گوێ لە ئاڕتی مۆر بگیرایە، فیلمی تایتانیک بەو جۆرە تراژیدییە نەدەبوو


وێستگەنیوز-

بە نزیکەیی زۆرینەی دانیشتووانی سەرزەوی چیرۆکی تراژیدیی کەشتیی زەبەلاحی تایتانیک ئاگادارن، زۆرینەش فیلمەکەی جەیمس کامیرۆن-یان لەبارەی ئەو ڕووداوەوە بینیوە، کە ١٥١٧ کەسی تێدا خنکا، ئەو ڕووداوە سەدان توێژینەوە و کتێب و فیلمی درامیی و دۆکیومێنتاریی لەبارەوە بەرهەم هێنراوە، لە هەموویاندا هێڵی گێڕانەوە و ئاشکراکردنەکان ڕۆشنایی دەخەنە سەر کۆمەڵێک بابەت و پرس و ڕووداو و چیرۆکی هاوبەش، بەڵام کەمیان ئاوڕیان لە چیرۆی (ئارسەر مۆر) داوەتەوە، بەس (ئارسەر مۆر) کێیە و بۆچی دەبێت لە بەسەرهاتی تایتانیکدا باس بکرێت؟

تۆ ئەگەر فیلمی (تایتانیک)ت بینیبێت، ئەو چرکەساتەت لەیادە کە کارمەندانی تێلیگرافی کەشتییەکە، لەڕێی ئامێرە بێتەلەکانەوە بە هەموو لایەکدا داوای فریاگوزاریی و بەهاناوەچوون دەکەن، بەڵام وەکو ئەوەی ئەو شەوە هەموو دونیا خەوتبێت و هەموو گوێیەکان کەڕ بووبن، هیچ کەسێک گوێی لە دەنگیان نابێت، مەسەلەکە هەر ئەوە نییە دەنگەکە ناگات بە هیچ کەسێک، بەڵکو پەیوەستە بەوەشەوە کە لەو دەمەدا (١٩١٢ ز) توانای پەیوەندییکردن لە دوورەوە هێندە پێشنەکەوتبوو هەتا بتوانن بەئاسانیی دەنگیان بە دەرەوە بگەیەنن، لەو دەمەدا تاکە یەک کەس خاوەنی ئامێرێکی بێتەل بوو کە دەیتوانیی هاوار و داوای بەهاناوەچوونی تایتانیکییەکان وەربگرێت، بەڵام ئەفسووس کەس باوەڕی پێ نەکرد.

ئارسەر مۆر (کە لە شارۆچکەکەی بە ئارتی مۆر ناسرابوو) بلیمەتێکی دێوانەی سەردەمی خۆی بوو، ئەو وەکو کەسێکی "ڕەفتارنامۆ" تەماشا دەکرا، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بلیمەتییەکەی بە توێژاڵێک لە شێتیی دابپۆشرێت و خەڵک ڕاست و ناڕاستی لێک جودا نەکەنەوە و سەرەنجام ئەوەش بووە هۆی خنکانی ١٥١٧ سەرنشینی کەشتییە زەبەلاحەکە.

ئەو شەوەی تایتانیک لەوپەڕی خێراییدا سنگی زەریای ئەتڵانتیکی شەق دەکرد و لەپڕ خۆی بە شاخە سەهۆڵەکەدا کێشا، دوای ئەوەی دەستەی کەشتیوانی بۆیان ڕوون بووەوە چ کارەساتێک بەرۆکی گرتوون؛ یەکسەر تیمی تێلیگراف و پەیوەندیی کەشتییەکە دەستیان کرد بە ناردنی هاوار و بانگەوازی بە هاناوەچوون، بە ئومێدی ئەوەی کەسێک بیژنەفێت و فریایان بکەون.

ئاڕتی مۆر لەوکاتەدا ئامێرێکی وەرگرتنی بێتەلی سەرەتایی درووست کردبوو، لەو شەوەدا ئەو لە یەکەمینی ئەو کەسانە بوو کە گوێبیستی بانگەوازی بەهاناوەچوونەکە بوون، مۆر ئەو دەمە لە باشووری وێڵز لە بەریتانیا و بەدیارییکراوی لە شارۆچکەی (بلاکوود) لە هەرێمی (کێرفیلی)، بە دووریی ٢ هەزار مایڵ (٣٢٠٠ کیلۆمەتر) لە کەشتییەکە، لە ماڵەوە دانیشتبوو کە کتوپڕ ئامێرە بێتەلەکەی (کە خۆی درووستی کردبوو)؛ ئاماژەکانی کەشتیی تایتانیکی وەرگرت، مۆر کەسێکی زرنگ و بلیمەت بوو، دڵنیاش بوو لە حەقیقەتی بانگەوازەکە، هەربۆیە بەخێرایی تیسکەی تفەنگ بۆی دەرچوو هەتا گەیشتە بنکەیەکی پۆلیسی شارۆچکەکە و بانگەوازی بەهاناوەچوونەکەی پێ ڕاگەیاندن، بەڵام ئێشگکرەکان بە گاڵتەپێکردن و تەعلیقلێدان بەرسڤیان دایەوە.

ساڵێک دوای نقومبوونی تایتانیک، ئاڕتی مۆر بووە بابەتی سەردێڕی ڕۆژنامەکانی بەریتانیا، ئەویش بە هۆی ئەوەی لە بواری ئامێرە بێتەلەکاندا داهێنان و دۆزینەوەی پێشەنگانەی ئەفراندبوو، ئەو پێشتر و لە ساڵی ١٩١١دا لەڕێی ئامێرێکی بێتەلی دەستکردی خۆیەوە، توانی ئاماژەکانی ئامێرێکی ڕادیۆیی حکوومەتی ئیتاڵیا وەربگرێت کە بریتیبوو لە ڕاگەیاندنی جەنگ و داگیرکاریی لە دژی لیبیا، ئەوەش کارێک بوو کە بووە مانشێتی سەرەکیی ڕۆژنامەکان و بەتایبەتیی هی ڕۆژنامەی پڕفرۆشی (دەیلی سکێچ). 

ئاڕتی مۆر کێیە؟ ساڵی ١٨٨٧ لەدایک بووە، لەگەڵ براکەیدا ئاشەکەی باوکیان بەڕێوە بردووە، مۆر و براکەی لە بواری بزنس و کارگێڕییدا لە پێشەنگەکان بوون، ئەوان لە درووستکەرانی هەرە سەرەتای ئۆتۆمبێلی هەڵمیی بوون لە ناوچەی (جۆینت)، هەروەها زۆر ئامێری کشتوکاڵییان بۆ جووتیارانی ناوچەکەی خۆیان پەرە پێداوە، هەروەها یەکەم کەس بوون کە کارەبایان بۆ ناوچەکەی خۆیان دابین کردووە لەڕێی بارگاوییکردنی پاترییەوە بە مۆلیدەیەک کە لە ڕێی ئاوی ناعوورەی ئاشەکەیانەوە کاری کردووە.

عەشقی ئاڕتی بۆ ئەندازیاریی میکانیک بەهۆی کارەساتێکەوە بوو کە لە منداڵییدا بەسەری هات و بە هۆیەوە قاچێکی لەدەست دا، لەدەستدانی ئەو قاچەی وای لێکرد پایسکیلێک درووست بکات کە بە ڕاگرتنی هاوسەنگیی و بەهۆی فشاری قاچە ساغەکەیەوە بڕوات. 
پریشکی ئەم بلیمەتییەی ئاڕتی ئەو کاتە تەقییەوە کە لە پێشبڕکێی یەکێک لە گۆڤارەکاندا بەشدار بوو، ئەویش بە نموونەی بچووککراوە (ماکێت)ی بارهەڵگرێکی هەڵمین کە پلەی یەکەمی بەدەست هێنا و خەڵاتەکەشی بریتیی بوو لە کتێبێک بەناونیشانی (ڕوانگە نوێیەکانی موگناتیز و کارەبا)، کە پێدەچێت ئەو پریشکە بوو بێت بیلمەتیی ئاڕتیی لە بواری بێتەلەکاندا گڕ دابێت.

بێلی کرۆفتس، کە یەکێکە لە هەوادارانی بێتەل و شەپۆلە ڕادیۆییەکان، بۆ (BBC) ڕوون کردەوە: "لەو کاتەدا ئاڕتی مۆڕ ژمارەیەک بورجی وەرگرتنی ئاماژەی بێتەل و شەپۆلە ڕادیۆییەکانی لەسەر بەرزاییەکانی نزیک ڕووبای (سیرهاوەی) دانابوو، بەوهۆیەشەوە توانیویەتی ئاماژە و نامەی بێتەلی زۆر دوور وەربگرێت کە لەو سەردەمەدا هیچ کەس نەیدەتوانیی لەو دوورییەوە ئاماژە و شەپۆلی ڕادیۆیی لەو مەودایەوە وەربگرێت".

لەوکاتەدا خەڵک وەکو کەسێکی ناتەواو لە مۆر-یان دەڕوانی، چونکە "پێیان وابوو وەرگرتنی ئاماژەکانی بێتەلێک لەڕێی هەندێک تەل و ئامێرێک کە خۆی درووستی کردووە جۆرێکە لە پاراسایکۆلۆجیی و ناچێتە چوارچێوەی زانست و داهێنانە تەکنەلۆجییەکانی ئەو سەردەمەوە". ئەمە ڕێک ئەو پەرچەکردارەش بوو کە پۆلیسەکانی بنکەی کێرفیلی لە بەرانبەر ئاڕتی مۆر نوواندیان، کاتێک لە بەرەبەیانی ١٥/٤/١٩١٢ بە هەڵەداوان خۆی کرد بە بنکەکەدا و ناوەڕۆکی نامەکانی بەهاناوەچوونی تایتانیکی پێ ڕاگەیاندن.

تۆ بیهێنە بەرچاوی خۆت، کەشتییەک لەناو جەرگەی زەریای ئەتلانتیکدا کون بووە، بە ٢٢٢٣ سەرنشینەوە هاواری بەهاناوەچوون دەکات، تۆ تاکەکەسی لەم سەرزەوییە گوێت لەو هاوارەیە، دڵنیایت ئامێرەکەت ڕاست دەکات، یەقینت هەیە ئەوەی گوێبیستیی دەبیت لە ڕاست ڕاستترە، ڕادەکەیت بۆ تاکە شوێنێک کە دەتوانێت بەهانای ئەو لێقەوماوانەوە بچێت و شتێکیان بۆ بکات، کاتێک تێیان دەگەیەنیت کارەساتێک وا لە ڕووداندایە، کەچی ئەفسەری ئێشگر بە لاقرتێوە پێت دەڵێت: "زۆرباشە بیرێکی لێ دەکەینەوە... تەنیا تۆ بگەڕێرەوە بۆ ماڵەوە و بۆ ناوجێگەکەت، بۆ لەمەودواش خۆت بەم شتانەوە سەرقاڵ مەکە". 

دەڵێن هەموو پێغەمبەرێک لەلایەن قەومەکەی خۆیەوە دەردەکرێت و ڕێزی لێ ناگیرێت، ڕەنگە ئەم ڕێسایە بۆ بلیمەتەکانیش هەر ڕاست بێت، ئەو ئاڕتی مۆر-ەی لە کێرفیلی وەکو شێت تەماشا دەکرا، لە دەرەوەی شارۆچکەکەی خۆی بەوپەڕی جدییەت و ڕێز و پێزانینەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرا و هەموو شتێکی بەهەند وەردەگیرا، هەربۆیە زۆری پێنەچوو ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان هەواڵی کارەساتەکەیان پشتڕاست کردەوە و وشە بە وشەی مۆریشیان سەلماند، بەڵام تەنیا لەم ساڵانەی دواییدا توانرا وەرگرتنی ئاماژەکان لەلایەن ئامێرەکانی مۆرەوە بسەلمێنرێت و پشتڕاست بکرێتەوە.

یەکێک لە مێژوونووسان بە (بی بی سی) ڕاگەیاندووە "لە بلاکوود وا لە مۆر دەڕوانرا کە خەریکی جادووی ڕەشە، بەڵام لە چاوی ئەوانەدا کە دەیانناسیی و لێی تێدەگەیشتن، دەیانزانی تێلیگرافی بێتەل وەکو ئەنتەرنێتی ئەو ڕۆژگارە وا بووە". 

بلیمەتیی ئاڕتی بۆ زۆرینەی خەڵک وەکو جۆرێک لە جادوو وا بووە، بەڵام بەهرەناسەکان هەر زۆر زوو درکیان بە بلیمەتییەکەی کرد و باوەڕیان پێ هێنا. یەکێک لەوانەش (گیگلیلمۆ مارکۆنی) بوو، ئەو کەسەی تێلیگرافی بێتەلی داهێنا، مارکۆنی کە خۆی داهێنەری ئامێری بێتەل بوو پێی وابوو شەپۆلە ڕادیۆییەکان تەنیا بۆ دووریی ٢ هەزار مایڵ (٣٢٠٠ کم) بڕ دەکەن، بەڵام ئاڕتی لە دووریی ٣هەزار مایڵ (٤٨٠٠ کم)ـەوە وەریگرتن. هەربۆیە ساڵێک دوای کارەساتەکەی تایتانیک مارکۆنی گرێبەستێکی لەگەڵ ئاڕتی واژۆ کرد بۆ ئەوەی لە کۆمپانیا بێتەلەکەی وەکو ڕاهێنەرێک دەستبەکار بێت. 

لەژێر سەرپەرشتی مارکۆنییدا، ئاڕتی توانی یەکەم تۆڕی پەیوەندیی درووست بکات کە لەڕێیەوە بەریتانیا و دوورگەکانی فۆکلاندی پێکەوە بەستەوە. لە دووەمین جەنگی جیهانیشدا ئاڕتی فۆرمە هەرە بەراییەکەی تەکنەلۆجیای سۆناری داهێنا کە ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە باڵادەستیی کەشتیگەلیی هاوپەیمانان بەسەر هێزی دەریایی ئەڵمانییدا، هەر بە هۆی ئەو تەکنەلۆجیایەشەوە بوو بە وردیی شوێنی نقومبوونی کەشتیی تایتانیک دەستنیشان کرا.

ئاڕتی ساڵی ١٩٤٧ لە کۆمپانیاکەی مارکۆنیی خانەنشین بوو و چووە وڵاتی جامایکا، لەوێ بۆی دەرکەوت تووشی شێرپەنجەی خوێن بووە، هاتەوە بریستڵ لە بەریتانیا بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بەڵام دوای ساڵێک گیانی لەدەست دا. دوای مردنیشی چیرۆکی سەیروسەمەری تایتانیک و ئارسەر مۆر پشتڕاست کرایەوە. 

ساڵی ١٩٨٥ و دوای ٧٣ ساڵ لە نقومبوونی تایتانیک، بەهۆی تەکنەلۆجیای سۆنارەوە کە مۆر یەکێک بوو لە داهێنەرانی؛ توانرا بە وردیی شوێنی نقومبوونی کەشتییەکە دەستنیشان بکرێت و بدۆزرێتەوە، هەر بە هۆی ئەو تەکنەلۆجیایەشەوە توانرا وێنەی ڕوونی کەشتییەکە و زانینی هەیکەلی تەواوەتیی تایتانیک بزانرێت.


PM:04:36:23/05/2023






ئه‌م بابه‌ته 2880 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو