ڕۆژنامەی ئەلعەرەب: ئەردۆغان بۆ سوودانی "ئاو بەرامبەر رێککەوتن دژی کورد"


وێستگەنیوز_

ڕۆژنامەی العرب لە ژمارە 12721ـی ئەمڕۆیدا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە و ئاماژەی دەڵێت: لە سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی بۆ تورکیا و لە میانەی داواکاریی سوودانی بۆ بەردانەوەی ئاوی زیاتر بۆ عێراق؛ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان داوای هەماهەنگیی عێراقی کردووە لە بەرامبەر پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).

ڕۆژنامەکە لە راپۆرتەکەیدا باس لەوە دەکات: "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆکی تورکیا لە بەرامبەر هەوڵەکانی محەممەد شیاع سوودانی بۆ بەردانەوەی بڕە ئاوێکی زۆرتر بە پێشنیارێکی مەرجدار کە بریتییە لە بەردانەوەی بڕە ئاوێکی زیادەی سنووردار و بۆ ماوەی یەک مانگ لە ئاوی ڕووباری دیجلە بەرانبەر زیادکردنی هەماهەنگیی دژی کوردەکان وەڵام داوەتەوە".

ڕۆژنامەکە نووسیویەشیەتی: "سەرۆکی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی هاوبەش لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراقدا وتی: "بڕیارمان دا بە پێی توانا بڕی ئاوی هەڵقوڵاو لە ڕووباری دیجلە و بۆ ماوەی یەک مانگ زیاد بکەین لەپێناوی ئەوەی عێراق دۆخی کەمئاویی تێپەڕێنێت"، پێدەچێت ئەم پێشنیارە زۆر لەوە کەمتر بێت کە سوودانی بەئومێد بوو لەم سەردانەیدا بەدەستی بهێنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کەمبوونەوەی پشکی عێراق لەو ڕووبارە کە هاوکاتە لەگەڵ شەپۆلێکی بەرفراوانی وشکەساڵیی کە لە کەرتی کشتوکاڵی وڵاتەکەی داوە".

لە درێژەی بابەتەکەدا ڕۆژنامەکە نووسیویەتی: "لە بەرامبەر ئەم پێشنیارە سنووردارەی بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق ئەردۆغان مەرجی ئەوەی هەیە حکوومەتی عێراق پارتی کرێکارانی کوردستان وەکو: "ڕێکخراوێکی تێرۆریستیی بناسێنێت و وڵاتەکەی لەم ڕێکخراوە دەستسوورە بە خوێن پاک بکاتەوە".

بە وتەی هەندێک لە چاودێران کە ڕۆژنامەکە بۆچوونیانی وەرگرتووە ئەم داواکارییە عێراق دەکاتە هاوبەشی توورکیا لە جەنگ دژی حیزبە کوردییەکە، هەروەها لە دهاتووشدا دەبێتە ڕێگر لە هەر داواکارییەکی عێراق بۆ کشانەوەی هێزە توورکییەکان لە باکووری عێراق چونکە ئەگەر بەغداد ئەوە جێبەجێ بکات کە ئەنقەرە داوای دەکات ددانی ناوە بە ڕەوایەتیی دەستێوەردانی سەربازیی توورکیا و دەستخۆشییشی لێ کردووە.


AM:11:30:22/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 1808 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو