سەندەی تایمز: پێنج ساڵی دیکەی سەرۆکایەتی ئه‌ردۆغان چی لە هەگبەدا دەبێت؟

‌رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا

وێستگەنیوز-

لویز کەلاهان، پەیامنێری رۆژنامەی (سەندەی تایمز)، لە وتارێکدا کە هاوکات بوو لەگەڵ بەڕێوەچوونی دووەم خولی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، وتارێکی بۆ رۆژنامەکە نووسیوە لەژێر ناونیشانی (بردنەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا، ئه‌ردۆغان لە زەلکاوێکی دەستکردنی خۆیدا دەچەقێنێت)... ئەو رۆژنامەنووسە لەو وتارەدا دەنووسێت "ئەو دەمەی ئەردۆگان هەڵبژاردنەکان دەباتەوە، وەک ئەوەیە هەر ئێستاکە کێشەکانی تورکیا دەستیان پێ کردبێت".

کەلاهان، لە وتارەکەیدا باسی ئەوە دەکات کاتێک ئه‌ردۆغان دەبێتەوە بە سەرۆک کۆماری تورکیا، لە هەرەمی سەرەوەی دەسەڵاتی وڵاتێکدا دەمێنێتەوە کە دەست و پەنجە لەگەڵ زۆر قەیرانی قووڵدا نەرم دەکات کە ئه‌ردۆغان بە دەستەکانی خۆی درووستی کردوون.

کالاهان تورکیا بە وڵاتێکی "لاواز و تێکشکاو لەڕووی ئابوورییەوە" وەسف دەکات، وڵاتێک بە دەست هەڵاوسانێکی بەردەوامەوە دەناڵێنێت کە هاوکاتە بە دابەزینی بەردەوامی بەهای دراوە نیشتیمانییەکەی، هەروەها لەم نێوکۆییەدا ئاماژە بە لێکەوتەکانی بوومەلەرزەکەی مانگی دووی ئەمساڵ دەکات کە هەزاران کەسی کردە قوربانی.

سەبارەت بە دۆخی دەسەڵاتی دادوەریی لەو توورکیادا، کەلاهان دەڵێت، "وێرانە و پێشێلکراوە دوای ئەو پاکتاوەی ئه‌ردۆغان لەو دەسەڵاتەدا کردی"، هەروەها دژایەتییکردنی لیبراڵیزم بەردەوام لە هەڵکشاندایە و هیچ دەرفەتێکی نزیک لەبەردەمی تورکیادا نییە بۆ چوونە ناو یەکێتیی ئەورووپا.

هەروەها سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە ئەو رۆژنامەنووسە دەڵێت: "سەرکەوتنە دەرەکییەکانی ئه‌ردۆغان لەگەڵ عەقڵیەتی بنکە جەماوەرییەکەی وێک دێتەوە، بەڵام لێکەوتەکانی ئەو سیاسەتە دەرەکییە لەسەر ئاستی ناوخۆیی هیچ سەقامگیریی و گەشەکردنێک بۆ توورکیا ناهێنێت".

هەروەها لەو وتارەدا نووسەر ئاماژە بەوە دەدات کە لەگەڵ ئەوەی تورکیا دەستی گرتووە بەسەر بەشێکی خاکی باکووری سوریا، بەڵام دوژمنە سەرسەختەکانی (واتە کوردانی سوریا) هێشتا بەشێکی فراوانی خاکی سووریایان لەژێر دەستدایە کە هاوسنوورە لەگەڵ باشووری تورکیا، ئەوەش بەردەوام ئاساییشی نیشتمانی تورکیای بە هەڕەشەلێکراوی هێشتوه‌تەوە.

کەلاهان ئەوەش بە بیر دەهێنێتەوە کە داڕمانی رەوشی ئابووری تورکیا ئاماژەی مەترسییدار پیشان دەدەن، هەروەها بەڵێنی ئەردۆغان بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانک، دوای ساڵانێک لە پێڕەوکردن و کەمکردنەوەی بەردەوام؛ جگە لە زیادکردنی هەڵاوسان ئەنجامێکی دیکەی نەبووە.

سەبارەت بە پرسی ئاوارە سوورییەکان، کەلاهان دەنووسێت: "لە گەرمەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییدا، لە چەقی تورکیادا شتێکی پیس دەرکەوت"، کە مەبەستی ئاوارە سوورییەکانە، ئینجا درێژەی دەداتێ: "پێدەچێت تاکە شتێک کە ئەم وڵاتە 85 ملیۆن کەسییە یەک دەخات بریتییە لە بێزکردنەوە لە ئاوارە سوورییەکان".

پەیامنێرەکەی (سەندەی تایمز) سەرنجیشی راکێشا بۆ ئەوەی سوورییەکان لە هەڵکوتانەسەر و دەستدرێژیی دەترسن، هەروەها ئاماژەی داوە بە، "تاڵانکردنی هەندێک دوکان و رووداوی کوشتن کە خانەوادەکان گومانیان لەوەیە پاڵنەرەکانیان رەگەزپەرستانە بن". کالاهان دووپاتیشی کردوه‌تەوە کە هەستی راشکاوانەی بێزکردنەوە لە پەنابەران بوه‌تە شتێکی ئاسایی لەنێو توێژێکی بەرفراوانی کۆمەڵگەی تورکی و زۆر لەمێژیشە بەو جۆرەیە".

لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوە داوە کە پەرتبوونە دێرینەکەی توورکەکان بەسەر عەلمانیی و دیندارەکاندا ئێستا بایەخێکی لاوەکیی هەیە، چونکە خەڵکێکی زۆر لە هەموو توێژە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە بەرەو شێوازە پەڕگیرەکانی نەتەوەپەرستیی روویان وەرگێڕاوە. "لەگەڵ هەبوونی ئەم هەموو قەیرانەدا، وا دەردەکەوێت ئایندەی تورکیا زۆر تاریکە"؛ ئەمەش بە پێی وەسفی نووسەری رۆژنامەکە.


PM:02:41:29/05/2023


ئه‌م بابه‌ته 928 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت