خوێندنەوەیەك بۆ ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمريكا سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ


وێستگەنیوز_ بارزان محەمەد رەشید_ واشنتۆن

رۆژی 20ـی ئازاری 2023، وەزارەتی دەرەوەی ويلایەتە یەكگرتووەکانی ئەمريكا ڕاپۆرتی ساڵانەی سەبارەت بە پیادەکردنی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتان، بڵاوکردەوە. بەشێکی راپۆرتەکە کە 75 لاپەڕەیە، تەرخانە بۆ عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا 44 جار ناوی کورد/کوردستان هاتووە، بەڵام ئەوە نەبێت هەموو جارێک بە نەرێنی. 

وڵاتان و حکومەتەکان ئەگەر بۆچوونێکی جیاوازیشیان سەبارەت ناوەڕۆك، فاکت، یاخود بۆچوونی ناو ڕاپۆرتەکە هەبێت، تەنانەت ئەگەر بە ناڕاست و نادادی بزانن، هێشتا هەر زێدە پێویستە ئەو دەستگا و لایەنانەی وڵاتەکە کە ناویان لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە بە جددیی کار لەسەر ئەو خاڵانە بکەن و بە هەندی وەربگرن، و ڕەچاوی هەر ناڕێکییەک بکەن کە ڕاپۆرتەکە ئاماژەی پێکردووە، هەروەها  وا پەسەندە ئەو لایەنانەی ناویان هاتووە خۆیان دوور بگرن لە دەرکردنی بەیاننامە و بەرسڤی  وتم-وتی، و دوورە-لە-ڕاستی، و "لا أساس لها من الصحة."

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە پارتی و یەكێتی دوو دەزگای جیا و سەربەخۆی ئاسایش و پێشمەرگەیان هەیە، هەمان شت دەڵێت بۆ دەستگای هەواڵگری و هێزەکانی پۆلیس، و بۆ یەکەمیان دەڵێت هەر بە ناو سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانن و بۆ دووەمیان دەڵێت هەر بە ناو لەژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی ناوخۆن. کاریگەری ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بە سانایی لەژێردێڕەکان دەخوێنیتەوە.

دیارە ناکۆکییەکانی نێوان حزبەکانی کوردستان، بە تایبەتی پارتی و یەکێتی، سەبارەت بە سیاسەتی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و سەبارەت بە سیاسەت لە هەمبەر عێراق، و لە هەمبەر وڵاتانی زلهێزی ناوچەکە و جیهان، هەروەها دیاردەی دوو دەزگا وەك ئاسایش و هەواڵگری و پێشمەرگە و هتد، تەنانەت دووکەرتبوونی سەرچاوەکانی دارایی و دووکەرتبوونی پرۆسەی کۆکردنەوە و بەڕێوەبردن و دابەشکردنی داهاتەکان، هەڕەشەی جددین لەسەر بەردەوامێتیی هاوکاریی نێودەوڵەتیی و هاوپەیمانان بۆ هەندێک دەستگای پڕبایەخی هەرێمی کوردستان و تەنانەت هەڕەشەی گەورەن لەسەر سەقامگیری و تەنانەت قەوارەی هەرێمی کوردستان. هیچ شتێک هێندەی نەسازان و ترازان و نەبوونی کۆدەنگی نێوان پارتی و یەکێتی، زیانی بە سومعە و پێگە و هەڵوێستی کورد نەگەیاندووە.

ڕاپۆرتەکە هەروەها باسی هێرشە موشەکیەکانی ئێرانی تێدایە بۆ سەر حزبە بەرهەڵستکارەکانی ئەو وڵاتە، لە هەرێمی کوردستان. 

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئایاری ساڵی پار بڕیارێکی دەرکردووە بۆ سەرجەم دەزگا و وەزارەتەکانی حکومەت کە دەبێت ناوبەناو راپۆرت بدەن بە نووسینگەی رێکخەری ڕاسپاردەی نێودەوڵەتی-حکومەتی هەرێم، دەربارەی بەرەوپێشبردنی جێبەجێکردنی پلانی چوار ساڵە تایبەت بە ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ. بڕیارەکان یان دەبێت بڕیاری نوێی باشتر جێگەیان بگرێتەوە یان دەبێت پیادە بکرێن، هێشتنەوەیان بە هەڵپەسێردراوی زیانی دەبێت. 

لە لاپەڕە 43 باسی پەرلەمانی کوردستان دەکات و تێیدا هاتووە "پەرلەمانی کوردستانی عێراق لە 9ی ئۆکتۆبەری 2022 تەمەنی خۆی بۆ ساڵێک درێژ کردەوە، و بەم شێوەیەش هەڵبژاردنی شەشەمینی پەرلەمانی کوردستان، کە بڕیار بوو لە ئۆکتۆبەر ساز بکرێت، بۆ کاتێکی دیارینەکراو لە 2023 دواخست . نێردەی تایبەتی یونامی، داوای لە بەرپرسانی پەرلەمانی کوردستانی عێراق کرد لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردنەکان ساز بکەن و ڕێز لە پرەنسیپە سەرەکییەکانی دیمۆکراسی بگرن".

گەلان باشترە هەڵبژاردنی پێشوەخت ساز بکەن وەک لە هەڵبژاردنی پاشوەخت. هەڵبژاردن کێشەی زۆری هەیە،  بێجگە لە خۆمان، گرفت-دروستکەری تریش هەیە. پێشتر هەواڵێک هەبوو کە دادگای فیدراڵی بڕیاری نادەستوریبونی داوە بەسەر سێ مادە یان تەواوی بەدەنی «کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان». ئەم چێشتە کۆنە لەگەڵ مشتومڕ لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پاشوەخت، دیسان دەخرێتەوە مایکرۆوەیڤ. تا ئێستا دوو هێزە سەرەکییەکە ناتەبان لەسەر کات و رێوشوێن و میکانیزمەکانی خودی هەڵبژاردن، هیوادارم رێککەوتن لەسەر سازکردنی هەڵبژاردن پێویستی بە هەڵبژاردنێك یان ریفراندۆمێک نەبێت. ئەوەی پێی دەگوترێت دادگای فیدراڵی، دانیشتنێک لە بەرنامەیدایە سەبارەت بە نایاسایەتیی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، کە ئەمەش بۆسەیەکی ترە. 

لە لاپەڕە 44ی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە  30 دەرسەتی کورسییەکانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان بۆ ئافرەتانە، و لە کۆی 111 کورسی، 11 کورسیی بۆ پێکهاتەکانە، و هەروەها تێیدا هاتووە کە لە عێراق و کوردستان حزبە سەرەکییەکان شەراکەت یان حزبێک دروست دەکەن بۆ کەمینەکان  و هانی خەڵک دەدەن دەنگ بەم حزبانە بدەن. سێبەری ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی بەسەر زۆر بابەتی ناو ڕاپۆرتەکەدا کشاوە. 

هەروەها لە چەند شوێنێک ئاماژە بە ڕاپۆرتەکانی میدیا  و مامەڵە لەگەڵ میدیاکاران کراوە. ڕاستییەکەی بۆ ئەو وڵاتانەی ڕاپۆرتەکە ناویان دەهێنێت،  زۆر گرنگە کە لێدوان و خەڵات و راپۆرتەکانی وەزارەتی دەرەوە بە هەند وەربگرن، ئەگەرچی لەگەڵیشی ناکۆک بن. هەر تەنها بە نەفرەتکردنی ئەو وەزارەتانە یان ئەو ڕاپۆرتانەی بە دڵمان نیین، بەس نییە بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکان و هەڕەشەکان.

وەها پەسەندە کە پردێک دروست بکرێت لە لایەك لە نێوان راپۆرتە نافەرمییە ناوخۆییەکان و ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی وەك ئەمەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمريكا، لەگەڵ لایەکەی تر کە بریتییە لە ڕاپۆرتی فەرمیی ناوخۆیی، بە مەبەستی  پێک گەیاندن یان نزیککردنەوەی هەردوو بۆچوونەکە و نەهێشتن یان کەمکردنەوەی ئەو بۆشاییە. شایانی باسە کە دروستکردنی ئەو پردە لەسەر موددەعی نیە. 

جێێ سەرنجە لە چەند شوێنێکیش ئاماژە بە هەندێک هەنگاو کراوە، کە بە ئەرێنی دادەنرێن بۆ هەرێمی کوردستان. لە شوێنێک باسی گەندەڵی دەکات و تێیدا هاتووە کە هەندێک هەنگاو نراوە بۆ دەستنیشانکردن و لێپێچینەوە و دادگایی و سزادانی هەندێک گەندەڵ. 

ئەگەر شەفافییەت بەردی بناغەی دەوڵەتداری بێت، ئەوا گەندەڵیی تێرمایتی باڵەخانەکەیە. ڕاستییەکەی وەک کوردێکی دانیشتووی ئەمريکا و چالاکوانێک پێم وایە کە ژێر دێڕەکانی ڕاپۆرتەکە گرنگترن  تەنانەت لەو خاڵانەی باسکراون. من  پێم وایە نەبوونی بەڵگە لەسەر بەرپرسێکی تۆمەتبار بە گەندەڵیی، نابێت بە بەڵگەی ئەوەی کە کە ئەو بەرپرسە گەندەڵ نییە. پێویستە لایەنی تۆمەتبارکراو نەك موددەعی، بوون یا نەبوونی گەندەڵییەکە بسەلمێنێت. دەکرێت گەندەڵیی لە چەند دۆلارێکیشدا بکرێت کە پارەی گشتییە، و بەدبەکارهێنانی دەسەڵات دەکرێت لە لایەن بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەیەکی بچووکیشەوە ڕووبدات. 

پێویستە وڵاتان نیگەرانییەکانی دووتوێ و ژێردێڕەکانی ڕاپۆرتەکان بە جددی وەربگرن نەك بە ڕاگوزاری، هەر بە تەنها سەرکۆنە و بە نەفرەتکردن یان تۆمەتبارکردنی ئەو وەزارەتانە یان ئەو ڕاپۆرتانە بە دژایەتی و دوژمنایەتی، زایەڵەیەکی ئەوتۆی نابێت.

بۆ بینینی تەواوی ڕاپۆرتەکە تایبەت بە عێراق و هەرێمی کوردستان، کلیک بکە

No description available.


AM:09:12:22/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 1464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو