به‌ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان هێرشكرایه‌سه‌ر بنکەی کێڵگەی نەوتی عومەر له‌ رۆژئاوای كوردستان


وێستگه‌ نیوزـ

ئه‌مشه‌و ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌ی به‌هێز له‌ سه‌ر سنوری نێوان عێراق و سوریا بیسترا و سه‌ره‌تا سه‌رچاوه‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ نه‌ده‌زانرا، دواتر هێزه‌كانی سوریای دیموكرات ئاشكرایكرد كه‌ به‌ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان هێرشكرایه‌سه‌ر بنکەی کێڵگەی نەوتی عومەر و زیانی گیانی له‌ناو سوپای ئه‌مریكادا هه‌بووه‌ كه‌ له‌ بنكه‌كه‌دا جێگیرن.

فه‌رمانده‌یی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایگه‌یاند، له‌ رێگه‌ی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانه‌وه‌ هێرشكراوه‌ته‌ سەر بنکەی هاوبەشی هێزەکانیان و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و به‌ڵێنده‌رێكی سه‌ربه‌ ئه‌مریكا كوژراوه‌ و پێنج سه‌ربازی دیكه‌ش برینداربون.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا (هەسەدە) باسی له‌وه‌شكردوه‌ كه‌ شارۆچکەی زیبان لە رۆژهەڵاتی دێره‌زور بە دەیان موشەک کرایە ئامانج، سەرچاوەی تۆپبارانەکە ئەو ناوچانەن کە لە لای ڕۆژئاوای ڕوباری فورات لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی حکومەتی دیمەشقدان، 2 تۆپ بەر ماڵی کەسێکی مه‌ده‌نی کەوت و لە ئەنجامدا ژنێک و کچەکەی برینداربون.

"هێزەکانمان شەڕێکی گەورەیان لە دژی ڕێکخراوی داعش کرد و سەرکەوتنێکیان لە باهۆز لە دژی داعش بەدەستهێنا، شەڕی هاوبەشمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستی و بیرۆکە توندڕەوەکانی بەردەوام دەبێت". هه‌سه‌ده‌ وای وتوه‌.

ده‌شڵێت، "ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و سەربازییەکان چڕتر دەبنەوە تا شانەکانی ڕێکخراوی داعش لەناودەچن و کۆتایی بە هەڕەشەکانیان لە ناوچەکە دەهێنن، بەمەش سەقامگیری و ئاسایش و پاراستنی دانیشتوان گەرەنتی دەکرێت".


PM:11:14:24/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 2028 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت