فازڵ نەبی: لەپڕۆژە یاسای بودجەی عێراق سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێم هێنراوەتە ئاستی خوارتر له وه‌زیری دارایی
وێستگه نیوزـ
بریکاری پێشوتری وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق پێی وایه پڕۆژە یاسای ئه‌مجاره‌ی حكومه‌تی عێراق، دەبێتە هۆی "لەدەستدانی" سەروەری هەرێمی کوردستان و هۆشداریی دایه سه‌ركرده‌كانی کورد و وتی: " شته‌كان به‌شێوه‌یه‌ک مینڕێژكراون لێدانی تریش به‌دوادا دێت"، ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد كه لەپڕۆژە یاسای بودجەی عێراق سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێم هێنراوەتە ئاستی خوارتر له وه‌زیری دارایی
د. فازڵ نەبی، پسپۆڕی بواری ئابوری کە هاوکات لە پێشووتردا بریکاری پێشوتری وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق بوو، بۆچونه‌كانی خۆی له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق به بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا راگه‌یاند و وتی: "ئه‌وه به‌جۆرێک دانراوه بۆئه‌وه‌ی له‌سه‌روه‌ری هه‌رێمی كوردستان بده‌ن. هه‌ندێک براده‌ر له‌وه زویرن ده‌ڵێن چۆن سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی هێناوه‌ته ئاستی وه‌زیری دارایی. نه‌خێر سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمیان هێناوه‌ته ئاستی خوارتر له وه‌زیری دارایی عێراق."
وتیشی، "به‌داخه‌وه ئێمه ورده ورده لێدانمان به‌رده‌كه‌وێت و سه‌روه‌ری هه‌رێمی كوردستان له‌ده‌ست ده‌ده‌ین. له‌لایه‌نی ته‌كنیكی له‌وانه‌یه هه‌ندێك شت له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان بێت به‌ڵام له لایه‌نی سه‌روه‌ری هه‌رێم ئه‌و لێدانانه‌ی به‌رهه‌رێم كه‌وتوون به‌داخه‌وه زۆر گه‌وره بوون."
بەبڕوای فازڵ نەبی ئاماژەکردن بە وەزیری دارایی بۆ "بچوککردنەوەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمە."
"ده‌رنه‌چوون له تاقیكردنه‌وه‌كه به‌نمره‌ی سفر "
لەساڵی ڕابردوو، لەسەروبەندی پێکهێنانی حکومەتی عێراقی لەلایەن هاوپەیمانی دەوڵەتەوە، هەریەکە لەپارتی و یەکێتی وەک دوو لایەنی سەرەکی چوونە ناو هاوپەیمانێتیەکە و بەشداری پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقییان کرد. بەرپرسانی پارتی و یەکێتی ئەو کات ستایشی ڕێکەوتنەکەیان کردوو ڕایانگەیاند یەکێک لە بنەماکانی ڕێککەوتنەکەیان لەسەر موچە و شایستە داراییەکانی هەرێم بوو.
بەڵام چەندین مانگ دوای ڕێکەوتنەکە، بریکاری پێشوتری وەزارەتی دارایی دەڵێت بەرپرسانی کورد لە ڕێکەوتنەکە "نه‌ک ته‌نها سه‌ركه‌وتوو نەبوون، به‌ڵكو ده‌رنه‌چوون له تاقیكردنه‌وه‌كه به‌نمره‌ی سفر."
فازڵ نەبی ڕایگەیاند، "له‌و ڕۆژه‌وه‌ی ئه‌و حكومه‌ته پێكهاتووه هه‌تا ئه‌مڕۆ به‌داخه‌وه هه‌رێمی كوردستان زه‌ربه لێدان له‌دوای لێدانی به‌ركه‌وتووه. لێدانی زۆر گه‌وره‌ش كه مرۆڤ گێژده‌كه‌ن و ناتوانرێت جارێكی تر هه‌ڵبستێته‌وه."
فازل نەبی گۆرانکاریەکانی دوێنێی تایبەت بە بودجەی بە "چاوه‌ڕوانكراوو" لەقەڵەم دا و وتی، "خودی ئه‌و بودجه‌یه‌ی براده‌رانی ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غداد له‌سه‌ری ڕێككه‌وتبوون به‌ڕاستی زۆر زوڵمی تێدابوو بۆ هه‌رێمی كوردستان. له‌سه‌روو ئه‌وانه‌شه‌وه دیسان هاتن هه‌ندێک زوڵمی تریان له هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه."
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ راگەیەنراوێکی لەسەر پرۆژە یاساکە بڵاوکردەوە ڕایگەیاند، "بە هیچ شێوەیەک، ئەم ستەمکاری و پێشێلکردنەی مافەکانی خەڵکی کوردستان قبووڵ ناکەین."
"ساویلكه‌یی كورد وایكردووه"
لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 24 ئەندام پێکهاتووە و تەنها 4 ئەندامی لیژنەکە کوردن، لەو 4 ئەندامە، دوو ئەندامیان سەربە پارتی و ئەندامێکیان یەکێتی و ئەندامەکەی تریش سەربە یەکگرتووی ئیسلامییە.
گۆڕانکاریەکان تایبەت بە پشکی هەرێم لە لایەن ئەندامە شیعەکانی لیژنەکە پێشکش کرابوون. لە کاتێکدا ئەندامانی پارتی دەنگییان پێنەداوە و یەکگرتووی ئیسلامیش تەنها دەنگی بەبڕگەیەکیان داوە کە تایبەتبووە بە دانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران، بەڵام یەکێتی دەنگی بە پرۆژە یاساکە داوە.
سەبارەت بەو کاربەدەستانەی بەغدا کە بەرپرسن لەم گۆڕانکاریانە، فازڵ نەبی دەڵێت "له‌سه‌ره‌وه پێیان ده‌ڵێن پیاوی چاكن، به‌ڵام له‌ژێره‌و به‌فڵان ده‌ڵێن وابكه‌ن دژی هه‌رێمی كوردستان."
وتیشی، "هه‌موو شته‌كان ڕوونن، به‌ڵام ساویلكه‌یی كورد وایكردووه نه‌یارانی كورد ده‌رفه‌ت وه‌ربگرن و ئه‌و لێدانانه‌ی بیانه‌وێت زۆر به ئیسراحه‌ت له‌كوردی بده‌ن."
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ڕەخنەی ئەوەی لە بەرپرسانی کورد لە بەغدا گرت بەوەی گوایە لەکاتی داڕشتنی ڕێکەوتننامەکان لەگەڵ لایەنی عێراقی وردبین نەبوون و بەشێوەیەک ڕێکەوتنەکان نە نوسراون کە ڕێگربێت لە خوێندنەوەی جیاواز بۆ بڕگەکان.
دەشڵێت، "ساویلكه‌یی ئێمه له‌وه‌دایه ڕوونكردنه‌وه ناده‌یه‌نه شته‌كان چونكه ئه‌وان ده‌ستور به‌گوێره‌ی دڵی خۆیان ته‌فسیر ده‌كه‌ن...كه‌موكورتی له دانوستانه‌كانمان و چۆنیه‌تی داڕشتنی ڕێككه‌وتنه‌كانمان بوو چونكه داڕشتنی ڕێككه‌وتن زۆر گرنگه و خه‌ڵكی زیره‌ک و خاوه‌ن ئه‌زموونی پێویسته له‌وانه‌یه به یه‌ك وشه زۆر شت بگۆڕدرێت."
بە بڕوای د.فازڵ نەبی، جێبەجێکردنی پڕۆژە یاسای بودجە بەم شێوەیە دەبێتە هۆی ئەوەی بەڕێوەبردنی نەوتی هەرێم بەتەواوەتی بکەوێتە دەست بەغدا و "ته‌نانه‌ت بۆ له‌مه‌ودوا ده‌بێت ده‌رهێنان و هاورده‌كردن و فرۆشتنی نه‌وت له‌لایه‌ن سۆمۆوه بێت."
سەبارەت بە کۆکردنەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە هەژمارێکی بانکی تایبەت، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت دیسان ڕێکەوتنەکان بە زیانی هەرێمی کوردستانن چونکە له‌ژێر كۆنترۆڵی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نابن.
د.فازڵ نەبی نیگەرانی زیاتری دەربڕی و وتی، "ده‌ڵێن ده‌بێت حسابێک بكرێته‌وه له بانكی ناوه‌ندی به‌غداد بێت و هه‌موو داهاتی نه‌وت بچێته ناو ئه‌و حسابه‌وه. لێره‌دا گرفتێكی تێدایه واته حسابه‌كه ته‌نها تایبه‌ت نییه به نه‌وتی هه‌رێم. ئینجا دواتر ئه‌و حسابه ده‌بێته داهات بۆ حكومه‌تی ناوه‌ندی و ئه‌و حسابه‌ش له‌ژێر كۆنترۆڵی وه‌زیری دارایی عێراق ده‌بێت. ئینجا سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی هێناوه‌ته مسته‌وای ئاستی وه‌زیری دارایی و كه‌متریش."
ته‌نها پێش پێی خۆی ده‌بینێت دوور ته‌ماشا ناكات له‌پێشیه‌وه چی هه‌یه.
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ڕەشبینی خۆی نەشاردەوە لەقسەکانیدا و وتی، "من ڕه‌شبینم له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌روه‌ری هه‌رێمی كوردستان لای من له‌سه‌روو هه‌موو شتێكه. به‌ڵام خاڵی باشیش هه‌یه بۆ هاوڵاتیان، بۆنموونه مه‌سه‌له‌ی مووچه بێگومان ئه‌وه‌ش مه‌رجی تێدایه. ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌رێمی كوردستان ئه‌و مه‌رجانه جێبه‌جێ نه‌كات دیسانه‌وه كێشه دروست ده‌بێت."
لەبەشێکی پڕۆژەیاساکەدا هاتووە، پارێزگای ناڕازی دەتوانێت ناڕازی بوونی خۆی دەرببڕێت، ئەوکات بەغداا بەشە بودجەی ئەو پارێزگایە بەجیا لەهەرێمی کوردستان بنێرێت. ئەم بڕگەیە نیگەرانی لەسەر داهاتووی یەکگرتوویی هەرێمی کوردستان دروستکردووە بە تایبەت کە پێشتر بەرپرسانی یەکێتی و پارتی ناکۆکبوون لەسەر چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ بەشە بودجە و داهاتی سلێمانی.
د.فازڵ نەبی لەسەر ئەم گۆڕانکاریە ڕایگەیاند، "له‌وانه‌یه سبه‌ینی كێشه له‌نێوان هه‌ولێر و سلێمانی دروست ببێت. ئه‌وكات سلێمانی بڵێت به به‌غداد پشكی من بنێره پێویست ناكات بۆ هه‌ولێری بنێریت. من ده‌ڵێم بۆخاتری خوا كوردینه ده‌بێت یه‌كگرتووبن چونكه ئه‌و بابه‌ته بابه‌تی تری به‌دوادا دێت."
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق پێیوایە هەلبژاردەکانی کورد لە ئێستادا سنوردارن و حکومەتی هەرێم ناچارە هەوڵبدات بۆ جێبەجێکردنی ڕێككه‌وتنه‌کانی لەگەڵ بەغدا. ئەو دەڵێت، "جاران مه‌جالێكی تێدابوو كه ڕێكه‌وتن جێبه‌جێ نه‌كه‌ین، به‌ڵام ئێستا ئه‌و مه‌جاله‌مان نه‌ماوه. جاران خۆمان نه‌وتی خۆمان ده‌فرۆشت و داهاتی خۆمان ده‌هاته‌وه ده‌ستی خۆمان."
PM:11:56:26/05/2023
ئه‌م بابه‌ته 2296
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت