ڕووسیا: سوپای ئەمریکا 300 تۆن یۆرانیۆمی لە عێراقدا بەکارهێناوە


وێستگەنیوز_

وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند هێزەکانی سوپای ئەمریکا لەنێوان ساڵانی 2003-2004، نزیکەی 300 تۆن یۆرانیۆمی لە جەنگی داگیرکردنی عێراقدا بەکارهێناوە.

ئیگۆر  کیریلۆڤ؛ سەرکردەی هێزە پارێزەرەکان لە هێرشی ناوکی و کیمیایی و بایۆلۆژیی سەر بە سوپای ڕووسیا ئاشکرای کرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کاتی داگیرکردنی عێراق و تەنیا لە ماوەی یەک ساڵدا 2003-2004، نزیکەی 300 تۆن یۆرانیۆمی لەو وڵاتەدا بەکارهێناوە کە بۆتە هۆی وێرانکارییەکی زۆر و ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتییانی عێراقی تووشی چەندین جۆری نەخۆشیی بوون بە کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی ئەو چەکانە.

ئەو سەرکردە سەربازییە ڕایگەیاند کە لەو ماوەیەدا واشنتۆن بڕێکی زۆر لەو چەکانەی هەڵگری یۆرانیۆمن ئاراستەی کۆمەڵێک ئامانج کردووە لە شارەکانی: عەمارە، بەغداد، بەسڕە، کەربەلا و فەللووجە. بە وتەی کیریلۆڤ دۆخی تیشکاوەری لە شاری فەللووجە بە هۆی بەکارهێنانی ئەو یۆرانیۆمەوە زۆر لەوە خراپترە کە لە هەردوو شاری هێرۆشیما و ناگازاگی هەبوون، دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا لە کۆتاییەکانی جەنگی جیهانییدا بە دوو بۆمبی ئەتۆمیی بۆردوومانی کردن، کیریلۆڤ وتی "شاری فەللوجە چێڕنۆبڵی دووەمە".

بەوتەی کیریلۆڤ و بە پشتبەستن بە داتاکانی حکومەتی عێراق، لە دوای ساڵی 2005ـەوە، ڕێژەی تووشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە لە 40 کەسەوە بۆ 1600 کەس لە هەر 100 هەزار کەسێکدا بەرزبۆتەوە. بەوهۆیەشەوە بوو کە بەغداد لە 26ـی 12ـی 2020، سکاڵایەکی یاسایی لە دادگای ناوبژیی نێودەوڵەتی لە ستۆکهۆڵم لە دژی واشنتن تۆمار کرد و داوای قەرەبووی ئەو زیانانەی کرد کە بەهۆی ئەو چەکانەوە تووشی هاتووە.

ئەو یۆرانیۆمەی کیریلۆڤ ئاماژەی بۆ دەکات جۆرە یۆرانیۆمێکە کە بە یۆرانیۆمی لاواز (Depleted uranium) ناو دەبرێت و جیاوازە لە یۆرانیۆمی پیتێنراو، یۆرانیۆمی لاواز بەرهەم یان پاشماوەی ئەو پرۆسێسانەیە کە لە بەکارهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراوەوە دەمێنێتەوە، ئەم جۆرە یۆرانیۆمە وەکو باروود یان سووتەمەنی بۆمبی گەورەی فڕۆکە و گووللەی تۆپ و هاوەن و هەروەها وەکو باروودی مووشەکی ئاراستەکراویش بەکار دەهێنرێت و توانایەکی گەورەی وێرانکاریی و ڕووخاندن و کونکردنی هەیە، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانیشی ئەوەیە کە پاش تەقینەوەی ناوچەی سنووری تەقینەوەکە بە تیشکێکی مامناوەندی ناوکیی بارگاویی دەکات کە کاریگەرییەکەی بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە و دەبێتە هۆی چەندین نەخۆشیی و حاڵەتی تەندرووستی.


PM:02:39:25/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 1396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت