پارێزگاری هەولێر: سەگە بێلانەکان دەخەسێندرێن و بەرەڵڵا دەکرێنەوە
دیمەنێک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە
وێستگهنیوزـ
لە شاری هەولێر، زیاتر لە 20 هەزار سەگی بێلانە هەن، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، ئامادەکردنی شێڵتەری تایبەت بە سەگە بێلانەکان لە قۆناخی کۆتاییدایە و ئاماژەی بەوەشکرد، دوای خەساندنیان، سەگەکان بەرەڵڵا دەکرێنەوە.
ئهمڕۆ دووشەممە 15ی ئایاری 2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا كه پهیامنێری وێستگهنیوزیش ئامادهی بوو رایگەیاند، سەگە بێلانەکان لە شێلتەر راناگیرێن و دوای خەساندن و ڤاکسینکردنیان، بەرەڵڵا دەکرێنەوە.
دوای ئەوەی پەلاماردانی هاونیشتمانیان لە لایەن سەگی بێلانەوە لە هەولێر زیادیکرد، بڕیاردرا لە دەرەوەی شار شێڵتەرێک بۆ سەگی بێلانە دروستبکرێت.
شێڵتەرەکە لەسەر 20 دۆنم زەوی لە ناوچەی لاجانە دەستیپێکردووە کە 15 کیلۆمەتر لە ناوەندی هەولێرەوە دوورە؛ ئومێد خۆشناو لەوبارەوە رایگهیاند: ''ئامادەکردنی شێڵتەرەکە لە قۆناخی کۆتاییدایە و دوای تەواوبوونی، میکانیزمی دەستگیرکردنی سەگە بێلانەکان دەستپێدەکەین''.
باسی لهوهشكرد، "لە شێڵتەرەکەدا سەگە بێلانەکان لەناونابردرێن و بەخێویش ناکرێن، بەڵکو دەخەسێندرێن، ڤاکسین دەکرێن و دوایی بەرەڵڵا دەکرێنەوە".
بە وتەی ئومێد خۆشناو، شێڵتەرەکە تەنیا بۆ راگرتنی پڕۆسەی زاوزێی سەگە بێلانەکانە، ''بابەتێکی زۆر دوورمەودا و ستراتیژییە و بەپێی کات ژمارەی ئەم سەگانە کەم دەبێتەوە''.
جگە لەو شێڵتەرە، چەند شێڵتەرێکی دیکە بۆ سەگی بێلانە هەن کە لەلایەن چەند رێکخراوێکی ئاژەڵدۆستەوە دامەزراون. پارێزگاری هەولێر وتی، بۆ کۆکردنەوەی سەگەبێلانەکان پێویستییان بە هاوکاری خەڵکە و هەڵمەتێک رادەگەیهنن بۆ ئەوەی هەر گەنجێک دەیەوێت لە پڕۆسەکەدا بەشدار بێت.
تێچووی ئەم پڕۆژەیە بۆ حکومەت زیاتر لە 450 ملیۆن دینارە و مانگانە نزیکەی 10 ملیۆن دینار بۆ گرتن و کۆکردنەوەی سەگی بێلانە پێویستە.
PM:03:06:15/05/2023
ئهم بابهته 2368
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت