نوری مالیكی سه‌باره‌ت به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی حزبی به‌عس هۆشداری ده‌دات
نوری مالیكی
وێستگه نیوز-
نوری مالیكی سه‌رۆكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی قانوون په‌یامێكی راسته‌وخۆی ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی ئوردون كرد سه‌باره‌ت به هه‌وڵه‌كان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی حزبی به‌عس و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی به دژایه‌تیكردنی عێراق و گه‌له‌كه‌ی وه‌سف كرد.
نوری مالیكی سه‌رۆكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی قانوون و سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری عێراق له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری و عه‌شایه‌ری گه‌وره له پارێزگای كه‌ربه‌لا وتی: "توانیمان سه‌روه‌ری عێراق به‌ده‌ستبێنینه‌وه و وڵات له ژێر به‌ندی حه‌وتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌ربهێنن و سه‌ركه‌وتووبووین له یه‌كخستنه‌وه‌ی وڵات دوای ئه‌و ململانێ تایه‌فییه‌ی پێیدا تێپه‌ڕی".
مالیكی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه "حكومه‌تی ئێستای عێراق له‌لایه‌ن سه‌رجه‌م هێزه سیاسییه‌كان پێكهێنراوه به‌بێ ده‌ستوه‌ردانی هیچ لایه‌نێكی ده‌ره‌كی و پێویسته پشتیوانی پرۆسه‌ی سیاسی بین و له گه‌نده‌ڵی پاكی بكه‌ینه‌وه".
له میانی وته‌كانیدا مالیكی باسی له‌وه كرد كه "هه‌وڵه‌كانی زیندووكردنه‌وه‌ی حزبی به‌عسی گۆڕبه‌گۆڕ كه عێراقی وێران‌كرد و بێتاوانانی له‌سێداره ده‌دا، له‌ڕێی پێدانی مۆڵه‌تی كاركردن له وڵاتی ئوردونی برا، كارێكی ره‌تكراوه‌یه و دژایه‌تی عێراق و حكومه‌ته‌كه‌یه‌تی".
وتیشی: "ئه‌نجامده‌ری ئه‌م كاره سه‌ری فیتنهكهیه (وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك به جموجوڵه‌كانی ره‌غه‌د سه‌دام حسێن) و گله‌یی له حكومه‌تی ئوردون ده‌كه‌ین و خوازیارین هه‌ڵوێست وه‌ربگرن و ئێمه‌ش هه‌ڵوێست دژی ئه‌و خراپه‌كارانه وه‌رده‌گرین".
ئه‌م لێدوانه‌ی مالیكی دوای ئه‌وه دێت كه ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئوردون له 14ی ئایاره‌وه مۆڵه‌تی داوه‌ته حزبی به‌عس بۆ ده‌ستپێكردنی چالاكیی سیاسی تاوه‌كو له‌و وڵاته كاربكه‌ن و چالاكیه‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن.
PM:04:17:26/05/2023
ئه‌م بابه‌ته 2084
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت