وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا: هیچ زانیارییەکمان لەبارەی هێلیکۆپتەرەکەی دهۆک نییە


وێستگەنیوز_

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکانی هەسەدە لە سنووری پارێزگای دهۆک رایگەیاند، "بەهیچ شێوەیەک پەیوەندییان بەو رووداوەوە نەبووە و هیچ زانیارییەکی پێشوەختەشیان لەبارەیەوە نەبووە."
 
شەوی رابردوو 21ی ئاداری 2023، ژەنەڕاڵ پاتریک رایدەر، وتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند، "وەک سوپای ئەمریکا هیچ زانیارییەکیان لەسەر کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکانی هەفتەی رابردووی هەسەدە لە باشووری کوردستان نەبووە." 
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمریکا هیچ پەیوەندییەک یان بەشداریی گەشتە هێلیکۆپتەرەکەی هەسەدە نییە. هەسەدە هێزێکی سەربەخۆیە و خۆیان ئۆپەراسیۆنی تایبەتی دەکەن. ئێمە بەردەوام هاوبەشی هەسەدەین لە ئۆپەراسیۆنەکانی لەناوبردنی داعش و جارێکی دیکە دەیڵێینەوە نە ئەمریکا و نە هاوپەیمانان پەیوەندییان بە رووداوی هەلیکۆپتەرەکەوە نەبووە یان هیچ زانیارییەکمان نەبووە پێش ئەوەی هێلیکۆپتەرەکە بەڕێبکەوێت." 
 
ئەمە پاش ئەوە دێت، رۆژی چوارشەممەی رابردوو 15ی ئادار، لە نزیک گوندی بێرکیات لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک پاشماوەی هێلیکۆپتەرێکی تێکشکاو دۆزرایەوە. دوو رۆژ دواتر هەسەدە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، "دوو هێلیکۆپتەر بوون و نۆ شەڕڤانمان شەهید بوون." 
 
هەسەدە وتی، ئەو دوو هێلیکۆپتەرە لە کاتی گواستنەوەی هێزێکی دژەتیرۆری سەر بە ئەوان لە کاتێکدا لە رێگەدا بوون بۆ شاری سلێمانی، لە سنووری پارێزگای دهۆک بەهۆی "نالەباری کەشوهەوا" تێکشکاون.
 
پاتریک رایدەر جەختیشیکردەوە لەوەی: "هەسەدە هاوبەشێکی گرنگ بووە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و بەردەوامیش دەبین لە هاوبەشیکردنی هەسەدە بۆ لەنێوبردنی یەکجارەکی داعش. ئێمە لەسەرانسەری جیهان مەشق بە زۆر هێز دەکەین و زۆریشیان ئۆپەراسیۆنی خۆیان دەکەن، لەم رووداوەشدا هیچ بەشداربوونێکمان نەبوو." 


AM:10:05:22/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 6564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت