ڤیدیۆ.. بەهێزترین رۆکێت تاوەکو ئێستا پەرەی پێ درابێت لەلایەن کۆمپانیای سپەیس ئێکس تاقیکرایەوە


وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ بەهێزترین رۆکێت تاوەکو ئێستا پەرەی پێ درابێت تاقیکرایەوە بە مەبەستی گەشتکردن بە دەوری زەویدا. ناوی رۆکێتەکە ستارشیپە و لەلایەن کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن مەسکەوە دروستکراوە. 
 
ئەم مووشەکە کەم وێنەیە کاتژمێر 04:28ـی عەسر بەکاتی هەولێر لە ناوچەی بۆکا چیکای ویلایەتی تێکساس هەڵدرا. ئامانج لێی ئاراستەکردنی بەشی سەرەوەی مووشەکەکەیە بە ئاراستەی رۆژهەڵات و بە نزیکەیی گەڕانە بە دەوری زەویدا. رۆکێتی ستارشیپ بەجۆرێک دیزاین کراوە کە دوو هێندەی هێزی پاڵنانی رۆکێتەکانی دیکەی هەبێت. 
 
لەو بارەیەوە، مەسک لە بەرنامەیەکی تویتەر سپەیسدا داوای لە خەڵکی کرد سەبارەت بە پێشبینییەکانیان لەبارەی مووشەکەکە دان بە خۆیاندا بگرن، لەبەر ئەوەی شکستهێنانی تاقیکردنەوەی مووشەک شتێکی دەگمەن نییە. 
 
وتیشی، "یەکەم هەڵدانی موشەکێکی زۆر ئاڵۆز و زەبەلاحە، بۆیە رەنگە هەر هەڵنەدرێت. ئێمە زۆر وریا دەبین، ئەگەر شتێکمان بینی کە نیگەرانمان بکات، ئەوا هەڵدانەکە دوادەخەین. ئەگەریش هەڵی بدەین، بیر لە هەر شتێک دەکەمەوە ببێتە هۆی سەرکەوتنی". 
 
هەزاران کەس خۆیان گەیاندە کەناراوەکانی کەنداوی مەکسیک بۆ ئەوەی ئەم تاقیکارییە تەکنەلۆژییە ببینن.  
 
کەشتییەکە بەجۆرێک دیزاینکراوە دەتواندرێت چەند جارێک بەکاربهێندرێتەوە. مەسک بیر لەو دەکاتەوە لە ماوەی رۆژێکدا چەند جارێک خەڵکی بباتە خولگەی زەوی، بە هەمان شێوەی کە فڕۆکەیەک خەڵکی لە کیشوەرێک بۆ کیشوەرێکی دیکە دەگوازێتەوە. مەسک پێی وایە رۆکێتەکە لە داهاتوودا دەتوانێت گەشت بە خەڵکی ئاسایی بەنێو هەسارەکان بکات. بەشی سەرەوەی ستارشیپ پێشتر لەسەر گەشتی کورت مەودا تاقیکراوەتەوە، بەڵام ئەمە یەکەمجار دەبێت لەگەڵ بەشی خوارەوەی خۆیدا بەرزبێتەوە.
 
رۆکێتی ستارشیپ 120 مەتر درێژە و 33 بزوێنەر لەژێریدا جێگیرکراوە و بە گازی میسان کاردەکەن. خێراییەکەی دوو هێندە و نیوی خێرایی دەنگ دەڕوات، گازەکە بەشی دوو خولەک و 49 چرکە دەکات. دواتر دوو بەشی رۆکێتەکە لەیەکدی جیادەبنەوە و بەشی سەرەوەی کە کەشتییە ئاسمانییەکەی لەسەر جێگیرکراوە، بۆ ماوەی شەش خولەک و 23 چرکە پشت بە پاڵنانی بزوێنەرەکانی دەبەستێت بۆ گەشتکردن. 
 
سپەیس ئێکس دەیەوێت کەشتییەکە بەدەوری زەویدا گەشت پێ بکات و لەدوای خولێکی تەواو بەدوای زەویدا، ئامانجییەتی لە باکووری دوورگەکانی هاوای لە زەریای هێمندا بنیشێتەوە. چاوەڕوان دەکرێت تەواوی گەشتەکە لە 62 خولەکدا ئەنجامبدات. 


PM:05:08:20/04/2023


ئه‌م بابه‌ته 4980 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو