دۆلار لە كاتی‌ داخستنی‌ بازاڕ بە چەند مامەڵەی‌ پێوەکرا


وێستگه‌نیوزـ

لە کاتی داخستنی بازاڕەکانی دراو لە هەرێمی‌ کوردستان، نرخی‌ 100 دۆلار بە 146 هەزار و 900 دینار مامەڵەی پێوەکرا، له‌كاتێكدا به‌یانی ئه‌مڕۆ نۆرخه‌كه‌ی كه‌متر بوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە 31ی ئایاری 2023، لە کاتی داخستنی بازاڕەکانی دراودا نرخی‌ 100 دۆلار بە 146 هەزار و 900 دینار مامەڵەی پێوەکرا لە کاتێکدا، لە کاتەکانی بەیانیدا و لە کاتی کردنەوەی بازاڕی دراودا نرخی‌ 100 دۆلار بە 146 هەزار و 750 دینار مامەڵەی پێوە دەکرا.

هاوکات ئەمڕۆ بانکی ناوەندی عێراق 250 ملیۆن و 99 هەزار و 301 دۆلاری خستە بازاڕەوە و لەو بڕە زیاتر لە 189 ملیۆن دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و 60 ملیۆن و 800 هەزار دۆلاریشی بە شێوەی نەختینەی خستە بازاڕەوە و بەوەش رێژەی خستنەڕووی بە شێوەی نەختینەیی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە، ماوەی نزیکەی مانگێکە نرخی دۆلار لە نێوان 146 هەزار دینار بۆ 147 هەزار دیناردا جێگیر بووە، کە نرخی فەرمی خۆی لە بانکی ناوەندیی عێراقەوە بە 132 هەزار دینار دیاریکرا.

لە چەند رۆژی رابردوودا مەزهەر محەمەد، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر بانکی ناوەندی بەردەوام بێت لە خستنەڕووی دۆلار بەو شێوەیەی ئێستا، ئەوا بەهای دۆلار لە عێراق هاوشێوەی لوبنانی لێدێت.


PM:08:09:31/05/2023


ئه‌م بابه‌ته 5316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت