جێگری وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا باس له‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم ده‌كات


وێستگه‌ نیوزـ

كه‌ناڵی رووداو له‌زاری جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ واشنتن داوای لە حکومەتەکانی به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌ کردوە لە رێگەی بۆریی نەوتی نێوان عێراق و تورکیاوە بەردەوامی بە هەناردەکردنی نەوت بدەن .

له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵه‌كه‌، ڤێدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتویه‌تی"پەکخستنی هەناردەکردنی وزە، سوود بە هیچ لایەنێک ناگەیه‌نێت."

"لەوە تێدەگەین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدایە لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێک. وەکو ئەوەی لە مانگی شوباتدا باس کرا، عێراق و ئەمریکا کۆمیسیۆنێکیان لە واشنتن پێکهێناوە، بەرپرسانی ئەمریکا داوا لە بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن کێشەی بودجە و هایدرۆکارۆبۆن چارەسەر بکەن تا سوود بە عێراقییەکان بگەیێنن." جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وای وتوه‌.

لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان و راپۆرتەکەی فۆرین پۆڵسی کە کۆنسوڵی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی بڵاویكرده‌وه‌و دواتر سڕییه‌وه‌، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: " ئەو پۆستەکەی کۆنسوڵی ئەمریکای نەبینیوە لە سۆشیاڵمیدیا، عێراق و هەرێمی کوردستان هاوپەیمانی ستراتیجی ئێمەن، ئێمە بەرپرسیارێتییەکی درێژخایەنمان بۆ ئەم هەرێمە هەیە."

"مانگی تەمموزی 2021، دیالۆگێکی ستراتیژی لەنێوان نوێنەرانی ئەمریکا و عێراق بەڕێوەچوو و باس لە پەرەدان بە ستراتیژی داهاتووی هەردوولا کراوە، نەک تەنیا لە رووی ئاسایشەوە بەڵکو لە رووی ئابووری، کولتووری، پەروەردە، ژینگە و تەندروستیش." ڤێدانت پاتێل وای به‌ كه‌ناڵی رووداو وتوه‌.


PM:10:40:27/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 4096 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت