محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود: زۆربەی حزبەكانی كوردستان لە دڵەوە دوعا دەكەن هەڵبژاردن نەكرێت

‌محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود

وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ سوپاسی خوای ده‌وێت شه‌ڕی پارتی و یه‌كێتی له‌ یه‌كتركوشتنه‌وه‌ گۆڕاوه‌ بۆ شه‌ڕه‌ بۆكسی ناو په‌رله‌مان، ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ زۆربەی حزبەكانی كوردستان لە دڵەوە دوعا دەكەن هەڵبژاردن نەكرێت.


محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود، سه‌رۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ "شه‌ڕی نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌ یه‌كتری كوشتنه‌وه‌ گۆڕاوه‌ بۆ شه‌ڕه‌ بۆكسی ناو په‌رله‌مان، شوكری خوای ده‌وێت".

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود وتی‌: "زۆربه‌ی حزبه‌كان هه‌ڵبژاردنیان پێخۆش نییه‌. زۆربه‌یان له‌دڵه‌وه‌ دوعا ده‌كه‌ن تا دوو ساڵی تر نه‌كرێ، چونكه‌ كارێكی وایان نه‌كردووه‌ میلـله‌ت ده‌نگیان پێبدات".

وتیشی‌: "زۆربه‌ی حزبه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردن نیین. ڕه‌نگه‌ له‌ژێر فشاری ده‌ره‌وه‌دا بیكه‌ن. ناوچه‌ی سلێمانی جیاوازییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێ گرفت هه‌یه‌، ڕه‌نگه‌ لیستی زیاتری تێدا بێت و لیستی تازه‌ش دروست ببێت، ئه‌مه‌ جیاوازییه‌كه‌یه‌".

ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه‌ "نێرده‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا هه‌ڕه‌شه‌ ناكه‌ن، شت پێشنیار ده‌كه‌ن. گه‌ر به‌هه‌ند وه‌ری نه‌گریت پاڵپشتییه‌كانیان ڕاده‌گرن. ئه‌گینا نایه‌ن ئاراسته‌ی هێز بگۆڕن. هه‌ندێكیان دۆستی كوردن و حه‌زه‌كه‌ن یارمه‌تیده‌ر بن و كورد توشی كێشه‌ نه‌بێت".

سه‌باره‌ت به‌و كێشمه‌كێشه‌ی له‌ ناو په‌رله‌مانی كوردستان له‌ نێوان فراكسیۆنی یه‌كێتی و پارتی ڕوویدا، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان شتێكی ئاسایی نه‌بوو، نه‌ده‌بوو ڕووبدات. گه‌ر ئه‌و شه‌ڕه‌ی ڕوویدا له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵك بایه‌، یان له‌سه‌ر بڕینی پاره‌ی هه‌رێم بایه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ شتێكی باشبوو. له‌سه‌ر هه‌رچی بووایه‌ نه‌ك له‌سه‌ر ململانێی حزبی".

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "په‌رله‌مان خه‌ڵك ده‌نگی داوه‌تێ و ده‌بێت ڕێز له‌ ده‌نگی خه‌ڵك بگرێت. به‌ڵام لێره‌ په‌رله‌مان هی حزبه‌ و حزب چی بڵێت واده‌كات. ده‌بوایه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵك بایه‌. شه‌ڕه‌كه‌ی په‌رله‌مان شتێكی خراپبوو. خۆت ده‌زانیت جاران یه‌كترییان ده‌كوشت، مادام گۆڕاوه‌ بۆ شه‌ڕه‌ بۆكس شوكری خوای ده‌وێت".


PM:09:46:25/05/2023


ئه‌م بابه‌ته 1176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو