كه‌ش و هه‌وای‌ 48 كاتژمێری‌ داهاتوو راگه‌یه‌ندرا


وێستگه‌نیوز-
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ كه‌شناسی‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ هه‌رێم‌ رایگه‌یاند كه‌ له‌ پاش نیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆوه‌ دابارین بۆ شێوه‌ی تاوه‌ باران و بروسكه‌ ده‌گۆڕێت و سبه‌ینێ‌ دۆخی‌ كه‌ش و هه‌وا ئاسایی ده‌بێته‌وه‌.


به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ كه‌شناسی‌ هه‌رێم له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 27ی‌ ئادار ئاسمان به‌درێژایی كاته‌كاندا هه‌وری باراناوی ده‌بێت له‌ ته‌واوی ناوچه‌كانی هه‌رێم و له‌كاته‌كانی دوایی نیوه‌ڕۆ دابارین بۆ شێوه‌ی تاوه‌ باران و بروسكه‌ ده‌گۆڕێت، پاشان بۆ ئێواره‌ كاریگه‌ریه‌كه‌ی له‌زۆربه‌ی شوێنه‌كان كه‌م ده‌بێته‌وه‌ بۆ شێوه‌ی نمه‌ بارانی پچڕپچڕ له‌ناوچه‌ شاخاویه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی هه‌ڕێم".

كه‌شناسی‌ ده‌ڵێت: "پله‌كانی گه‌رما نزم ده‌بێته‌وه‌ به‌ (1-3)  پله‌ به‌ به‌راوورد به‌ تۆماركراوه‌كانی رۆژی‌ پێشوو، خێرای با  10 – 20  كیلۆمه‌تر ده‌بێت له‌ كاتژمێرێكدا و ئاراسته‌ی با گۆڕاو و مه‌ودای بینین 6 - 8 كیلۆمه‌تر ده‌بێت".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "سبه‌ینێ‌ سێشه‌ممه‌ 28- 3- 2023 ئاسمان هه‌ور ده‌بێت پاشان بۆ نیمچه‌ هه‌ور ده‌گۆرێت، له‌كاته‌كانی نیوه‌ڕۆ تاكو ئێواره‌ ئه‌گه‌ری دابارینی نمه‌ بارانی كه‌م هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌شاخاوییه‌كان و به‌رێژه‌ی زیاتر له‌ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی هه‌رێم و له‌كاته‌كانی شه‌ودا كه‌ش له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كان جێگیر ده‌بێته‌وه‌".

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "پله‌كانی‌ گه‌رما به‌رز ده‌بێته‌وه‌ به‌ (2-3) پله‌ به‌راوورد به‌ تۆماره‌كانی ئه‌مڕۆ. خێرایی با  15 – 20 كیلۆمه‌تر ده‌بێت له‌ كاتژمێرێكدا و له‌كاته‌كانی به‌یانی تاكو دوای نیوه‌ڕۆ كه‌مێك چالاك ده‌بێ بۆ سه‌روی 35 كیلۆمه‌تر و ئاراسته‌ی با باكووری خۆرئاوا و مه‌ودای بینین 8 - 10 كیلۆمه‌تر ده‌بێت".


AM:09:59:27/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 8244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت