حەلبوسی‌: لیژنه‌ی دارایی گەیشتوەتە قۆناغی‌ کۆتایی‌ نوسینی‌ راپۆرت لەسەر پرۆژەیاسای بودجه‌


وێستگه‌ نیوزـ

محەمەد حەلبوسی‌، سەرۆکی‌ پەرلەمانی‌ عێراق بە میدیای‌ فەرمی‌ پەرلەمانی‌ راگەیاند، کە لەگەڵ لیژنەی‌ دارایی قسەی‌ کردووە و گەیشتوونەتە قۆناغی‌ کۆتایی‌ نوسینی‌ راپۆرت لەسەر پرۆژەیاساکە. 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هەیە سبەینێ پرۆژە یاسای بودجەی عێراق، بۆ سێ ساڵی داهاتوو بخرێتە دەنگدانەوە بۆ پەسەندکردنی.
سه‌رچاوه‌یه‌كیش رایگه‌یاندوه‌ كه‌ هیچ کێشەیەک لە نوسینی‌ راپۆرتی‌ کۆتایی پرۆژەیاسای‌ بودجە نەماوەتەوە و لە چەند کاتژمێری‌ داهاتوودا تەواو دەبێت.

بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی عێراق گەورەترین بودجەی عێراقە و بڕەکەی ١٩٨ ترلیۆن و ٦٨٣ ملیار و ٧١٩ ملیۆن و ٤٧٢ هەزار دینارە و تیایدا نرخی بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار خەمڵێندراوە و نرخی ١٠٠ دۆلاریش بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی کە ١٣٠٠ دینارە جێگیر کراوە، لەو بڕەش ٦٤ ترلیۆن دیناری بە کورتهێنان دانراوە.

لە ١٣ی ئاداریش سەرۆک وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ی پەسەند کرد و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد.

پشکی هەرێمی کوردستانیش لە بودجەی عێراق دا بە رێژەی لە ١٢.٦٧٪ جێگیر کراوە و لە کاتی تێپەڕاندنی بودجە دا هەرێمی کوردستان مانگانە زیاتر لە ترلیۆنێک دیناری بۆ دەنێردرێت و رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا بە شێوازێکە، هەرێمی کوردستان داهاتی نەوت لە بانکێکدا دابنێت کە لەژێر چاودێری حکومەتی فیدڕاڵیدا بێت و دەسەڵاتی بەکارهێنانیش لەژێر دەستی سەرۆک وەزیرانی هەرێم دا دەبێت.


PM:08:45:26/05/2023


ئه‌م بابه‌ته 1316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت