چیرۆکی ناخهەژێنی منداڵانی ئۆکرانیا لە نێوان جەنگ و لەدەستدانی باوک و دایکیاندا

‌منداڵێکی ئۆکرانی کە باوکی لە جەنگدا کوژراوە

وێستگه‌نیوزـ لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ جەبار

ئەو دوو منداڵە چاویان بە رادەیەک نوقاندووە بۆ ئەوەی چاویان لە دووکەڵەکە بپارێزن و بە ئەنگوستەچاو بڕواننە دووکەڵی بۆردومانەکە، دوای ئەوەی تەقینەوەی موشەکێک ماڵە خنجیلانەکەیانی لە ناوچەی دۆنێتسکی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا هەژاند.


ئەو دوو منداڵە یەکێکیان تەمەنی 9 ساڵەو ئەوی دیکەیان 10 ساڵانە، هاواریان بۆ باوکیان دەکرد. بەڵام بێدەنگییەکی ترسناک باڵیکێشابوو بە ماڵەکەدا.

پاشان ئۆلها هینکینا و براکەی ئەندری وەک ئەوەی فێریان کردبن بەپەلە خۆیان گەیاندە پەناگەی خۆپارێزی لە بۆردومانەکان. کاتێک بۆردومانەکان وەستان و چڕی دوکەڵەکە ڕوونبۆوە، لە پەنجەرەی ماڵەکەیانەوە باوکیان بینی؛ بەبێ جووڵە و سەرتاپای خوێنبوو لەناو ماڵەکەدا کەوتبوو دوای ئەوەی موشەکێکی ڕووسی ماڵەکەیانی پێکابوو.

لە ئێستادا نینا پۆلیاکۆڤا لە کەمپی ساڕێژبوونەوەی منداڵان و دایکانن لە نزیک شاری لڤیڤ لە ئۆکرانیا، ئەو کەمپە داڵدەی ئەو منداڵ و دایکانە دەدەن کە بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتووە. لەکاتێکدا سەدان منداڵ کوژراون؛ بەڵام ئەو مندانەشی کە ڕزگاریان بووە، ئەو زەبروزەنگە بەرفراوانە بە دڵنیاییەوە دۆخێکی دەروونی بەجێدەهێڵێت کە لەناو دڵ و دەروونیاندا هەر دەمێنێتەوە تا تەمەنی هەرزەکاری و تا گەورەش دەبن. یونیسێف دەڵێت، بە مەزەندەکردنی یەک ملیۆن و 500 هەزار منداڵی ئۆکرانی مەترسی تووشبوون بە کێشەی تەندروستی دەروونییان لەسەرە.  

ئەندری کە ئێستا لە شاری لڤیڤ لە رۆژئاوای وڵاتەکەیە سەلامەتترە و لە نزیک سنووری پۆڵەندا دەژی، دەڵێت "باوکم کاتژمێر حەوتی بەیانی کوژرا".

ئەو دوو خوشک و برایە هاوپەیوەندن بە نەوەیەکی منداڵانی ئۆکرانیەوە کە بەهۆی شەڕەوە ژیانیان وەستاوە. لەشکرکێشییە سەرتاپاگیرییەکەی رووسیا بووەتە هۆی بۆردومانی بەردەوام و ملیۆنان کەسی دەربەدەر کردووە و زۆربەیان بێ دایک و باوکان، یان باوکیان لەدەستداوە.

ئۆلێکساندرا ڤۆلۆخۆڤای دەروونناس کە لەگەڵ ئەو منداڵانەدا کاردەکات کە لە توندوتیژی ڕزگاریان بووە، دەڵێت، " تەنانەت ئەگەر منداڵان بۆ ناوچەیەکی سەلامەتتر هەڵهاتن، ئەوە بەو مانایە نییە کە هەموو ئەو شتانەیان لەبیرکردووە کە بەسەریاندا هاتووە".

بەپێی ئامارەکانی داواکاری گشتی ئۆکرانیا، لانیکەم 483 منداڵ گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی هەزار کەسیش برینداربوون.

هاوکات، یونیسێف دەڵێت، بە مەزەندەکردن یەک ملیۆن و 500 هەزار منداڵی ئۆکرانی مەترسی تووشبوونی خەمۆکیان لەسەرە، هاوکات دڵەڕاوکێ، تێکچوونی فشاری دەروونی دوای کارەسات و کێشەی دیکەی تەندروستی دەروونی کە تێکڕا ئەگەری کاریگەری بەردەوامیان هەیە لەسەریان.

دەزگای نیشتمانیی کۆمەڵایەتی ئۆکرانیا رایگەیاند؛ نزیکەی هەزار و 500 منداڵی ئۆکرانی بەهۆی جەنگەکەوە بێ دایک و باوک بوون یان باوکیان لەدەستداوە.

زۆرترین ژمارەی قوربانیانی منداڵان لە شاری دۆنێتسکەوە دێت کە ناوەندی زۆرێک لە شەڕەکانە و بەپێی وتەی بەرپرسانی ئۆکرانیا 462 منداڵ کوژراون یان بریندار بوون.

ئەو ئامارە قوربانیانی شاری ماریۆپۆل ناگرێتەوە کە رووسیا داگیریکردووە کە هاوکات بەشێکە لە پارێزگای دۆنێتسکیش ناگرێتەوە، کە بەرپرسانی ئۆکرانیا بە ئاستەم شوێنپێی کوژراو و بریندارەکانیان زانیوە.

پێش ئەوەی شەڕ بەرۆکی وڵاتەکەیان بگرێت، بنەماڵەی هینکین وەک هەر کەسێکی دیکە لە گوندی تۆرسکێدا دەژیان، کە ئەمڕۆ تەنها 35 کیلۆمەتر لە بەرەکانی شەڕەوە دوورە.

لەگەڵ کوژرانی باوکیان لە مانگی 10ی ساڵی پاردا، منداڵەکان بێ باوک و دایکن لەبەرئەوەی دایکیشیان ساڵانێک بەر لە جەنگەکە کۆچی دوایی کرد.

دوای شەش مانگ، وا پێدەچێت ئەو خوشک و برایانە سەخترین و خراپترین ژیانیان بەڕێکردبێت.

پۆلیس و خۆبەخشەکان ئەوانیان گواستەوە بۆ ناوچەیەکی سەلامەتتر؛ لە ناوچەی زاکارپاتیای ڕۆژئاوا، لەوێ لەلایەن خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی حکومەت و ڕێکخراوێکی خێرخوازی ئۆکرانیا بە ناوی گوندەکانی منداڵانی SOSنیشتەجێبوون و ڕاوێژکارییان بۆ دابینکراوە و چاودێرییان دەکەن.

چیرۆکەکەیان لە شاری تۆرسکێ و دەوروبەری بڵاوبۆوە، دوای ئەوەی پۆلیس گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بینراوە و تێیدا تەرمی باوکیان لە ماڵی خێزانەکەیان دەردەهێنا.

نینا پۆلیاکۆڤای تەمەن 52 ساڵ، خەڵکی شارۆچکەی لایمانە دەڵێت، "ئێمە گوندەکەمان دەزانی، ئێمە دەمانزانی لە کوێ دەژین. ئێمە ئەوانمان دەناسی".  

هەرچەندە ساڵی رابردوو لەگەڵ خێزانەکەی بەرەو شاری لڤیڤ هەڵهات، بەڵام پۆلیاکۆڤا بەردەوامبوو لە بەدواداچوونی هەواڵەکانی ناوچەی زێدی خۆی. پاشان کارەساتێک بەسەر ژیانیدا هات، کاتێک کوڕەکەی کە بەخێوی دەکرد و تەمەنی 16 ساڵ بوو بەهۆی نەخۆشییەکی دڵەوە لەناکاو گیانی لەدەستدا.

هەروەها کچێکی تەمەن 16 ساڵی لەلایە کە لە ساڵی 2016 لەگەڵ هاوسەرەکەی لە شارۆچکەی داگیرکراوی هۆرلیڤکا وەریگرتووە و خۆی بەخێوی دەکات، کە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ جوداخوازانی سەر بە رووسیا دەستیپێکرد، ساڵانێک پێش لەشکرکێشییەکەی ساڵی 2022 پێکەوە دەژین.

پۆلیاکۆڤا لە خەم و پەژارەدا نوقم بووە، ڕۆژێک پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ناوەندێکی ناوخۆییەوە پێگەیشت کە پشتگیری منداڵانی دەکرد. ئەوەی پەیوەندی پێوەکرد پرسیاری ئەوەی لێکردوە کە ئایا ئامادەیە خوشک و براکانی هینکین بناسێت.

لە یەکەم کۆبوونەوەیاندا زیاتر باسیان لە ماڵی بنەماڵەی هینکین و ئەو ئاژەڵە ماڵییانە دەکرد کە هەیانبوو. یەکێک لە چالاکییە دڵخوازەکانی ئەندری خۆراکپێدانی بەرازەکان بوو.

پۆلیاکۆڤا بڕیاریدا بەخێرهاتنی ئەو دوو منداڵە بکات لە خێزانە گەورەکەیداو بەخێویان بکات.

پۆلیاکۆڤا دەڵێت "ئێمە دووچاری کارەسات بووین، دواتر تەنها چارەنووس ئێمەی کۆکردەوە". ئاماژەی بەوەشکرد "ئێستا زۆرێک لە منداڵان بە تەنیا ماونەتەوە، بێ دایک و باوک. منداڵان پێویستیان بە چاودێرییە، پێویستان بە خۆشەویستی. خوازیارن لە باوەش بگیرێن و دڵنەوایی بدرێتەوە."

زۆرێک لە دامەزراوەکان دەستیانکردووە بە یارمەتیدانی منداڵان بۆ زاڵبوون بەسەر زەبر و زەنگی شەڕدا، لەنێویاندا گروپێک بە ناوی دەنگی منداڵان، کە نزیکەی 700 داواکارییان لەلایەن دایک و باوکانەوە بەڕێکردووە کە بەدوای یارمەتیدا دەگەڕێن بۆ ئەو منداڵانەی بەدەست فشاری درێژخایەن و هێرشی ترس و نیشانەکانی نەخۆشی دەروونی PTSDەوە دەناڵێنن.

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی خێرخوازی کە بڵاویکردووەتەوە، داواکارییەکان لەگەڵ پێشکەوتنی شەڕەکەدا گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. لەم زستانەی رابردوودا، دایک و باوکان داوای یارمەتییان کرد دوای ئەوەی تێبینی گۆڕانکاری رەفتاریان کرد لە منداڵەکانیاندا لەوانە بێباکی، شەڕانگێزی و دڵەڕاوکێ، هەستیاری بە دەنگە دەنگە بەرزەکان و خووی دژواری و دژە کۆمەڵایەتی و گۆشەگیری.

ئۆلێنا ڕۆزڤادۆڤسکا، بەرپرسی دەنگەکانی منداڵان دەڵێت، "دەروونی منداڵ زیاتر لە دەروونی گەورەکاندا دەمێنێتەوە و بە پشتیوانی لە کاتی خۆیدا و کوالیتیەکی باش، تێدەگەین کە منداڵ دەتوانێت بە ئاسانی بەسەر هەر رووداوێکی زەبربەخشدا زاڵ بێت".

پۆلیاکۆڤا دەشڵێت چاکبوونەوە لە چەند مانگێکدا سەختە کە ئەوەندە نزیکن لە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕەکە ژیانی خوشک و براکانیان قورس بوو.

دەڵێت ئەو منداڵانە "زۆر ترساون". ئۆلها هەر جارێک گوێی لە ئاگادارکەرەوەی هێرشی ئاسمانی بووە؛ دەگری و باوەشی پیادا دەکات. ئەندری لە رۆژدا تاڕادەیەک ئارام بوو بەڵام لە نیوەی شەودا دەستی بە هاوارکردن دەکرد.

رێکخراوێکی خێرخوازی ناسراو بە دڵێکی بەسۆز لە سەرەتای لەشکرکێشیەکەی ساڵی رابردووەوە کەمپی چاکبوونەوەی کورتخایەنی بۆ منداڵان و دایکانیان بەڕێوەبردووە. زیاتر لە هەشت هەزار کەس خزمەتگوزاری ئەو کەمپە دەیانگرێتەوە.

پۆلیاکۆڤا سێ منداڵە بەخێوکەرەکەی بردە ئەوێ. ئەو ویستویەتی یارمەتی زیندووکردنەوەی ئەو منداڵییە بدات کە بەهۆی شەڕەوە لەدەستیان داوە.

لە کەمپەکەدا یارییان لەگەڵ منداڵانی دیکە دەکرد کە ئەزموونی هاوشێوەیان هەبوو و بەشدارییان لە کۆبوونەوە هونەریەکان و وانەکانی سەما و چالاکییەکانی دیکەدا دەکرد کە بۆ یارمەتیدانی منداڵان بۆ دەربڕینی هەستەکانیان ساز و ئامادەکرابوو.  

دەنگی پێکەنین و یاریکردن لە کەمپی پڕ لە منداڵانی ناوچە وێرانبووەکانی دۆنێتسک، لوهانسک، زاپۆریژژیا، خێرسۆن و ناوچەکانی دیکەدا دەنگی دەدایەوە. زۆرێک لەوانە شایەتحاڵی تەقینەوەکان بوون و ئەزموونی لەدەستدانی دایک و باوکێکیان کردووە. هەندێکیان برینداربووبوون و ئێستا برینەکانیان ساڕێژبۆتەوە.

لە میانی دانیشتنێکی هونەریدا تیشێرتێکی سپیان دا بە منداڵەکان و ڕێنمایی کران کە لە ڕێگەی وێنەکێشانەوە هەستەکانیان دەرببڕن. زۆربەیان بە شین و زەردی ئاڵای ئۆکرانیا نەخشێنراون و دەستەواژەی "شکۆمەندی بۆ ئۆکرانیا" یان لەسەر نووسراوە.

ئۆلها هینکینا دڵێکی بە رەنگی شین و زەرد نەخشاندووە.

ڕۆزڤادۆڤسکا دەڵێت، "منداڵان رەنگدانەوەی ئەوەی لە رووکەشدایە دەبینین". "ئەوان لە کەشێکی رەنگەکانی ئاڵاکەماندا گەورە دەبن، بەرەوپێشچوونی رۆژانەی بەرەکانی جەنگ و شانازیکردن بەو سوپایەوە کە بەرگری دەکات".

دەشڵێت، چاکبوونەوە لە دەستی منداڵەکاندایە. دەتوانن بەهێزتر گەشە بکەن چونکە لە ژیاندا ماونەتەوە، هاوکات "ئەوان هەڵگری ئەو ئەزموونەن کە یارمەتیان داون و رزگاریان بووە". "رەنگە تەنانەت وای لێکردوون کە خۆڕاگرتر و هەماهەنگتربن."

ئەندری هینکین شارەکەی خۆی لەبیرە، بۆمبەکان و دوکەڵ و باهۆزی تەقینەوەکانی بیرناچێتەوە. وەک گوندێکی جوان لەبیریەتی.

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە گەورەترین خەونەکانی چین، بە نیگەرانییەوە وەڵامی دایەوە وتی "دەمەوێت گەورە بم".

*بۆ ئامادەکردنی ئەم چیرۆکە سود لە ئەسۆشەیتد پرێس، رۆیتەرزو ئۆکرانیا نیوز وەرگیراوە


AM:09:07:30/05/2023










ئه‌م بابه‌ته 1044 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو