گوندێک بە هۆی لالەنگییەوە ملیۆنەرن


وێستگەنیوز_

گوندی (ئۆماجی) کە سەر بە پارێزگای (کۆچی)یە لە وڵاتی یابان، لەگەڵ ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 900 کەسێکە، کەچی داهاتی ساڵانەیان سێ ملیار یەنی یابانییە (کە بە گۆڕینەوەی ئەمڕۆ لە بۆڕسەی دراوەکانی جیهاندا 23 ملیۆن دۆلار دەکات). 

ئۆماجی؛ گوندێکی دڵگیری سەر زەریای ئارامە، وەکو هەموو بەشێکی جوگرافیای یابان کەمیی ژمارەی دانیشتووان یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی، گوندنشینانی ئۆماجی لە ساڵی 1960ـەوە دەستیان کردووە بە ناشتنی درەختی یوزو (لە ئەوروپا بە مەندرین و بە عەرەبی الیوسفیی و بە کوردییش لالەنگیی پێ دەوترێت).

یوزو؛ لالەنگیی نییە لەو جۆرەی کە خۆمان لە کوردستان دەیناسین و دەیخۆین و بەکاری دەهێنێن، بەڵکو جۆرێکی تایبەتە لە لالەنگیی، دەتوانین بە (زەردەلالەنگی) ناوی بەرین، بەڵام بە گشتیی یەکێکە لە مزرەمەنییەکان، بەڵام بەو جیاوازییەی کە بۆ نموونە یوزو وەکو پرتەقاڵ دەخورێت و شەربەتی لێ درووست دەکرێت، وەکو لیمۆش بۆ خۆشکردنی زەڵاتە بەکار دەهێنرێت و سرکەشی لێ درووست دەکرێت.

یوزو مزرەمەنییەکی دەوڵەمەدە بە ترشی (بەنزویک) و هێما و سومبول و ناسێنەرەوەی یابانە لە دونیادا، نەک هەر بەرەکەی، بەڵکو توێکڵ و شەربەت و دەنکەکەشی وەکو تامخۆشکەرێکی خواردن و شیرینییەکان بەکار دەهێنرێت.

درەختی زەردەلالەنگیی (یوزو) تەواو جیاوازە لەو درەختی لالەنگییەی ئێمە بینیومانە، چونکە درەختی یوزو وەکو دارچنار بە ڕێکی هەڵدەکشێت و زۆرتر لە دارخورما دەچێت، هاوکات دڕکێکی گەورەی هەیە و ناشتن و گەورەکردنی تاقەتپڕووکێنە و مەگەر هەر سەبر و ئارامیی یابانییەکان دەرەقەتی بێت، هەربۆیە پەندێکی کۆنی یابانی هەیە گوزارشت لەم دژوارییەی بەخێوکردنی یوزو دەکات: "قۆخ و کەستەنە 3 ساڵ، کاکیی 8 ساڵ، یوزوی زلحۆرتی دەبەنگ 18 ساڵ".
 
یوزو یەک جۆری نییە، جۆرێکی تایبەتی یوزو هەیە کە بە (میشو یوزو) ناسراوە و گوندنشینانی ئۆماجی زۆر بە فراوانیی ڕوواندوویانە لە زەردەلالەنگیی ئاساییش خزمەت و کاتی زۆرتری دەوێت، گوندنشینان لەپاڵ پەرەدان بە دارستانگەریی (تشجیر الغابات)، لە ساڵی 1960ـەوە خەریکی پەرەدانن بەم درەختە، لەو کاتەوە هەتا ئێستا هەوڵ و کۆششێکی تاقەتپڕووکێنیان داوە هەتا بەری یوزو و شەربەت و سرکەکەشی بەبازاڕ بکەن و زۆری ویستووە هەتا توانیویانە بیکەنە کاڵایەکی بازرگانیی و پارەیەکی باشیان لێی دەست بکەوێت.

ئەم گوندە (کە هەنووکە تەنیا 900 کەسی تێدا دەژی و پێشتر سێ هەزار و 200 کەس بوون)، داهاتی ساڵانەی تەنیا بە هۆی فرۆشی یوزوەوە دەگاتە ٣ ملیار یەن، کە بە گۆڕینی لە بۆڕسەی نێودەوڵەتییدا بە دۆلار دەگاتە 23 ملیۆن دۆلار، واتە هەر تاکێکی گوندنشین مانگانە نزیکەی 30 هەزار دۆلار "سێ دەفتەر دۆلار" داهاتیەتی)؛ ئەوەش داهاتێکی بێ هاوتا و پەرجووئاسایە. 

ئەوەی لەم کارەدا جێی سەرنجە ئەوەیە دانیشتووانی ئۆماجی هیچ جۆرە فێڵ و تەکنیکێکی مۆدێرن بە تایبەتیی پەین و دەرمانی کیمیایی و دەستکارییکردنی جینەتیکییانە؛ بۆ زۆرکردنی بەرهەمەکەیان بەکار ناهێنن و یوزوی گوندەکە بە تەواوەتیی بەرهەمێکی ئۆرگانییە، ئەوەش هێندەی دیکە بەهای بەروبوومی یوزوکەیانی بەرز کردۆتەوە. 

شەربەتی یوزو تامێکی خۆشی هەیە، سرکەکەشی زۆر بەهێز و بەتامە و تاکە یەک دڵۆپەشی دەتوانێت تامی چێشت و زەڵاتەکان بگۆڕێت. لە ڕووی تەندرووستییشەوە بەهایەکی خۆراکیی زۆر بەرزی هەیە و خواردنی تاکە یەک یوزو نزیکەی نیوەی پێداویستیی جەستەی مرۆڤ بۆ ڤیتامین سیی دابین دەکات.


PM:12:03:01/04/2023


ئه‌م بابه‌ته 4268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت