سودانی‌: حکومەت هەموو پێداویستییەکانی‌ کۆمسیۆنی‌ هەڵبژاردنەکان دابین دەکات

‌دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە

وێستگه‌نیوزـ

سەرۆک وەزیرانی‌ عێراق رایگەیاند، حکومەت سەرجەم پێداویستی و داواکارییەکانی‌ کۆمسیۆنی‌ هەڵبژاردن دابین دەکات، داواشی‌ کرد کار بکرێت بۆ درووست کردنەوەی‌ متمانەی‌ هاووڵاتییان بە پڕۆسەی‌ هەڵبژاردن.

ئەمڕۆ دووشەممە 22ی ئایاری 2023، نووسینگەی‌ راگەیاندنی‌ محەمەد شیاع سودانی‌، سەرۆک وەزیرانی‌ عێراق، بڵاویکردەوە و تیایدا هاتووە، لە میانی‌ سەردان کردنی‌ سەرۆک وەزیرانی‌ عێراق بۆ کۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سەربەخۆی‌ هەڵبژاردنەکانی‌ عێراق لەگەڵ بەرپرسان و کۆمیسیارانی‌ کۆمسیۆنی‌ هەڵبژاردنەکانی‌ عێراق کۆبووەوە و لە چوارچێوەی‌ بەسەر کردنەوەکەدا بە دواداچوونی‌ کرد بۆ کارتی‌ دەنگدانی‌ هاووڵاتییان و کارەکانی‌ کۆمسیۆن.

هاوکات سەرۆک وەزیرانی‌ عێراق لە وتەیەکدا رایگەیاند، حکومەت بە هەموو توانای‌ خۆی‌ هاوکار دەبێت لە دابینکردنی‌ سەرجەم پێداویستییەکانی‌ کۆمسیۆن و پڕۆسەی‌ هەڵبژاردن، هەروەها پاڵپشتی‌ خۆیشی‌ بۆ دەزگای‌ هەڵبژاردنەکانی‌ عێراق دووپات کردەوە.

سەرۆک وەزیرانی‌ عێراق وتیشی‌: "بوونی‌ متمانە و شەفاف بوون لە کارەکان، هۆکارێکی‌ سەرەکی‌ و گرنگی‌ پاراستنی‌ بێ لایەنی‌ و پیشەیی بوونی‌ کۆمسیۆن دەرەخات، هاوکات بە پێویستیشی‌ زانی‌ کە دەبێت کۆمسیۆن کراوە بێت بە رووی‌ سەرجەم حزب و پێکهاتە و لایەنە سیاسی‌ و مەدەنییەکانی‌ عێراق، هەروەها دوور خستنەوەی‌ نیگەرانی‌ و مەترسییەکان لەسەر کۆمسیۆن و وەرگرتنی‌ رێنمایی‌ و رەخنەی‌ ئیجابی‌ لەسەر ئەم دەزگا دەستووریە، ئایندەی‌ کۆمسیۆنەکە رۆشن دەکات و پێشتری‌ دەخات".

کۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ سەربەخۆی‌ هەڵبژاردنەکانی‌ عێراق، دەستەیەکی‌ حکومی‌ سەربەخۆیە و لە ژێر چاودێری‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراقە.

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە عێراق لە 31ی‌ ئایاری‌ ساڵی 2004 دامەزراوە و هاوکات ئەنجومەنی کۆمسیاران بەڕێوەی دەبات کە لە نۆ ئەندام پێکدێت و ئەو ئەندامانەی‌ کۆمسیاران سەرجەمیان کەسانی‌ یاسایین و پلەی‌ دادوەریان هەیە.

هەموو چوار ساڵ جارێک، هەڵبژاردن لە نێوان ئەندامەکان دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەن و ئەو ماوەیە درێژ ناکرێتەوە، ئەنجومەنەکە لە 16 وڵاتی دەرەوەی عێراق نوێنەرایەتیان هەیە، ئەوەش بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی عێراقی لە دەرەوە بێبەش نەبن لە پڕۆسەی هەڵبژاردن.


PM:03:38:22/05/2023


ئه‌م بابه‌ته 504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت