ژمارەی مەسیحییەکانی عێراق روو لە کەمبوونەوەیەکی "مەترسیدار" دەکات

‌کەنیسەی کاسۆلیکی سریانی مار یەعقوب موقەتەع لە شارۆچکەی قەرەقوشی نەینەوا. وێنە: AFP

وێستگەنیوزـ

بەپێی زانیارییەکانی پێگەیەکی هەواڵیی تایبەتمەند، ئەگەر دۆخی مەسیحییەکانی عێراق بەو جۆرەی ئێستا هەیە بەردەوام بێت، ئەوە پێشبینیی دەکرێت لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەی هەموو مەسحییەکانی عێراق بۆ نزیکەی 50 هەزار کەس کەم ببێتەوە، کەمبوونەوەی ژمارەی شوێنکەوتووانی ئەو ئایینەش دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئابووریی و پەراوێزخستنیان و ئاوەدان نەکردنەوەی ناوچەکانیان.

 
رۆژنامەی ئەلمەدا، بە وەرگرتنی زانیاریی لە پێگەی (ریجیستەر)، بڵاویکردوه‌تەوە کە دوای 20 ساڵ لە داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە؛ رۆژبەڕۆژ دۆخی مەسیحییەکانی عێراق خراپتر دەبێت و ژمارەیان روو لە کەمیی دەکات.

بەشار وەردە، مەتڕانی کڵێسای کلدانیی کاسۆلیکیی لە هەولێر، ئاماژەی بەوە داوە کە داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە، بوه‌تە هۆی وێرانکردنی عێراق و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هەر بە هۆی ئەو جەنگەشەوە دەیان رێکخراوی تیرۆرستیی و میلیشای سەربازیی درووست بوون، یەکێک لە زیانبارترین پێکهاتەش لەو دۆخەی دوای داگیرکاریی ئەمریکییەکان مەسیحییەکانی عێراقن.

وەردە سەبارەت بە دۆخ و کێشە و کەمبوونەوەی ژمارەی مەسیحییەکانی عێراق بۆ پێگە هەواڵییەکە دواوە و زانیاریی پێداون کە "پێش ساڵی 2003 مەسیحییەکانی عێراق ماف و ئیمتیازگەلێکی باشیان هەبوو و لە سەرتاسەری عێراقیش نزیکەی یه‌ك ملیۆن و 300 هه‌زار كه‌س بوون، بەڵام ئێستا لە زۆرترین خەمڵاندندا نزیکەی 250 هەزار کەسێک دەبن، ئەوە جگە لەوەی تا دێت دۆخیان خراپتر دەبێت".

هەر لەو راپۆرتەدا، بێندیکت کیلی، دامەزرێنەری رێکخراوی (ناساریان) بۆ کۆمەککردنی مەسیحییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، پشتبەست بەو زانیارییانەی لە مەسیحییەکانی عێراقی وەرگرتووە، بە پێگە هەواڵییەکەی راگەیاندووە "لەکۆتاییدا رەنگە تەنیا 50 هەزار مەسیحیی لە عێراقدا بمێننەوە". کە ئەوەش بە گوزارشتی ئەو پێشبینییەکی ناخۆش و دڵهەژێنە.


AM:10:05:25/05/2023


ئه‌م بابه‌ته 1484 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت