كۆمه‌ڵی دادگه‌ری: بڕیاره‌كه‌ی دادگا چه‌سپاندی ده‌سه‌ڵاتدارانی ھه‌رێم دوور له‌ یاسا و پره‌نسیپه‌كان بڕیاری ھه‌ڵه‌ ده‌ده‌ن


وێستگه‌ نیوز-

وته‌بێژی‌ كۆمه‌ڵی‌ دادگه‌ری‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی چه‌سپاندی ده‌سه‌ڵاتدارانی ھه‌رێم  دوور له‌ یاسا و پره‌نسیپه‌كان بڕیاری ھه‌ڵه‌ ده‌ده‌ن، ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ پێشتر هۆشدارییان داوه‌ كه‌ "ده‌بینه‌ گاڵته‌جاری وڵاتان".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 30ی‌ ئایاری‌ 2023، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق تاوتوێی چه‌ند سكاڵایه‌كی كرد كه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بوو. دادگاكه‌ بڕیاری دا كه‌ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ناده‌ستوورییه‌ و سه‌رجه‌م بڕیاره‌كانی‌ كاتی‌ درێژكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.

له‌ كاردانه‌وه‌ش به‌رامبه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ی‌ دادگای‌ فیدڕاڵی‌، محه‌مه‌د حه‌كیم وته‌بێژی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ "بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی عێراق، ئه‌و ڕاستییه‌ی چه‌سپاند كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ھه‌رێم به‌ ڕێچكه‌ و شێوازێكی ھه‌ڵه‌ حوكمڕانی ده‌كه‌ن و دوور له‌ یاسا و پره‌نسیپه‌كان بڕیاری ھه‌ڵه‌ ده‌ده‌ن، كه‌ زه‌قترینیان درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی ھه‌رێم، له‌سه‌روویانه‌وه‌ په‌رله‌مان بوو".

وته‌بێژی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری ده‌ڵێت: "ئێمه‌ به‌رده‌وام دژی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی هه‌ر كام له‌و دامه‌زراوانه‌ بووین، بۆیه‌ له‌ ھه‌موویان كشاینه‌وه‌".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "زۆر جاریش سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری ھۆشیاریی دڵسۆزانه‌ی داوه‌ كه‌ به‌م شێوه‌ حوكمڕانییه‌ له‌ ناوخۆ زه‌ره‌ر و له‌ ده‌ره‌وه‌ش ناوبانگی میلله‌ته‌كه‌مان له‌كه‌دار ده‌بێت و به‌هۆیه‌وه‌ ده‌بینه‌ گاڵته‌جاری وڵاتان".

وته‌بێژه‌كه‌ی‌ كۆمه‌ڵی‌ دادگه‌ری‌ راشیگه‌یاند كه‌ "به‌ڵام ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ جیاتی گوێگرتن له‌ دڵسۆزان، له‌سه‌ر بڕیاری هه‌ڵه‌ و تاكڕه‌وانه‌ و حوكمڕانیی خراپ به‌رده‌وام بوو".


PM:10:48:30/05/2023


ئه‌م بابه‌ته 1416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت