دانەغاز: بەرهەمهێنانی غاز لە کوردستان 250 ملیۆن پێ سێجا زیاد دەکەین

‌کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ

وێستگەنیوزـ

بەڕێوەبەری پەیوەندیی وەبەرهێنەران لە کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی دەڵێت، پێشبینی دەکەن لە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوودا بەرهەمهێنانی غاز لە هەرێمی کوردستان بە بڕی 250 ملیۆن پێ سێجا زیادبکات، ئەمەش دوای کۆتاییهاتنی فراوانکردنی ئێستای کێڵگەی کۆرمۆر.


دانەغاز لە چارەکی کۆتایی ساڵی 2022ـدا توانای بەرهەمهێنانی غازی لە هەرێمی کوردستان بە بڕی 50 ملیۆن پێ سێجا زیادکرد و ئاستی بەرهەمهێنانی گەیاندە 500 ملیۆن پێ سێجا، بەوەش ئاستی بەرهەمی کۆمپانیاکە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان 9.5٪ زیادی کرد.
 
کۆمپانیاکە پێشتر ئاشکرای کردبوو کە فراوانکردنی کێڵگەی "کۆرمۆر" 200 ملیۆن دۆلار بۆ داهاتی ساڵانەی کۆمپانیاکە زیاد دەکات، ئەگەر نرخی نەوت لە 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک جێگیر ببێت، ئەو بڕەش دەکاتە نزیکەی 40%ـی داهاتی ساڵانەی کۆمپانیاکە.
 
محەمەد موبەیدین، بەڕێوەبەری پەیوەندیی وەبەرهێنەران لە کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی رایگه‌یاند: "زیادکردنی بەرهەمهێنان لە مانگی نیسان دەستپێدەکات، پێشبینیش دەکرێت لە ماوەی نیوەی دووەمی ساڵی 2024 و بە درێژایی ساڵی 2025 کاریگەرییە داراییەکەی ببینین". دەشڵێت، پشکی دانەغاز لە بەرهەمهێنانی غازەکەدا دەگاتە 35%.
 
جگە لە هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای دانەغاز لە میسریش گاز بەرهەمدەهێنێت و ئەو وڵاتە 40٪ـی کۆی بەرهەمهێنانی غازی دانەغاز پێکدەهێنێت.
 
قازانجی کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا 7% دابەزیوە و گەیشتووەتە 50 ملیۆن دۆلار، ئەوەش سەرەڕای زیادبوونی قەبارەی فرۆش، بەوپێیەی دابەزینی نرخی فرۆشتنی بەرهەمەکان بە رێژەی 22% لە ماوەی چارەکی یەکەم کاریگەری لەسەر داهاتی کۆمپانیاکە هەبووە. کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، زیادبوونی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان لە چارەکی یەکەمدا هۆکاربووە لە سنووردارکردنی دابەزینی قازانجی دانەغاز.


PM:08:42:31/05/2023


ئه‌م بابه‌ته 1272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت