راگەیەندراوی کۆتایی لووتکەی عەرەبی جەخت لەسەر سەروەری عێراق و سووریا دەکاتەوە


وێستگه‌نیوزـ

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 19ـی ئایاری 2023، کۆتایی بە کارەکانی خولی سی و دووەمینی لووتکەی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی هات، کە لە شاری جەددەی سعوودیە بەڕێوەچوو.

شا سەلمان بن محەمەد، جێنشینی سعوودیە بە خوێندنەوەی راگەیەندراوی کۆتایی لووتکەکە، کۆتایی بە کارەکانی لووتکەی عەرەبی هێنا و رایگەیاند، پشت بە بڕیارەکانی لووتکەکە و راگەیەندراوی جەددە دەبەسترێت.

لە راگەیەندراوی کۆتایی لووتکەکەدا، سەرکۆنەی تورکیا کراوە بەهۆی سنووربەزاندنی خاکی عێراق، داوایشی لە، وڵاتە کردووە بەبێ مەرج سوپاکەی لە خاکی عێراق بکشێنێتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە پرسی فەڵەستین کراوە، وەک پرسێکی ناوەندی عەرەبی و قودسیش وەک پایتەختی فەڵەستین. هەروەها جەخت لەسەر گرینگی دووبارە کاراکردنەوەی "دەستپێشخەری ئاشتی عەرەبی" کراوەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، باس لە پاراستنی سەروەری و یەکێتی خاکی سووریا کراوە، بە پێویستیشی زانیوە هەوڵەکان چڕبکرێنەوە لەپێناو هاوکاریکردنی سووریا و دەرچوونی لە کێشە و قەیرانەکان.

راگەیەندراوەکە هەروەها پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان سعوودیە و ئێران کردووە، کە تایبەتە بە دووبارە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات و کردنەوەی نوێنەرایەتییەکانیان و کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەمنی و ئاسایشی نێوانیان.

کێشە ناوخۆییەکانی سوودان، یەمەن، لوبنان، لیبیا و سۆماڵ و سەروەری ئیماڕاتی عەرەبی، ئەو تەوەرانە بوون، کە لە لووتکەکەدا گفتوگۆیان لەسەر کراوە و لە راگەیەندراوی کۆتایێشدا جەختیان لەسەر کراوەتەوە.

سەبارەت بە تیرۆر، راگەیەندراوی کۆتایی لووتکەکە هەموو جۆرە پڕۆسەیەکی رەتکردووەتەوە، کە رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە وڵاتانی عەرەبی و جیهان ئەنجامی دەدەن. هەروەها داوایشی لە وڵاتانی عەرەبی کرد، کە تا ئێستا "رێککەوتننامەی عەرەبی بۆ لەناوبردنی تیرۆر"ـیان پەسند نەکردووە، پەسندی بکەن.


PM:10:18:19/05/2023


ئه‌م بابه‌ته 792 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت