كوێستان محه‌مه‌د: لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە هەزار و 400 منداڵی ئیشکەر هەن

‌منداڵانی ئیشکەر لە سلێمانی رووی لە زیادبوون کردووە

وێستگه‌نیوزـ

وەزارەتی کار و کاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حکومەتی هەرێم لە رۆژی جیهانی پاراستنی منداڵاندا لە هەرێم رایگەیاند، لە کۆی گشتی پارێزگای سلێمانیدا زیاتر لە هەزار و 400 منداڵی ئیشکەر هەن.

کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، تەنها لە شاری سلێمانیدا هەزار و 10 مندالی ئیشکەر هەن.

باسی لەوەشكرد، لە هەڵەبجە 124 منداڵ و لە راپەڕین 121 منداڵ و لە گەرمیان 211 منداڵی ئیشکەر هەن.

ئەمڕۆ 1ی حوزەیران، بە رۆژی جیهانی پاراستنی منداڵان دادەنرێت، کە بۆ یەکەمجار لە شاری جنێڤی سویسرا لە کۆنفرانسی جیهانی چاودێری منداڵان لە ساڵی 1925 راگەیەندرا.

رۆژی جیهانی پاراستنی منداڵان ساڵانە لە 1ی حوزەیراندا وەک دەستپێشخەرییەک بۆ خۆشگوزەرانی و مافەکانی منداڵان بەڕێوەدەچێت، بۆ کۆتاییهێنان بە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان و زەوتکردنی مافەکانی منداڵ و باشترکردنی ژیانیان.

مافەکانی منداڵان لە 54 ماددە پێکدێت و جاڕنامەی گەردوونی تایبەت بە خۆیان هەیە، کە جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی منداڵان، لە 20ی تشرینی دووەمی ساڵی 1989، لەلایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دەرچووە ‌و لە رێكەوتی 2ی ئەیلوولی 1990 كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

جاڕنامەکە لە 54 ماددە پێكهاتووە، كە دابەش كراوەتە سەر سێ بەش: لە بەشی یەكەمدا كە لە 41 ماددە پێكهاتووە، باس لە هەندێك مافی بنەڕەتی بۆ منداڵان دەكات، بەشی 2 ‌و 3ش‌، تەرخان كراوە بۆ گرتنەبەر ‌و رێكاری پێویست لەلایەن وڵاتانی بەشداری ئەم جاڕنامەیەوە بۆ جێبەجێكردنی تەواوی ماددەكانی ئەم جاڕنامەیە.


PM:12:03:01/06/2023


ئه‌م بابه‌ته 572 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو