ئەگەری ئەوە لەئارادیە پرۆژەیاسای بودجە بەدەر لە ناڕەزاییەکانی پارتی تێپەڕێنرێت

‌هۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق. وێنە: ئەرشیڤ

وێستگەنیوزـ

بەپێی راپۆرتە هەواڵێکی رۆژنامەی (المدی) بێت کە لە لاپەڕەی یەکەمی ئەمڕۆیدا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بە دواهەمین زانیارییەکانی پرسی بودجە و ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم بەغدا کردووە.


رۆژنامەکە لە دەسپێکی راپۆرتەکەیدا باسی ئەوەی کردووە کە هەندێک لایەنی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان، "هەندێک ئاماژە دەنێرن" کە پێدەچێت واتاکەی ئەوە بێت ئەگەر لە نزیکترین ماوەدا کە ئەوپەڕەکەی لە هەفتەیەک تێنەپەڕێت، بەغدا و هەرێم نەگەیشتنە رێککەوتن، ئەوا بێ لەبەرچاوگرتنی ناڕەزاییەکانی هەرێمی کوردستان پرۆژەیاساکە دەنێردرێتە پەرلەمان و دەنگی لەسەر دەدرێت.

ئەمەش بە بڕوای رۆژنامەکە ئاماژەگەلێکن کە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی "ئیحراج" کردووە، چونکە سودانی پێش دوو مانگ سەروکاری رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدای کرد لەبارەی دۆسێی نەوتەوە، "رەنگە هەر ئەوەش هۆکاری بێدەنگیی حکومەت بێت سەبارەت بەم پرسە".

سەبارەت بە تازەترن گۆڕانکاریی هەڵوێستیی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەبارەی بڕگە دەستکارییکراوەکانی 13 و 14ی بودجەوە کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق، (المدی) زانیاریی ئەوەی خستوه‌تەڕوو کە لەم دوو رۆژەی دواییدا چوارچێوە شیعییەکە کۆپییەکی هەموارکراوی مەرجەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی پێشکەش کردووە، بەڵام بەپێی ئەوانەی ئاگاداریی ئەو کۆپییە هەموارکراوەن، پێیان وایە لە بنەچەی کێشەکە دوور نەکەوتوه‌تەوە و گۆڕانکارییەکانی ناو بودجەی هەروەکو خۆی هێشتۆتەوە.

ئەوەی جێی سەرنجی رۆژنامە عێراقییەکەیە ئەوەیە، کە سودانی سەرباری ئەوەی لە دوا کۆبوونەوەی لایەنەکانی شیعەدا بەشدار بووە، کەچی هەتا ئێستا بێدەنگە و لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییەوە هیچ لێدوانێکی نەداوە.

عەبدولسەلام بەرواری، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە شاندێکی چواچێوەی هەماهەنگیی بەڵێنیان بە پارتەکەی داوە "ئەو پەرلەمانتارانەی چوارچێوەکە کە گۆڕانکارییان لە ماددەی 13 و 14دا کردووە رازیی بکات دەست لە هەڵوێستەکەیان هەڵگرن و دەسبەرداری گۆڕانکارییەکانی پشکی هەرێم ببن لە بودجە سێساڵییەکەدا".

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە؛ ئەو کۆپییە هەموارکراوەی لایەنە شیعەکان گەڵاڵەیان کردووە سەبارەت بە گۆڕانکارییەکان لە پشکی هەرێمدا، لەلایەن هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر دراوەتە دەست فوئاد حسێن، (وەزیری دەرەوەی عێراق و دانونستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان) سەبارەت بە قەیرانەکانی ئەم دواییە.

مستەفا سەنەد، پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەی دارایی، سەبارەت بە پێشنیازە تازەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی تایبەت بە پشکی هەرێم ئاماژەی بەوە دا ئەو پێشنیازانە لە گۆڕانکارییەکانی لیژنەی دارایی نەرمترن، بەڵام هەمان پەرلەمانتار لە تویتێکدا رایگەیاندبوو کە پێشنیازەکانی چوارچێوەکە "زۆر لە پرۆژە یاساکەی حکومەت توندترە".

ئیخڵاس دلێمی، پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان، ئاشکرای کردووە سەرۆکوەزیرانی عێراق دژی هەموو ئەو دەستکارییانە بووە کە لیژنەی دارایی پەرلەمان لە پرۆژەیاسای بودجەدا کردوونی. دلێمی لە راگەیاندنێکی رۆژنامەوانییدا وتی: "پەرلەمانتارانی عەسائیب و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان ئەو گۆڕانکارییانەیان پێشنیاز کردووە".

چاودێرانی سیاسیی بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە هەموو ئەوەی روو دەدا دژی خواستەکانی سەرۆکوەزیرانە کە دەیەوێت، "ببێتە سەرکردەیەکی سیاسیی و کێبەرکێی سەرکردە سیاسییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بکات"، هەر بە پێی سەرچاوەکانی رۆژنامەکە؛ ئەو لایەنە شیعییانەی نەیاری خواستەکەی سوودانیین دەیانەوێت سەرباری هەموو ناڕەزاییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان پرۆژەیاسای بودجە تێپەڕێنن".

هەندێک سەرچاوەی ئاگادار بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە کە هەندێک لایەنی شیعە دەیانەوێت لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا پرۆژە یاساکە بنێرنە پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدەن و بە کۆی دەنگ پەسەندی بکەن.

رۆژنامەی (المدی)، ئاماژەی کردووە بە لێدوانێکی موعین کازمی، پەرلەمانتاری عێراق، کە بە ئاژانسی میدیای فەرمی عێراقی وتووە، "هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت هەفتەی داهاتوو پرسی بودجە یەکلایی دەکاتەوە، ئاماژەکان ئەوە دەگەیەنن کە ئەگەری ئەوە هەیە بەهۆی کۆمەڵێک پێشنیازەوە ناکۆکییەکانی ئەمدواییەی بە هۆی بودجەوە هاتنە ئاراوە تێپەڕێنرا بن و هەفتەی داهاتوو دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بودجە بدرێت".


AM:11:42:01/06/2023


ئه‌م بابه‌ته 1056 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت