له‌یادی 48 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتیدا كۆسره‌ت ره‌سوڵ په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌و وێڕای پیرۆزبایی رایگه‌یاند: هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سەخت و هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، بۆیه‌ ئەرکە لەسەر شانی هەموو هێزو لایەنە سیاسییەکان بەرژەوەندییەکانی خۆیان وەلا بنێن.

كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ئومێدی خواستوه‌ "ئەم یادە ببێتە مایەی گەشانەوەی زیاتری یەکێتی و ده‌ڵێت: ئەمڕۆ کە 48ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سەخت و هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەئاستی پێویستدا نییە، دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان سەختە، ئایندەی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا روون نییە، بۆیە ئەم یادە پیرۆزە بەپێویست دەزانم رایبگەیەنم کە ئەرکە لەسەر شانی هەموو هێزو لایەنە سیاسییەکان بەرژەوەندییەکانی خۆیان وەلا بنێن و خەبات بکەن لەپێناو دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ گەلەکەمان و دانانی ستراتیژێکی نەتەوەیی بۆ ئایندەی گەلەکەمان و هەنگاونان بەرەو ئەو ئاوات و ئامانجانەی ساڵەهایە خەباتیان بۆ دەکەین و نەهاتوونەتە دی.

"ئەوێ رۆژێ، شۆڕشی کوردی کۆتایی هاتبوو، دوژمنانی کورد خەونیان بەلەناوچوونی کوردو کۆتایی هاتنی دۆزە رەواکەی دەبینی، نائومێدی باڵی بەسەر گەلەکەمان کێشابوو، لەم کاتەدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دامەزرێنرا. دوای تەنها ساڵێک لە شاخەکانی کوردستان خەباتی چەکداری دەست پێکردەوە، پێشمەرگە قارەمانەکانی یەکێتیی گوتیان تا کوردێک مابێ و شاخێک بەپێوە وەستابێ کورد بەردەوام دەبێ لە خەبات." كۆسره‌ت ره‌سوڵ واده‌ڵێت.

باسی له‌وه‌شكردوه‌ كه‌ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حزبێکی تێکۆشەرەو خاوەن مێژووێکی پڕ لە سەروەری و شانازییە و وتی: یه‌كێتی رابەرایەتی شۆڕشی نوێی گەلەکەمانی کرد، کۆڵی نەداو خەباتی کرد، رێکخستنە نهێنییەکان لەناو شار، پێشمەرگە قارەمانەکان لە شاخ بەردەوام بوون تا لە راپەڕین رژێمی بەعسی فاشیستیان لە کوردستان وەدەرناو یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراو حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرێنرا.

"مێژووی یەکێتیی مێژووی هەزاران شەهیدو سەدان داستان و قارەمانێتی و نەبەردییە، مێژووی بەرەنگاربوونەوەی بەعس و تاریکپەرستانە، مێژووی رێکخستنە نهێنییەکان و زیندانیانی سیاسی و قارەمانانی ژێرپەتی سێدارەو دروشمی کەم بژی و کەڵ بژی-یە، ئەرکە لەسەر شانی هەموو یەکێتییەکان لەئاست گەورەیی ئەو مێژووە بن و خەبات بکەن بۆ پاراستن و گەشەپێدانی، دەبێ هەموومان باش ئەو راستیە بزانین یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرهەمی خوێن و خەبات و قوربانیدانی هەموو تێکۆشەران و شەهیدان و قارەمانانە، ئەرکە لەپێناو ئەم رابردووە پڕ لە شانازی و سەروەرییە هەموو پێکەوە دەست لەناو دەست خەبات بکەین بۆ گەشەپێدانی لە داهاتوودا." ئه‌مه‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌ی كۆسره‌ت ره‌سوڵ بوو.

له‌كۆتایی په‌یامه‌كه‌شیدا وتویه‌تی: "جارێکی تر پیرۆزبایی ئەم یادە پیرۆزە لە خۆمان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و تێکۆشەران و پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم یەکێتییەکان دەکەم و دەخوازم ئەم یادە بکەینە هەوێنی زاڵ بوون بەسەر کێشەکان و چارەسەرکردنیان."


PM:05:36:31/05/2023


ئه‌م بابه‌ته 1288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت