ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ: به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی مافه‌كانی ژنانی ئەفغانستان له‌لایه‌ن تالیبانه‌وه‌ تاوانی دژبه‌ مرۆڤایەتییه‌


وێستگه‌ نیوزـ لە ئینگلیزیەوە: ئاسۆ جەبار 

دوو گروپی باڵای مافەکانی مرۆڤ ڕەخنەیان لە سنوردارکردنی مافه‌كانی ژنان و کچانی ئه‌فغانستان گرت كه‌ بزوتنه‌وه‌ی تالیبانی حوكمڕان به‌سه‌ریاندا سه‌پاندویه‌تی.

لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ یاساناسان، ئه‌مڕۆ هه‌ینی جەختیان لەوە کردەوە کە چۆن سەرکوتکردنی تاڵیبان بۆ سەر مافەکانی ژنانی ئەفغانستان، لەگەڵ "زیندانکردن، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپی دیکە"، دەتوانێت گۆشەگیری جێندەری لە ژێر دەسەڵاتی نێودەوڵەتیدا پێکبهێنێت. 

ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی لێبوردن و دادگای نێودەوڵەتی بەناونیشانی "جەنگی تاڵیبان دژی ژنان: تاوانی دژی مرۆڤایەتی گۆشەگیری جێندەری لە ئەفغانستان"، ئاماژەی بە یاسای ICC کردووە کە گۆشەگیری لەسەر بنەمای جێندەری وەک تاوانێکی دژی مرۆڤایەتی ڕیزبەندی کردووە. 

تاڵیبان لە مانگی 8 ی 2021 دا دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت لە ئەفغانستان لە کاتێکدا سەربازانی ئەمریکا و ناتۆ لە هەفتەکانی کۆتایی کشانەوەی خۆیاندا بوون لە وڵاتەکە دوای دوو 20 ی شەڕ و ناکۆکی. 

سەرەڕای بەڵێنەکانی سەرەتای حوکمڕانییەکی میانڕەوانە، بەڵام هەر زوو دوای دەستبەسەرداگرتنی ئەو وڵاتە سنوردارکردنی ژیانی گشتی ژنان و کچان دەستیپێکرد؛ بە سەپاندنی سنوردارکردن بەسەر ژنان و کچان و ڕێگریکردنیان لە بواری گشتی و زۆربەی کارەکان و قەدەغەکردنی خوێندن بۆ کچانی دەرچووی پۆلی شەشەمی سەرەتایی. ئەم ڕێوشوێنانە دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی پێشووی تاڵیبان لە ئەفغانستان لە کۆتاییەکانی نەوەدەکاندا، کاتێک لێکدانەوەی توندی خۆیان بۆ یاسای ئیسلامی یان سەپاندنی ڕێساکانی شەریعەت. 

ئەو فەرمانە توندانە بووە بوونە هۆی ناڕەزایەتییەکی نێودەوڵەتی دژی تاڵیبان کە لە ئێستادا وەک وڵاتێکی گۆشەگیر لێیدەڕوانن، کە ئەو بەڕێوبەرایەتییەی تاڵیبان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە فەرمی دانپێدانەنراوە. 

لە ڕاپۆرتەکەدا، سانتیاگۆ ئەی کانتۆن، سکرتێری گشتی دادگای نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە؛ کردەوەکانی تاڵیبان هێندەی "قەبارە و کێشکردن و سروشتێکی سیستماتیکی"یان هەیە، کە شایستەی ئەوەن "وەک تاوانێک دژی مرۆڤایەتی گۆشەگیری جێندەری" مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. 

هەردوو ڕێکخراوەکە داوایان لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان کردووە ئەم تاوانە بخاتە ناو لێکۆڵینەوە بەردەوامەکانیانەوە سەبارەت بەو شتانەی کە لە ئەفغانستان ڕوودەدەن و ڕێکاری یاسایی بگرنەبەر. هەروەها داوایان لە وڵاتان کردووە "دەسەڵاتی دادوەری گشتگیر بەکاربهێنن" و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان لێپرسینەوە لە تاڵیبان بکەن. 

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا تاڵیبان تۆمەتبار کراوە بەوەی ئەو ژن و کچانە دەکاتە ئامانج کە بەشدارییان لە ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازەکاندا کردووە لە ڕێگەی دەستبەسەرکردن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و خستنە ژێر ئەشکەنجەدان لە لەکاتی دەستبەسەرکردنیاندا. هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، تاڵیبان ناچاری کردوون "دانپێدانان" یان "بەڵێنپێدان" واژۆ بکەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ناڕەزایەتی دەرنەبڕن. 

ئاگنێس کالامارد، سکرتێری گشتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی وتی ئەوەی لە ئەفغانستان ڕوودەدات "جەنگێکە دژی ژنان"ە کە بەرتەقای "تاوانە نێودەوڵەتییەکان"ە کە کردەگەلێکی"ڕێکخراون، بەربڵاون و سیستماتیکن". 

بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد "ئەم سیستەمەی ستەم و گۆشەگیری جێندەری"ەیەی لەئارادایە هەڵبوەشێنێتەوە. 

هەروەها ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی حاڵەتەکانی بە زۆرەملێ هاوسەرگیری ژنان و کچانی لەگەڵ ئەندامانی تاڵیبان و هەوڵی زۆرەملێکردنی ئەو جۆرە هاوسەرگیریانەیان کردووە بە بەڵگە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەوانەی ڕەتیانکردۆتەوە ئەو جۆرە هاوسەرگیریانە ئەنجامبدەن "ڕووبەڕووی ڕفاندن و تۆقاندن و هەڕەشە و ئەشکەنجەدان" بوونەتەوە. 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە دۆسیەی کچێکی تەمەن 15 ساڵ کراوە کە لە مانگی 8 ی ساڵی 2021 دا سەرەڕای ناڕەزایەتی بنەماڵەکەی لە پارێزگای تەخار لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، ناچار بووە هاوسەرگیری لەگەڵ کەسایەتییەکی تاڵیبان بکات، هەروەها کەیسی ژنە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانێکی کۆمەڵایەتی تەمەن 33 ساڵ کە مانگی دواتر بە زۆر لەگەڵ فەرماندەیەکی تاڵیبان هاوسەرگیری کردووە کراون بە بەڵگە. 

کانتۆن لە ICJ وتی "ئێمە بە سادەیی توانای ئەوەمان نیە تەحەمولی شکستی ژن و کچانی ئەفغانستان بکەیەن." لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە تاڵیبان پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤی ئەنجامداوە بەرامبەر پیاوانی ئەفغانستانیش. 

چەندین گروپی چاودێریی ڕاپۆرتیان لەبارەی "کوشتنی دەرەوەی دادوەری، دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی و زۆرەملێیانە، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ئەشکەنجەدان" بڵاوکردۆتەوە و ئەو قوربانیانەیان کردووە بە بەڵگە کە پەیوەندییان بە حکومەتی پێشووی ئەفغانستانەوە هەیە و دووچاری ئەو پێشێلکاریانە بوونەتەوە. 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە تاڵیبان ڕۆژنامەنووسان، کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازان، چالاکوانانی ماف و کەمینە نەتەوەییەکانیشیان کردووەتە ئامانج. 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و دادگای نێودەوڵەتی پوختەیەکیشیان لە ئەنجامەکانی ڕاپۆرتەکەیان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان لە کابول هاوبەشی پێکردووە و داوای وەڵامیان کردووە. بەڵام تا ئەم سەروەختە هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە. 


PM:11:01:26/05/2023


ئه‌م بابه‌ته 1460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت