حاکم قادر: دەبێت پەیوەندیی لایەنە سیاسییەکان زیاتر گەشەی پێبدرێت و هەڵبژاردن لەوە زیاتر دوانەخرێت


وێستگەنیوز_

حاکم قادر ‌ڕایگەیاند، "دەبێت پەیوەندیی لایەنە سیاسییەکان زیاتر گەشەی پێبدرێت و هەڵبژاردن لەوە زیاتر دوانەخرێت، پێویستیشە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و سەردەمیانە و دوور لەدەستوەردان ئەنجام بدرێت."

ئەمرۆ پێنجشەممە 25ـی ئایاری 2023، حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی سەردانی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستانی کرد و لەلایەن جەمیل ھەورامی، سەرۆكی كۆمەڵەكە و جێگر و ئەندامانەوە پێشوازی لێكراو وێڕای بەرزنرخاندنی ڕۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەی كوردستان و پێشمەرگە دێرینەکان ڕایگەیاند، "گەلەکەمان تا ئێستا شانازی بە قوربانییەکانی هێزی پێشمەرگەوە دەکات، بەڵام بەداخەوە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم نەیانتوانیوە لە ئاست شکۆی پێشمەرگە دێرینەکان و شەھیدان و کەمئەندامانی سەنگەردابن و بتوانن خزمەتیان بکەن."

ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستە هەموو پێشمەرگەیەکی دێرین یەکەی نیشتەجێبوونیان بۆ دابینبکرێت و ئەرکی حکومەتی هەرێمە پڕۆژەیاسایی ماف و ئیمتیازات بۆ پێشمەرگە دێرینەکان بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، پەرلەمانیش دەنگ لەسەر پڕۆژەكە بدات و بیکات بە یاسا”

حاكم قادر باسی لەوەکرد، "گەلی کوردستان پێویستی بە یەکگرتووییە، چونکە ئاڵەنگارییەکانی بەردەممان گەورەن، گرنگیشە ڕێگە نەدرێت ناکۆکی نێوان لایەنەکان گەورەتر بکرێت بە پێچەوانەوە هەوڵبدرێت سازانێک بهێنرێتە کایەوە کە خزمەت بە گەشەپێدان و نیشتیمان و بەرژەندییە باڵاکانی گەلەکەمان بکات".

وتیشی: پێشوازی و پشتیوانی لە هەر دەستپێشخەرییەکی ئاشتی دەکەین کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆی نێوان لایەنەکان بدرێت چ لەسەر ئاستی هەرێم، چ لەسەر ئاستی عێراق.

‌ھەروەھا بە پێویستی زانی "گوێ لە پێشنیازەکانی ھاوپەیمانان و دۆستەکانمان بگیرێت و هەڵبژاردن لەوە زیاتر دوانەخرێت، چونکە هەڵبژاردن مافێکی ڕەوای گەلی کوردستانە و یەکێتی هەمیشە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندایە لەکاتی خۆیدا، بەڵام دەبێت هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و سەردەمیانە و دوور لە دەستێوەردان ئەنجام بدرێت."

لە كۆتایشدا جەختی لەوەكردەووە، "ھەوڵدان بۆ ڕێکخستنەوەی ناو ماڵی یەکێتی زیاتر حزبەكەمان بەھێز دەكات و هەموومان پێکەوە دەتوانین خزمەتی بکەین، چونکە هەمیشە یەکێتی بە تەبایی و یەكگرتووی سەركەوتوو دەبێت."


PM:05:02:25/05/2023


ئه‌م بابه‌ته 736 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو