دەمیرتاش: بە هەدەپەم وت ئامادەم خۆم بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید بكەم بەبێ‌ پاساو رەتیانكردەوە

‌سەلاحەدین دەمیرتاش

وێستگه‌نیوزـ

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان "هەدەپە" رایگەیاند: ئامادەبووە خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید بكات بەڵام بەبێ‌ هیچ پاساوێك پێشنیازەكەی رەتكراوەتەوە، هاوكات رەخنە لە سیاسەتی پارتەكەی دەگرێت.

سەلاحەدین دەمیرتاش، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەری artigercek قسەی لەسەر چەند بابەتێك كردووە و ده‌ڵێت: "پێش دەستپێکردنی مشتومڕەکانی کاندیدکردنی سەرۆکایەتی، بە بارەگاکەمان وت کە من ئامادەم کاندیدی سەرۆکایەتی بم و دەتوانین هەڵبژاردنەکە بۆ خولی دووەم جێبهێڵین و لەو قۆناغەدا بە هەنگاوە دیموکراسیەکان بەشداری زیاتر بکەین. هەروەها وتم کاندیدبوونم دەتوانێت رێژەی دەنگی پارتیمان بەرز بکاتەو، بەڵام ئەم پێشنیازە بەبێ هیچ پاساوێک رەتکرایەوە، تا ئێستاش هۆکارەکەی نازانم".

سەڵاحەدین دەمیرتاش کە لە زیندانی ئەدیرنە لە 4ی تشرینی دووەمی 2016ەوە لەوێ دەستبەسەرە، پشتیوانییەکی چڕ و پڕی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی چەپی سەوزی کرد.

لەبارەی ئەوەی لە دوای 28ی ئایار، بۆچوونی گشتی ئەوەیە کە فشارەکانی حکومەت بۆ سەر سیاسەتی کوردی لە جاران توندتر دەبێت، دەمیرتاش دەڵێت: "راستگۆیانە تەنیا یەک کوشتنی بەکۆمەڵ هەیە کە جێبەجێ نەکراوە و پێدەچێت نەیانوێرێت، بەڵام جینۆسایدی کولتووری بۆ توندوتیژی دڕندانە زیاد دەکەن، بە تایبەتی سەرنجیان لەسەر چوونە ناو خانەکانی کۆمەڵگا لە رێگەی HUDA PAR ەوە دەبێت. کورد لە هەموو کاتێک زیاتر ناچار دەبێت بە خۆڕاگری و خەباتی ئایدیۆلۆژی وەڵامی ئەمە بداتەوە".

لەبارەی كاریگەری دەرنەچوونی كەمال كلیچدارئۆغلۆ، دەمیرتاش پێیوایە تورکیایەک زیاتر پاوانخواز و هەژارتر و جەمسەرگیری و زیاتر وابەستە بە وڵاتانی دەرەوە دەبێت، لەبارەی بەردەوامی لە كاری سیاسی، دەمیرتاش دەڵێت "چەند مانگێک لەمەوبەر بەسەركردایەتیمان رامگەیاندبوو کە دوای هەڵبژاردن بەبێ گوێدانە ئەنجامەکان بەشداری کاری سیاسی چالاک ناکەم. من هێشتا هەمان بۆچوونم هەیە".

سەبارەت بەوەی هەستی چۆن بوو کاتێک لە ئێوارەی 14ی ئایاردا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان روونبوەوە، دەمیرتاش دەڵێت: "من بە تەواوی چاوەڕوانی ئەو ئەنجامانەم نەدەکرد، پێشبینیم دەکرد هەم پارتی چەپی سەوز و هەم كلیچدارئۆغڵو بەرزتر بن، من هەم بە ئەنجامەکان دڵتەنگ بووم و هەم توڕە بووم لە دەرکەوتنی ناڕێکخراوی ئۆپۆزسیۆن لە شەوی هەڵبژاردندا".


PM:02:52:01/06/2023


ئه‌م بابه‌ته 728 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو