ڕێژە و ژمارەی نەخوێندەوارانی عێراق شۆکهێنەرە!


وێستگەنیوز-میدیا عێراقییەکان

وڵاتێک کە بە "وڵاتی نێوان دوو ڕووبار" ناسراوە، سەرزەمینی داهێنانە گەورەکانی بەرایی مرۆڤ، داهێنەری نووسین و یەکەم زمانی نوسین، داهێنەری کشتوکاڵ، ئەفرێنەری شار، خاوەنی یەکەم داستانی ئەدەبی، ئێستا بووەتە سەرزەمینی دەیان دیاردەی دزێو و ناشرین، کە لە هەموویان مەترسییدارتر نەخوێندەوارییە، ڕێژە و ژمارەی نەخوێندەواریی و نەخوێندەواران لە وڵاتی نێوان دوو ڕووبار مایەی شۆک و هەڵوەستە لەسەرکردنە.

ئەندامێکی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراق لە تازەترین لێدوانیدا، ئاماری نەخوێندەوارانی عێراقی ئاشکرا کردووە و پێشبینیشی کردووە ساڵانی داهاتوو ئەو ژمارەیە زیاتر هەڵبکشێت، ئەویش بەهۆی زۆربوونی ژمارەی ئەوانەی واز لە خوێندن دەهێنن لەگەڵ خراپی ڕەوشی ئابووری وڵاتەکە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بە ڕێژەی تەرخانکراوی کەرتی پەروەردە لە بودجەی عێراقدا داوە و ڕاشیگەیاندووە کە، عێراق لە سەرجەم پارێزگاکاندا پێویستی بە دروستکردنی زیاتر لە هەزار قوتابخانە و خوێندنگە هەیە.

جەواد عەزیز ئەلغەزالی، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: هەموو حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی دوای ساڵی 2003، هیچ بایەخێکیان بە دامەزراوەکانی پەروەردە نەداوە، لەکاتێکدا هەندێک دەوڵەت ڕێژەی 20%ی کۆی بودجەی وڵاتەکەیان بۆ کەرتی پەروەردە تەرخان دەکەن کەچی عێراق تەنیا 1.7%ی بودجەی پێ ڕەوا دەبینێت، ئەوەش ڕێژەیەکی زۆر کەمە و پێداویستییەکانی ئەو کەرتە گرنگەی پێ دابین ناکرێت.

بەپێی دواهەمین خەمڵاندن، ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی 2023دا گەیشتووەتە 42 ملیۆن و 921 هەزار و527 کەس، لەو ڕێژەیە نزیکەی یەک چارەکیان نەخوێندەوارن کە دەکاتە زیاتر لە 11 ملیۆن کەس.

غەزالی لە درێژەی لێدوانەکەیدا ڕایگەیاندووە کە لیژنەی پەروەردە داوای لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کردووە لەم قۆناغەدا بودجەی تەرخانکراو بۆ کەرتی پەروەردە زیاد بکەن بۆ 3.10ی کۆی هەموو بودجەکە، بەڵام بە وتەی ئەو پێدەچێت تەنیا ڕێژەی 2.7 لە سەدی بودجەی بۆ تەرخان بکەن.

ئەو پەرلەمانتارە لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەشڵێت: "نەخوێندەواریی بە ئاستێکی مەترسییدار لە عێراقدا تەشەنەی سەندەووە، ساڵانی دادێت ڕێژەکە زۆر زیاتر دەبێت، ئەویش لەسەر بنەمای ئاماری ئەوانەی دەستبەرداری خوێندن دەبن لەگەڵ خراپتر بوونی ڕەوشی ئابووریی کە بە هۆیەوە خێزانەکان منداڵەکانیان لەبەر خوێندن دەردەهێنن".

سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەو ڕێژە بەرزەی نەخوێندەواریی، ئاماژەی بەوەداوە کە کەمتەرخەمی حکومەت بەتایبەتیی لە ساڵانی ڕابردوودا، سەرباری ئەو دۆخە خراپەی وڵاتی پێدا تێپەڕیی و چەندان شتی دیکە هۆکاری تەشەنەسەندنی ئەو دیاردەیەن.


PM:02:52:29/05/2023


ئه‌م بابه‌ته 1556 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت