بەسرە: یەکەم کارگەی کارکردن بە سیستەمی رۆبۆت دامەزرا


وێستگەنیوز_

لە هەنگاوێکی گرنگ و نوێ لە بواری پیشەسازیدا یەکەم کارگەی کارکردن بە سیستەمی رۆبۆت لە عێراق دامەزرا. سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی پارێزگای بەسرەش دەڵێت: پرۆژەکە هی کەرتی تایبەتە و پشتگیری کاری لەو جۆرە دەکەین.

دەستەی وەبەرهێنانی پارێزگای بەسرە لە باشوری عێراق رایگەیاند، یەکەم کارگەی کارکردن بە سیستەمی نوێی رۆبۆتیان بە بڕی 12 ملیۆن دۆلار لە شاری زوبەیری سەربە پارێزگاکە دامەزراندووە کە لە پێناو کارایی بەرز لە بواری وەبەرهێنانی بیناسازیدا کار دەکات.

لەو بارەوە محەممەد موسەوی، بەرێوەبەری پڕۆژەى سیستەمى رۆبۆت رایگەیاند، کارگەکە لە راپەڕاندنی کارەکانیدا بەتەواوی پشت بە رۆبۆت دەبەستێت کە ئەوەش لە پێناو زیادی ئاستی بەرهەمهێنان و باشترکردنی کوالیتی بەرهەمەکان و کەمکردنەوەی کەموکوڕی و هەڵەکان داندراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئامێرەکانیان لە ئەڵمانیاوە هێناوە، و کارگەکە رۆڵێکی گەورە دەبینێت لە بواری وەبەرهێنان لە پیشەسازی کەرەستەی بیناسازی و بەشداری لە دابینکردنی بەرهەمەکان و پێداویستی بازاڕدا دەکات.

لای خۆشیەوە، عەلا عەبد حوسەین، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی پارێزگای بەسرە، دەڵێت: ئەمە یەکەمین کارگەی لە مشێوەیە لە عێراقدا دەکرێتەوە و سیستەمی رۆبۆتی کارگەکە لە ناوازەتەرین و پێشکەوتووترین جۆری سیستەمە لە جیهاندا و لە نەوەی پێنجەمە.

وتیشی، لەقۆناغی یەکەمدا کارگەکە نزیکەی 400 هەزار تۆن لە 30 جۆر بەرهەمی جیاواز بە کوالێتییەکی بەرز بەرهەم دەهێنێت کە پێداویستی ناوخۆ لە بواری بیناسازیدا پڕدەکاتەوە.

ئاشکراشیکرد، کارگەکە سەربە کەرتی تایبەتە و ئەوان پاڵپشتی هەر پڕۆژەیەکی لەو جۆرە دەکەن کە مۆڵەتی وەبەرهێنانی بە گوێرەی یاسای ژمارە 16ـی وەبەرهێنانی عێراقی بۆ ساڵی 2006 پێدراوە.


PM:04:58:18/05/2023


ئه‌م بابه‌ته 876 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو