دزەپێکردنی پرسیارەکانی تاقیکردنەوە مۆتەکەی پەروەردەی عێراق

‌چەند خوێندکارێکی عێراق. وێنە: گێتی

وێستگەنیوزـ

بەپێی راپۆرتێکی ئەمڕۆی رۆژنامەی (العربی الجدید)، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیاد لە جارێک پرسیاری تاقیکردنەوەی چەند وانەیەکی خوێندن ئەوانەی تاقیکردنەوەی وەزارییان هەیە، دزەی کردۆتە دەرەوە و هەندێکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و شوێنی دیکەش بڵاوکراونەتەوە، لەو وانانەش کە پرسیارەکانیان دزەی پێ کراوە: زمانی عەرەبی، مێژوو و زمانی ئینگلیزیین، ئەمەش لەناو قوتابییانی عێراقدا دۆخێکی دەروونیی و پەروەردەیی زۆر دژواری درووست کردووە و متمانەی ئەو توێژەی بە وەزارەتی پەروەردە تا دوا ئاست دابەزاندووە.

هەرچەند بەپێی حکومەتی عێراق، دەسەڵاتداران لەڕێی دەزگا ئەمنییەکان و وەزارەتی پەروەردەوە رێوشوێنی "توند"یان گرتوه‌تە بەر و چەند فەرمانبەرێکی لە وەزارەتی پەروەردە دەستگیرکردووە، بەڵام هێشتا دزەپێکردنەکان بەردەوامن و پێشبینیی دەکرێت لە تاقیکردنەوەکانی بەکالۆریی قۆناغی 12ی ئامادەییش دووبارە ببنەوە.

کەریم سەیید، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە بە رۆژنامەی (العربی الجدید)ـی راگەیاندووە: وەزارەتەکەیان چەندان رێوشوێنی گرتوه‌تە بەر بۆ رێگرتن لەو دزەپێکردنانە، هەنووکەش وەزارەتەکە "لە ئاستێکی بەرزتری پارێزگارییکردن لە پرسیارەکان و نهێنیییپارێزیی رێوشوێنی دیکەی گرتوه‌تە بەر".

سەبارەت بە کاریگەریی ئەو دزەپێکردنانە لەسەر دۆخی دەروونی قوتابیان، هەندێک قوتابی لێدوانیان بۆ رۆژنامەکە داوە، ئەوانە بە رۆژنامەکەیان وتووە کە، گەندەڵیی وەزارەتی پەروەردە هۆکاری سەرەکیی دزەپێکردنی پرسیارەکانە "هۆکاری دزەپێکردنەکەش بریتییە لە فرۆشتنی پرسیارەکان بە منداڵانی خانەوادە دەوڵەمەند و دەستڕۆییشتووەکان".

قوتابییەکی دیکە ئاماژەی بەوە داوە کە، "بە هۆی ئاشکرابوونی ئەو دزەپێکردنانەوە، زۆرینەی جارەکان تاقیکردنەوەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیان دوادەکەون، ئەم قەیرانە بەردەوامەش زۆرێک لە قوتابیان دەشڵەژێنێت و تووشی دۆخی دەروونی دژواریان دەکات و هەندێکیان ناتوانن لێی دەرچن".

هادی سەلامی، پەرلەمانتاری عێراق، بۆ رۆژنامەی ناوبراو دوواوە و وتوویەتی: "دەستگرتنی حزبەکان بەسەر وەزارەتەکاندا ئەم کێشانەی لێ دەکەوێتەوە، هەموو وەزارەتێک لە لایەن حزبێکەوە خەرق کراوە و ژمارەیەک فەرمانبەر بڕیاربەدەستی ئەو وەزارەتانەن، دزەپێکردنی پرسیارەکان لە وڵاتێکدا کە رێزی یاسا دەگرێت روو بدات دەبێت دەسبەجێ پرۆسەی گۆڕینی بەرپرسان و وەزیری ئەو وەزارەتە دەست پێبکات، بەڵام رێککەوتنە سیاسیی و حزبییەکان رێگرن لە سزادانی تاوانباران".

ئەیهەم رەشاد، چالاکوانێکی مەدەنییە، سەبارەت بەم دیاردەیە بە رۆژنامەکەی وتووە: "دزەپێکردنی پرسیارەکان لە هەموو تاقیکردنەوەکانی داهاتوودا پێشبینییکراوە، چونکە گەندەڵی هێشتا بەردەامە، تاوانباران وەک بەرزەکی بانان قوتار دەبن، چونکە ئەوانە سەر بە حزب و لایەنی سیاسیی و بگرە سەر بە میلیشیاکانیشن".

ئەو چالاکوانە، سەبارەت بە میکانیزم و چۆنێتیی دزەپێکردنەکەش روونی کردوه‌تەوە کە دزەپێکردنی پرسیارەکان چەند کاتژمێرێک پێش تاقیکردنەوەکان دەست پێدەکەن، ئەوەش مانای ئەوەیە بەرپرسانی پاراستنی ئەو پرسیارانە، یاخود ئەوانەی پرسیارەکان دەگوێزنەوە بۆ قوتابخانەکان بەو کارە هەڵدەستن، هەربۆیە بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت کاریگەرییەکی وای نابێت لەسەر ئەو دیاردەیە.

غالب دەعمی، مامۆستای زانکۆ بە (العربی الجدید)ـی وتووە، لێنەپرسینەوە و پشکپشکێنەی حزبیی و مەزهەبی ئەم دۆخەی وا لێکردووە، بە بڕوای ئەو سزانەدانی بەرپرسانی سەرەوە هۆکاری پشت بەردەوامیی ئەم دیاردەیەیە، دەعمی دەڵێت: "تائێستا عێراق وەزیرێکی لەسەر کار لانەداوە بە هۆی شکستهێنانەوە، وەزارەتی پەروەردە بەرپرسە لەو دزەپێکردنانە، ئەوەش جگە لە وەزیر ناکەوێتە ئەستۆی کەسی دیکە، بەڵام بەهۆی پشکپشکێنەی حزبیی و مەزهەبییەوە لێپرسینەوە ناکرێت و ئەوەش مانای ئەوەیە دزپێکردنەکان بەردەوام دەبن".

بەپێی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامە قەتەرییە، دیاردەی دزەپێکردنی پرسیارەکانی تاقیکردنەوە، ئاماژەیەکی بچووکە بۆ کێشە کوشندە و قوڵەکانی کەرتی پەروەردەی عێراق، ئێستا عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی رۆژانە رێژەی نەخوێندەواریی تیایدا بەرەو هەڵكشان دەچێت، بەپێی ریزبەندیی و رووپێوییەکی رێکخراوی (یونسکۆ) عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی ئاستی خێرایی بەرزبوونەوەی رێژەی نەخوێندەواریی دەگاتە 47%، لەکاتێکدا لە ساڵانی حەفتای سەدەی رابردوو یەکێک بوو لە وڵاتە پێشەنگەکان لە بەرزیی ئاستیی کەرتی پەروەردە و نەهێشتنی نەخوێندەواریی.


AM:11:48:25/05/2023


ئه‌م بابه‌ته 1408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو