پاشەکەوتی بڕی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران 23 ئەوەندەی بڕی رێگەپێدراوە


وێستگەنیوز_

بەگوێرەی راپۆرتێکی نهێنی، "پاشەکەوتی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران گەیشتووەتە نزیک 5 تۆن کە ئەمەش 23 ئەوەندەی بڕی رێگەپێدراو لە رێککەوتننامەی ئەتۆمیدایە."

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە راپۆرتێکی نهێنیدا کە کۆپییەکی لەلایەن ئاژانسە جیهانییەکانەوە وەک ئاژانسەکانی فرانس پرێس و ئاسۆشەیتێدپرێسەوە بڵاوکراوەتەوە دەڵێت: پاشکەوتی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران گەیشتووەتە چوار هەزار و 700 و 44 کیلۆگرام.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، بەپێی رێککەوتننامەی ئەتۆمی، کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا بۆی هەیە 202 کیلۆگرام و 800 گرام یۆرانیۆمی پیتێندراو پاشەکەوت بکات و  ڕێژەی پیتاندنەکەش نابێ لە 3.5 زیاتر بێت. بەڵام راپۆرتەکەی ئاژانسی وزەی ئەتۆم دەڵێ ئێران 114 کیلۆگڕام یۆرانیۆمی بە رێژەی 60% پیتێندراوی هەیە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوو دۆسیەی ناکۆکیی نێوان ئێران و ئاژانسەکە سەبارەت بە دۆزینەوەی یۆرانیۆمی بە ڕێژەی 84% پیتێندراو و هەروەها بنکەی ئەتۆمیی مەریوان لە پارێزگای ئەسفەهان داخراون و ئێران سەبارەت بەم دوو دۆسیەیە وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسەکەی داوەتەوە.

رافائێل گڕۆسی، سکرتێری گشتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی رایگەیاندووە، کێشەکانی نێوان ئێران و ئاژانس ئاڵۆزن و هێشتا دوو لایەن لەسەر چارەسەر کردنی کێشەکان نەگەیشتوونەتە خاڵی کۆتایی.

لە پاش بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە، جۆن کێربی، رێکخەری پەیوەندییە ستراتێژییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی رایگەیاند، دۆسیەی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لە بەرنامەی کاری حکومەتی ئەمریکادا نییە بەڵام هەرگیز رێگا نادات کۆماری ئیسلامیی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

ئاشکراشیکردووە، حکومەتی ئەمەریکا بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێران و پشتیوانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رووسیا بڕیاری داوە زیندووکردنەوەی دۆسیەی ئەتۆمی لە بەرنامەی کاری لابدات.


PM:02:26:01/06/2023


ئه‌م بابه‌ته 1184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت