناتۆ، کاردەکەین بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا ئەوە رووبدات." 
 
پاش ئەم لێدوانە، تۆبیاس بیڵستۆڕم، وەزیری دەرەوەی سوید، رایگەیاند کە وڵاتەکەی هەموو بەڵێنەکانی بۆ ئەندامبوون لە رێکخراوی ناتۆ پەسند کردووە و داوای لە تورکیا و هەنگاریا کرد پەلە بکەن لە قبووڵکردنی وڵاتەکەی وەکو ئەندامێکی نوێی هاوپەیمانیەتییەکە. 
 
لە لایەکی دیکەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ئۆسلۆ رایگەیاند: "ئێستا کاتی ئەوەیە کە سوید ببێتە ئەندامی رێکخراوی ناتۆ."
 
بلینکن وتیشی، "سوید هەنگاوی سەرنجراکێشی ناوە بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا و پابەندبوونی خۆی بە هاوپەیمانیەتییەکە دووبارە و دووبارە سەلماندووە."
 
ئەوە لە کاتێکدایە، لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوودا، دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، فینلاندا و سوید بەیەکەوە داواکارییان پێشکەش بە رێکخراوی ناتۆ کرد بۆ ئەندامبوون لە رێکخراوەکە.
 
تورکیاش وەکو ئەندامێکی رێکخراوەکە پێشتر رایگەیاند کە ئامادەن داواکاریی فینلاندا و سوید بۆ بوونە ئەندامی رێکخراوەکە پەسەند بکەن بەو مەرجەی هەردوو وڵاتەکە، بە تایبەتی سوید، ژمارەیەک داواکراویان رادەست بکەنەوە، بەڵام سوید بە داواکارییەکەی تورکیا رازی نەبوو، بۆیە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا تەنیا ئەندامبوونی فینلاندا لە ناتۆ رازی بووە.
 


PM:02:59:01/06/2023


ئه‌م بابه‌ته 1004 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت