په‌یامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی له‌ساڵیادی دامه‌زراندنی حزبه‌كه‌یدا


وێستگه‌ نیوزـ

له‌ یادی 48 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی حزبه‌كه‌یدا، مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌و رایگه‌یاند: سەرەڕای هەوڵی تێکدانی پرەنسیبی  تەوافوق و شەراکەت، هێشتا رۆڵی یەکێتی لە پڕۆسەی سیاسیی وڵات و ناوەندی بڕیار لە  بەغدا، رۆڵێکی گەورە و سەنگینە بە شایەتی یار و نەیار، هێشتا بێ بەشداری کارا و راوێژی یەکێتیی هیچ پڕۆسەیەک لە عیراق و لە کوردستانیش سەر ناگرێ.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌دا، مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی ده‌ڵێت: با یادی یەكێتی بكەینە جەژنی گەردن ئازادیی و بەمەش رۆحی شەهیدەكانمان ئاسوودە بكەین. بیكەینە دەرفەت بۆ رێزلێنان لە تێكۆشانی هەڤاڵانی دێرین و جۆشدانی بەشداریی فراوانتری كچ و كوڕانی دوا رۆژ  كە داهاتوو بۆ ئەوان و هەر بەوانیش رەنگرێژ دەكرێت، چونكە رەوتی رووداوەکان بۆ هەموانی دەرخست هێشتاش ئەركە قورسەكانی خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك لە كوردستان و لەعیراقیشدا، هەر بە یەكێتی دەكرێت چونكە (یەكێتی بازووی پتەوی تێكۆشان بۆ داهاتووی كوردستان.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:
پەیامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ یادی 48 ساڵەی دامەزراندن و 47 ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێ
-کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
 -كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی شۆڕشی نوێ و كاروانی بێ بڕانەوەی قوربانیدانی  گەلەكەمان .
-هەڤاڵانی تێكۆشەری ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 

یادی (48) ساڵەی دامەزراندنی یەكێیتییەكەتان و (47) ساڵەی بەرپابوونی شۆڕشی نوێتان لێ پیرۆزبێت. جەژنی دامەزاندن و بەرپابوونتان بە خۆشی و شادی تێپەرێت.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەلومەرجی دوای هەرەسدا دڕی بە شەوەزەنگی تاریکی دا و خۆری ئومێدی بە گەلەکەمان بەخشییەوە. هەزاران شەهیدی لەم هەوراز و نشێوەدا بەخشی، سەرەڕای دژواری رێگا، سەرەڕای ئەنفال و کیمیاباران، راگوێزان و تەعریب کۆڵی نەدا و بۆ یەکەمین جار لە مێژووی حزبی کوردیدا خەباتی گەیاندە لووتکەی ڕاپەرینی رزگاری، گەیاندییە یەکەمین هەڵبژاردن و پێکهێنانی حوکمرانی ئیرادە و ئیدارەی گەلەکەمان و ئەزموونێکی بیناکرد کە ببێتە ناوەندێک بۆ خەونی کوردستانیی و چەقی روخاندنی رژێمی دیکتاتۆری بەعس لە (٢٠٠٣)دا  بە رزگاری سەرتاسەری کوردستانیشەوە.

ئەم خەباتە درێژخایانەی یەکێتی بە یەکڕیزی و یەک ئامانجی لەگەڵ هێزە کوردستانی و عیراقییەکان کارێکی کرد دەستووری عیراقی نوێ شەرعیەتی ئەزموونی دیموکراتی کوردستان بسەلمێنێ، رابەری شۆڕشی نوێش، سەرۆک مام جەلال،  ببێتە یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی کورد لە مێژووی عیراقدا.

ئەم ویستە خەباتگێڕییەی یەکێتی و کوردایەتی بناغەی پتەوی نەخشەڕێی دەستووری بۆ ناوچە دابڕاوەکان، بۆ تەوافوق و هاوسەنگی لە وڵاتی فیدرالی دانا بە جۆرێک سەرەڕای پاشەکەشێی چەند ساڵی رابردوو و هەوڵی گەمارۆی سیاسی لەسەر ئەزموونەکەمان، سەرەڕای هەوڵی تێکدانی پرەنسیبی  تەوافوق و شەراکەت، هێشتا رۆڵی یەکێتی لە پڕۆسەی سیاسیی وڵات و ناوەندی بڕیار لە  بەغدا، رۆڵێکی گەورە و سەنگینە بە شایەتی یار و نەیار، هێشتا بێ بەشداری کارا و راوێژی یەکێتیی هیچ پڕۆسەیەک لە عیراق و لە کوردستانیش سەر ناگرێ.
بێگومان ئەو رۆڵە سەنگینە هەمیشە بۆ قازانج و یەکڕیزی گەلی کوردستانە و ویستێکی نەتەوەیی و روانینێکی کوردستانی لە پشتە.
جەماوەری بەشەرەفی گەلەکەمان 

یەكێتی لە رووی ڕێكخراوەییەوە ئەزموونێكی چۆنایەتی  تێكۆشانی رێكخراوەیی و لە رووی رێوشوێنەكانی خەباتی پێشمەرگایەتی و نەبەردی و چالاكیشەوە شۆڕشێكی ناوازە بوو بۆ وڵاتەكەمان. لەم رەوتە ٤٨ ساڵیەشدا بە شانازییەوە دەسكەوتەکانی  گەلەگەمان لەنزیكی پێنج دەیەو لەسی و دوو ساڵەی حوكمڕانی كوردستاندا پێشڕەوایەتی و جێپەنجەی دیاری یەكێتی  پێوەیە. یەكێتییەكەی رابەرمان سەرۆك مام جەلال لەم ئاستەدا سەربەرزی لای مەزاری شەهیدانە.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
 وەک یەکێتی ئەركی زۆرمان جێبەجێكردووە و ئەركی زۆرتریشمان لەپێشە كە دەبێت پێكەوە رای پەڕێنین و كۆڕی خەباتی بۆ  جۆشبدەین. بە تایبەتی ئەمڕۆ تەحەدداکانی بەردەم میللەتەکەمان لە تەنگژەی دیموکراسی و بۆشایی دەستووریدا وا پێویست دەکات بە هەمان نەفەسی سەرۆک مام جەلالەوە کۆشش بۆ یەکڕیزی میللەتەکەمان بکەینەوە.

یەکڕیزییەکی راستەقینە کە بەرژەوەندییە باڵاکانی دیموکراسی و هەڵبژاردنێکی دادپەروەر  و پاکژ  دامەزراوە نیشتمانییەکانمان مشتوماڵ بکاتەوە دوای سێ دەیە لە حکومرانی و پێگەیینی چەندین نەوەی تازە لە کۆمەڵی کوردەواریدا. بۆ ئەمەش یەکێتیی بە گرنگییەوە لە پرسی یەکڕیزی و هەڵبژاردنی ئازاد و پاک و بێگەرد کە نوێنەرایەتی میللەتەکەمان بە نوێنەرایەتییەکی راستەقینەی پێکهاتەکانیشەوە دەڕوانێ و کاری بۆ دەکات.

بۆیە هەڤاڵان؛
 لەپاڵ بەرزراگرتنی سەروەری و نەبەردییەكانمان، زۆر گونجاوترە‌ یادی ئەمساڵ بكەینە دەرفەتێك بۆ ئەركەكانی قۆناغی نوێ لە چاکسازی راستەقینە، بیكەینە بۆنەیەك بۆ خۆڕێكخستنەوە و ئاشتكردنەوەی جەماوەر كە سەرچاوەی هێزی لەبنەهاتووی یەكێتین لەڕێی ئامانجە دوورەكانی (ئاشتی، دیموكراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنوسین )دا.

با یادی یەكێتی بكەینە جەژنی گەردن ئازادیی و بەمەش رۆحی شەهیدەكانمان ئاسوودە بكەین. بیكەینە دەرفەت بۆ رێزلێنان لە تێكۆشانی هەڤاڵانی دێرین و جۆشدانی بەشداریی فراوانتری كچ و كوڕانی دوا رۆژ  كە داهاتوو بۆ ئەوان و هەر بەوانیش رەنگرێژ دەكرێت، چونكە رەوتی رووداوەکان بۆ هەموانی دەرخست هێشتاش ئەركە قورسەكانی خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك لە كوردستان و لەعیراقیشدا، هەر بە یەكێتی دەكرێت چونكە (یەكێتی بازووی پتەوی تێكۆشان بۆ داهاتووی كوردستان.

جارێكی تر ئەم یادەتان پیرۆزبێت.
درود و نەوازش بۆ رۆحی پاكی شەهیدان 
  سڵاو :
لەپێشمەرگە، رێكخستنەكان، زیندانیانی دێرین و لە پاڵەوانە زۆر و زەوەندەكانی شارو لادێی كوردەواری كە ئەم تەلارە بەرزەی  تێكۆشانیان ئاواكرد.

   مەكتەبی سیاسی 
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
2023-6-1


PM:06:33:31/05/2023


ئه‌م بابه‌ته 828 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت